هێرشەکەی ئیسرائیل لە ئێران بنکەی راداری نەتەنزی کردۆتە ئامانج ئێران

نوچەنێت

بەگوێرەی سەرچاوەکان، ئیسرائیل لە رێگەی سێ مووشەکەوە بەرەبەیانی رۆژی هەینی سیستەمی راداری بەرگری ئاسمانی کە بەرپرسە لە پاراستنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی نەتەنز لە ئیسفەهان کردووەتە ئامانج.

ڕۆژی شەممە (20/ نیسان/ 2024)، العربیە لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، کەناڵی تەلەفزیۆنی "ئەی بی سی نیوز" لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی رۆژی هەینی، لە هێرشێکی زۆر سنوورداردا، سێ مووشەک لە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلەوە ئاراستەی دامەزراوەیەک لە ئێران کران، کە ئەویش سیستەمی بەرگری ئاسمانی دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنز لە ئیسفەهان کردۆتە ئامانج.

لە کاردانەوە بە ئەم هێرشە، بەرپرسێکی باڵای کۆمارییەکان لە لیژنەی زانیاری ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا رایگەیاند، کە وەڵامی ئیسرائیل بۆ ئێران "گونجاو" بووە.

بەرپرسێکی ئیسرائیل-یش بە "واشنتۆن پۆست"ی راگەیاندووە، هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئیسفەهان "هەڵسەنگاندنی زۆر ووردی" بۆ کرا.

هەروەها سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی بە رۆژنامەی "ئۆرشەلیم پۆست"ی گوتووە، پەیامی ئیسرائیل بۆ بەرپرسانی تاران روونە، کە دەتوانێت شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران بکاتە ئامانج و زیانیان پێبگەیەنێت.

سەرچاوەیەکی سەربازیی ئەمریکی بە "فۆکس نیوز"ی گوتووە، سیستەمی بەرگری ئاسمانی دروستکراوی رووسیا لە بنکەی سەربازی ئیسفەهان، ناکارایی خۆیان پیشاندا.

بەپێی وێنەکانی مانگی دەستکردی تایبەت، کە "سی ئێن ئێن" لە "ئامبرا سپەیس"ەوە دەستی کەوتووە، پێناچێت زیانێکی بەرفراوان بە بنکەی ئاسمانی ئیسفەهان، کە دەگوترێت ئامانجی هێرشی سەربازییەکەی ئیسرائیل بووە، گەیشتبێت.

لە بەرامبەر ئەم پێشهاتانەدا، حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئیسفەهان لەلایەن درۆنی بچووکەوە کراوەتە ئامانج، کە زیانی مرۆیی و ماددییان نەبووە. جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەگەر ئیسرائیل جارێکی تر هێرش بکاتە سەرمان، ئەوا بەپەلە رێوشوێنی بەرامبەر دەگرینەبەر.

وەزیری دەرەوەی ئێران، چەند کاتژمێرێک دواتر، دوای روونبوونەوەی وردەکاری زیاتر، سەبارەت بەم هێرشە، بە تۆنێکی توندتر جەختی لەوە کردەوە، کە وڵاتەکەی بە هێزێکی زیاترەوە بە هەر هەڵەیەکی ئیسرائیل وەڵام دەداتەوە.

سەرچاوە: العربیە

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین