گفتوگۆكانى رێككه‌وتنى ئه‌تۆمى ئێران به‌ره‌و پێش ده‌چن ئێران

نوچه‌نێت

عه‌باس عراقچى دیپلۆماتکاری باڵای تاران ڕایگەیاندووه‌، لێکتێنگەیشتنێک له‌ گفتوگۆكان لە ئارادایە. هاوکات نوێنەرانی چین و یەکێتی ئەوروپایش به‌ هه‌مان شێوه‌ باسیان لە پێشکەوتنی گفتوگۆکان کردووه‌.

ڕۆژی شەممە ١٧ی نیسانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "یورۆنیۆز" بڵاوی کردەوە، عەباس عەراقچی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران دوای کۆبوونەوەی کۆمسیۆنی هاوبەشی ڕێکكەوتنی ئەتۆمی لە ڤیێنا ڕایگەیاند: "پێدەچێت لێکتێگەیشتنێکی نوێ هاتووەتە ئاراوە. گفتوگۆکان لە ئێستادا گەیشتوونەتە قۆناغێک کە لایەنەکان دەتوانن لەسەر دەقێکی هاوبەش کار بکەن". هەروەها وتوویه‌تی شاندی ئێرانی دەقەکەی خۆی ئامادە کردووە و ڕادەستی هەموو لایەنەکانی کردووە.

عەراقچی وتی، "جارێکی تر کۆبوونەوەی کۆمسیۆنی هاوبەش بە مەبەستی لێکدانەوەی گفتوگۆکان سەبارەت بە هەڵوەشانەوەی گەمارۆکان و چالاکییە ئەتۆمییەکان بەڕێوە چوو و ڕاپۆرتەکانی لیژنەکان خوێندرانەوە و باسیان لەسەر کرا".

عەراقچی جەختی کردەوە هەموو لایەنەکان سەبارەت بە ئامانجی کۆتایی کۆدەنگن و ئەو هەناگاوانەی پێویستە بنرێن ڕوون بوونەتەوە.

عەباس عەراقچی وێرای ئاماژەکردن بەوەی کە ئێران گفتوگۆی پووکێنەر و درێژخایەنی پێ باش نییە، وتی، "شاندی ئێران دەقی خوازراوی خۆی سەبارەت بە چالاکییە ئەتۆمییەکان و هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان ئامادە کردووە و ڕادەستی هەموو لایەنەکانی کردووە و ئەو دەقە دەتوانێ بنەمای گفتوگۆکان و گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی بێت".

دوایین خولی گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران و ئەندامانی تری ئەو ڕێککەوتنە لە ڕۆژی پێنجشەمەوە لە هوتێکێک لە ڤیێنا دەستی پێ کردووە. نوێنەری ئەمریکاش لە وڵاتی نەمسایە بەڵام ئێران دەڵێت بە شێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا گفتوگۆ ناکات.

وانگ کان نوێنەری چین کە لەو گفتوگۆیانەدا ئامادەیە پێشتر گوتبووی هەموو لایەنەکان سەبارەت بە خێراکردنەوەی هەوڵەکان لە هەندێ بوار و لەوانە هەڵوەشانەوەی گەمارۆکان ڕێککەوتوون. هەروەها وتیشی "هیوادارین لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کۆمیسیۆنی هاوبەشی ڕێککەوتنی ئەتۆمی گفتوگۆکان دەربارەی شێوازێکی تایبەت بۆ هەڵوەشانەوەی گەمارۆکان دەست پێ بکاتەوە".

میخاییل ئولیانۆف، سەرۆکی شاندی ڕووسیا لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە تویتەر ڕایگەیاند، بە مەبەستی بەردەوامبوون لە پێشکەوتنەکان، ئێوارەی ڕۆژانی شەممە، یەکشەممە و هەروەها هەفتەی داهاتوو دیسان کۆدەبنەوە.

ئەنریکە مورا، نوێنەری کۆمیسیۆنی ئەوروپا کە سەرۆکایەتی دوایین کۆبوونەوەکەی لە ئەستۆ بوو لە ئەکاوەنتی تویتەری خۆی نووسی "لە پرسێکی ئێجگار دژواردا، پێشکەوتن هاتووەتە ئاراوە".

هەروەها جەختی کردەوە لە ئێستادا پێویستە باسی وردەکارییەکان بکرێت، "گرنگە هەموو لایەنەکان پەبەندی ئامانجی هاوبەش بن، کە بریتییە لە گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی و جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە بە تەواوەتی".

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین