وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل: ئێران پشتگیریی لە تیرۆریستان دەکات ئێران

نوچەنێت:

دوای ئەوەی سوپای پاسدارانی ئێران کەشتییەکی دەستى بەسەر ئیسرائیلی لە گەرووی هورمز داگرت، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئێران چەتەکاری دەکات و پاڵپشتی تیرۆریستان دەکات دەبێت سزا بدرێت.

ڕۆژی شەممە (13/نیسان/2024) ماڵپەڕی (شەرقولئەوسەت) بڵاویکردەوە، یسرائیل کاتس، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل جەختی لەسەر تاوانکارییەکانی ئێران کردەوە بەرانبەر بە ئیسرائیل و گوتی، "ڕژێمی ئێران پاڵپشتی تاوانکاری دەکات و پشتیوانی حەماسی تیرۆریست دەکات، داوا لە یەکێتیی ئەوروپا و جیهان دەکەم دەستبەجێ سوپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێنن و سزای ئێران بدەن".

ئەدمیڕاڵ دانیال هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "ئێران مەبەستییەتی بارودۆخەکە زیاتر ئاڵۆز بکات، ئێمە ئامادەی هەر بەرپەرچدانەوەیەکین، بەردەوام دەبین لە پاراستنی ئیسرائیل لە هەر هێرشێکی ئێران".

هەر سەبارەت بە گرژییەکانی ئێران و ئیسرائیل گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، "ئەگەر گرژییەکان پەرەبسێنن، ئەوا ئێران خۆی دەرئەنجامەکان دەبینێت و زەرەرمەندی سەرەکی دەبێت."

بەهۆی جەنگی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماسەوە تا دێت هەڕەشەکانی ئێران و ئیسرائیل بۆ یەکتر زیاتر دەبن، وڵاتان هۆشدارییان داوە لە ئەگەری هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین