کۆنگرێسی ئەمریکا پاکێجێکی نوێ سزادانی ئێران پەسند دەکات ئێران

نوچەنێت

رێوشوێنی سزادانی نوێ دژ بە ئێران لە شێوەی پاکێجێک لە ژێر ناوی "ئاشتی بە رێگەی هێز لە سەدەی 21" لە لایەن مایکل مەک کال -ەوە پێشکەش کرابوو پەسندکرا.

رۆژی یەکشەممە (21/ نیسان/ 2024)، دویچەولە لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، رێوشوێنی سزادانی نوێ دژ بە ئێران، چوارشەممەی رابردوو لە شێوەی پاکێجێک لە ژێر ناوی "ئاشتی بە رێگەی هێز لە سەدەی 21" لە لایەن مایکل مەک کال-ەوە پێشکەش کرا. مەک کال، سەرۆکایەتی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەکات.

مک کال دەڵێت، "یاسای ئاشتی بە رێگەی هێز لە سەدەی 21" گشتگیرترین گەمارۆکان لەخۆدەگرێت، کە کۆنگرێسی ئەمریکا لە ساڵانی رابردوودا لە دژی کۆماری ئیسلامی پەسندی کردووە.

ئاژانسی هەواڵی بلومبێرگ دەڵێت، بەشێک لەم کۆمەڵە پلانە، لە ئێستادا گەمارۆوە نەوتییەکانی ئەمریکا بۆ سەر کۆماری ئیسلامی فراوانتر دەکات.

بە پێی ئەم پلانە هەموو بەندەرەکان، کەشتی و پاڵاوگەکانی بیانی، کە بە ئاگاداری خۆیان لە بازرگانی و گواستنەوە و گواستنەوەی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکانی تری ئێران بەشداربن، گەمارۆیان دخرێتە سەر.

ئەم سزایانە جگە لەوەش "گەمارۆوکانی دواتر" دەگرێتەوە کە هەموو مامەڵەکانی نێوان دامەزراوە داراییەکانی چین و بانکە سزادراوەکانی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ کڕینی نەوت لە کۆماری ئیسلامی دەکاتە ئامانج.

ئەو پاکێجەی کە ئەنجوومەنی نوێنەران پەسندی کرد، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوو لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا دەنگی لەسەر بدرێت. ئەگەر ئەو کۆمەڵە رێوشوێنە سزایانە لەلایەن ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکاوە پەسەند بکرێت و دواتر لەلایەن جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکاوە واژۆی لەسەر بکرێت، ئەوا دەبێتە یاسا.

بەشێک لەم پلانە "یاسای مەهسا(ژینا ئەمینی)" لەخۆدەگرێت، کە ئێستا بۆ جاری دووەم لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکاوە پەسندکراوە. ئەم پلانە بۆ یەکەمجار لە مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوودا لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پەسەندکرابوو.

ئەگەر یاسای مەهسا لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا پەسەند بکرێت، سەرۆک کۆماری ئەمریکا پابەندە بە سزادانی هەموو ئەو بەرپرسە باڵاکانی کۆماری ئیسلامی، کە مافەکانی مرۆڤ لە ئێران پێشێل دەکەن سزایان بدات، لەوانە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی و ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە.

بە پێی ئەم پرۆژەیاسایە، حکومەتی ئەمریکا ئەرکدار دەکرێت، هەر نەوەد رۆژ جارێک راپۆرتێک سەبارەت بە کەسانی بەرپرسیار لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران و دامەزراوەکانی پەیوەندیدار، پێشکەش بە کۆنگرێسی ئەمریکا بکات.

سەرچاوە: دویچەولە

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین