لەبارەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران زانیاری نوێ دەخرێتەڕوو ئێران

نوچەنێت

بە تێپەڕبوونی نزیکەی 20 رۆژ بەسەر هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر باڵەخانەی سەر بە کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سوریا، هێشتا هەندێک وردەکاری ئەم هێرشە شاراوەن و "بلومبێرگ" زانیاری نوێی لەوبارەیەوە ئاشکرا کرد.

رۆژی یەکشەممە (21/ نیسان/ 2024)، العربیە لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، ئاژانسی هەواڵی "بلومبێرگ" زانیاری نوێی لەبارەی بەئامانجکردنی بینای کونسوڵخانەکەی ئێران لە سووریا ئاشکرا دەکات و دەڵێت، بەپێی سەرچاوەکان، هێرش بۆ سەر باڵەخانەی سەر بە کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق، بووە هۆی کوژرانی تەواوی فەرماندەکانی بەرپرسی چالاکییەکانی سوپای پاسداران لە سووریا و لوبنان.

سەرچاوە ئاگادارەکان دەڵێن، فەریق محەممەد رەزا زاهیدی و جێگرەکەی محەمەدهادی رەحیمی و فەرماندەکانی دیکەی کوژراو لەو هێرشەی ئیسرائیلدا، دڵنیابوون لەوەی بینای کونسوڵخانەی تەنیشت باڵیۆزخانەی ئێران "سەلامەتترین شوێن"ە لە دیمەشق و ئیسرائیل "بوێری" بۆ هێرشکردنە سەری نابێت.

جگە لەوەش، زانیارییەکان دەریانخستووە، پێش هێرش بۆ سەر باڵەخانەی کونسوڵخانەکە، بڕیار بوو شوێنی نیشتەجێبوونی باڵیۆز و کونسوڵی ئێران بۆ کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوونی نوێ، کە کەسوکاری بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریاش لەوێن، بگوازرێتەوە.

بەڵام ماوەیەکی کەم پێش هێرشەکە، بەرپرسانی باڵای سوپای پاسداران لە نهۆمی دووەمی باڵەخانەی کونسوڵخانەکە کۆبوونەوە و بڕیاریاندا لەوێ بمێننەوە.

راستەوخۆ دوای تیرۆرکردنی زاهیدی، ئێران تێوەگلانی گرووپەکانی سووریا لە ئۆپەراسیۆنی تیرۆرکردنی ئەندامانی سوپای پاسداران لە چەند ساڵی رابردوودا گومانی لەلا دروست بووە.

یەکێک لە نەیارانی حکومەتەکەی بەشار بە بلومبێرگی گوتووە، گفتوگۆی لەگەڵ بەرپرسێکی ئێرانی کردووە و دەڵێت، گومانی ئێران لە دوای تیرۆرکردنی 18 فەرماندەی ئێرانی لە ماوەیەکی کورتدا لەو هێرشانەی کە پەیوەند دەدرێتەوە بە ئیسرائیل لەناو خاکی سووریا، زیاتر بووە.

بەگوێرەی گوتەی ئەو کەسایەتییەی کە دژ بە ئەسەد-ە، دوای تیرۆرکردنی رەزی موسەوی لە سووریا لە کانوونی دووەمی 2023، لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات بۆ لێکۆڵینەوە و شوێنپێهەڵگرتنی بوونی ئەگەری پێشێلکارییەکی ئەمنی دەستیپێکرد.

بەڵام لە قۆناغێکی تایبەتدا ئێران بە هۆی نیگەرانی لە دەستوەردانی هەواڵگریی سووریا، بە هاوکاریی حزبوڵڵای لوبنان لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆی دەستپێکرد.

ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ لەو کاتەدا دەرخەری ئەوەبوو، کە ئەو پێشێلکارییە ئەمنییانەی، کە بوونەتە هۆی تیرۆرکردنەکان لەژێر پەردەی سیاسی و ئەمنی ئاست بەرزدا روویانداوە، بەڵام پێناچێت بەشار ئەسەد سەرۆکی سووریا ئاگادار بووبێت.

رەنگە ئەوەی گومانی ئێرانییەکانی زیاتر کرد، لە تێوەگلانی دەزگا ئەمنییەکانی سووریا لە تیرۆرەکان، ئەوە بێت کە هەندێک لە ئەندامانی حزبوڵڵا کە لە سووریا تیرۆر کران، پەیوەندییان بە دەزگا ئەمنییەکانی ئەم وڵاتە هەبووە و تیرۆرەکانیان لە رێگەی سیخوڕەوە بە کەڵک وەرگرتن لە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو ئەنجام دراوە.

سەرچاوە: ئەلعربیە

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین