بایدن و سڕینەوەی گرژییەکان: لە ئەفغانستەوە تا دۆسیەی ئەتۆمی ئێران بیروڕا

د. موحه‌مه‌د حوسێنزاده‌

دوو ڕۆژ پێش ئێستا، میدیاکان باسی ئەوەیان کرد کە سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێ هێزەکانی وڵاتەکەی لە ئەفغانستان بکشێتەوە. دوێنێ جۆ بایدن بە فەرمیی ئەو سیاسەتەی ڕاگەیاند و گوتی کۆتایی بە "شەڕی بێکۆتایی" ئەفغانستان دێنین و تا یازدەی سیپتەمبەر هەموو هێزەکانمان لە ئەفغانستان دەکشێینەوە. بایدن وتیشی داوا لە تالیبان دەکەین ڕێگا نەدەن تیرۆریستەکان خاکی ئەفغانستان بۆ هەڕەشە لە ئەمریکا و هاوپەیمانانی بە کار بهێنن!

ئینگلیس ڕایگەیند ئێمە ئەو هەموو ساڵە پشتمان بە ئامریکا بەستبوو و لە ئەگەری چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا، ئێمەش هەموو هێزەکانمان دەکشێنینەوە. سکرتێری ناتۆیش بە فەرمیی ڕایگەیاند ئەوە بڕیارێکی مەترسیدارە بەڵام هەموومان پێکەوە هاتینە ئەفغانستان و پێکەوەیش بە جێی دێڵین. کەوابوو، لە دوو هەفتەی دیکەوە دەست پێدەکەین و تا پێنج مانگی تر هەموو هێزەکان دێنینە دەر و ئەفغانستان چۆڵ دەکین. واتە ئەو وڵاتە دەیسپێرن بە تالیبان و ئەشرەف غەنی.

ئەوە تا ڕادەیەک پێشبینی کراو بوو و هەمان سیاسەتە کە بایدن لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان و بە تایبەت نزیک مانگێک پێش ئێستا لە دەقی سەرەتایی "ستراتیژی ئاسایشی نیشتمانیی"دا باسی لێ کردبوو و وتبووی کۆتایی بە "شەڕە بێ کۆتاییەکان"ی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دێنین.

ئەمریکا هەم خاوەن بەرژەوەندی دیار و درێژخایەنە و هەم خاوەن ستراتیژی جۆراوجۆرە. لە ستراتیژی ئاسایشی نیشتمانیی یەک ساڵە و دوو ساڵە و چوارساڵەوە، بگرە تا ستراتیژی ئاسایشی نیشتمانیی بۆ سەدەی بیست و یەک. بەڵام هاوکات ستراتیژی سیاسەتی دەرەوەی هەر سەرۆکێکی ئەمریکا لەژێر کاریگەری: یەکەم، لۆبییەکان و دووەم، تیمی هەڵبژێردراوی سەرۆکدایە. بە تایبەت وەزیری دەرەوە [لە ئێستا: ئەنتۆنی بلینکن] و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی[لە ئێستادا:جیک سالیوان].

هەروا کە پێشبینی دەکرا تیمی بایدن ڕۆژهەڵاتێکی ئارام و بێ دەردیسەریان دەوێت، بەتایبەت بۆ ئەوەی هێزی خۆیان تەرخان بکەن بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوخۆیی و ڕووبەڕووبونەوە لەگەڵ بەرزەفڕییەکانی دوو وڵاتی ڕووسیا و چین لە ساڵانی داهاتوودا. دیارە پێویست بە گوتن ناکات، ئەمە بەو مانایە نییە کە ئیتر ڕۆژهەڵاتیان بۆ گرنگ نییە و ڕادەستی مەلا و تیرۆری دەکەن.  

تا ئێستاش بایدن بەپێچەوانەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، حوسییەکانی لە لیستی تیرۆر دەرهێناوە بۆ ئەوەی ڕەوایی گفتوگۆیان پێ بدات. گوشاریان خستە سەر سعوودیە بۆ ئەوەی بەرەو گفتوگۆ هەنگاو بنێن. بە پێچەوانەی ترەمپ ڕایانگەیاندووە کە دەست دەکەنەوە بە پێدانی ۲۵۰ ملیون دۆلار یارمەتی بە فەلەستینییەکان، بۆ ئەوەی ڕابەڕانی فەلەستین دووبارە ڕێگای گفتوگۆ بگرنە بەر و ئەمریکا وەک نێوەندگیر قەبووڵ بکەن. لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغدا ڕۆڵیان گێڕا. هاوکات گفتوگۆ ستراتیژییەکانیان لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان دەست پێکردنەوە. گفتوگۆکان لەگەڵ تالیبانیش گەیشتنە ئەو جێگایەی کە ئێستا بایدن لە تالیبان داوای کردووە ڕێگا نەدەن تیرۆریستان لەوێوە هەڕەشە لە ئەمریکا و هاوپەیمانان بکەن. هەمان تالیبان کە ئەمریکا دوای ڕووداوەکانی ۱۱ی سیپتەمبەری ۲۰۰۱ هێزی سەربازیی بۆ لەناوبردنی دەسەڵاتەکەی ئەوان لە ئەفغانستان بەکار هێنا.

لە پاڵ ئەوانەدا ئەمریکا ڕایگەیاندووە هەوڵ دەدات کێشەی ئەتۆمی ئێرانیش لە ڕێگای "دیپلۆماسی"یەوە چارەسەر بکات. خامنەییش لە قسەکانیدا بە بۆنەی دەستپێکردنی ڕەمەزانەوە نەک هەر باسی تەقینەوەکەی نەتەنزی نەکرد بەڵکو وتی گفتوگۆکان زۆر دڕێژەیان پێ نەدەن، [واتە خێرا یەکلاییان بکەنەوە]. تەنانەت بەو جۆرەیش هەندێ کەس چاوەڕوانیان دەکرد ئەمریکا تا ئێستا نە باسی سیاسەتی ناوچەیی و کشانەوەی هێزەکانی ئێرانی کردووە و نە باسی مووشەکەکان. هەڵبەت زۆر ئاشکرا و دیارە ئەگەر ئێستا و لەم گفتوگۆیانەدا ئەو باسە نەکات، واتە هەر بڕوای پێی نییە و ئەوە بۆ ئارامکردنەوەی دراوسێکانی ئێران دەڵێت، دەنا دوای ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئەگەر بڕیار بێت لەبەر تاقیکردنەوەی مووشەک یان سیاسەتی ناوچەیی هەمدیسان ئێران تەحریم بکات، ئێرانیش دووبارە دەست دەکاتەوە بە پیتاندنی یورانیۆم. چونکە لە بنەڕەتدا چالاکی ئەتۆمی ئێران لەم قۆناغەدا هەر وەکوو کارت بە کار دەهێنرێ. کەوابوو بایدن ئەگەر بیهەوێ کێشەی مووشەکی ئێران چارەسەر بکات دەبێ بڕوانێن بزانین ئێستا باسی دەکات یا نا. هەڵبەت ئەو هاوکێشە زۆریش سەیر نییە، چونکە هەر پێش ئەوەی بایدن بە فەرمی دەسەڵات بە دەستەوە بگرێ، زۆرێ لە شارەزایانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لەو بڕوایەدا بوون دۆسیەی ئەتۆمی ئێڕان دژوارترین و ئاڵۆزترین پرسی سیاسەتی دەرەوەی دیمۆکراتەکان دەبێت و ڕەنگە پێویست بێ کات و وزەیەکی بەرفراوانی بۆ تەرخان بکەن. بەڵام هەر جۆرێک بێت تا ئەم ساتە هەم واشنتۆن و هەم تاران خوازیاری گفتوگۆ و ڕێککەوتنن.

هەر دوێنێ کە ئێران ڕایگەیاند دەست دەکات بە پیتاندنی یورانیۆم بە ڕێژەی 60%،  خاتوو وندی شێرمەن کە ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە سەردەمی ئوبامادا و نوێنەری سەرەکی ئەمریکا لەو گفتوگۆیانەدا بوو وەک جێگری وەزیری دەرەوە دیاری کرا. هاوکات نزیکەی سی سێناتۆری ئەنجومەنی پیران داوایان لە بایدن کرد کۆتایی بە سیاسەتی شکستخواردووی ترەمپ بێنێت و بە شێوەی "هەنگاو بە هەنگاو" بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی.  
عەلی خامنەیی، ڕابەری کۆماری ئیسلامیش، تا ئێستا هیچ گوێی بەوانە نەداوە کە دەڵێن لە تۆڵەی تەقینەوەکەی نەتەز، کۆتایی بە گفتوگۆکان بێنین.

من پێم وایە تاران و واشنتۆن لە کۆتاییدا لەسەر ئەو فورمولی "هەنگاو بە هەنگاوە" ڕێک دەکەون. ئەوەی ئاشکرایە تاقە ئەکتەرێک کە ڕەنگە بتوانێ ئەو ڕەوتە بە گشتیی بگۆڕێت، ئیسرائیلە. بەڵام دیارە تاران بڕیاری داوە و لە قازانجی خۆی دەبینێ کە لە بەرانبەر گورزەکانیدا تا بۆی دەکرێ پشوودرێژ بێ. دەنا ئەگەر لێکۆڵینەوەیەک بکرێ، ڕەنگە ئەو زیانەی لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا ئیسرائیل لە وشکاییدا لە بنکەکانی سوپا لە سوریا، لە دەریادا لە کەشتییەکان و لە بنکە ئەتۆمییەکانی دەسەڵاتی تارانی داوە، لەگەڵ شەڕێکی ڕاستەقینە و ڕاستەوخۆی دوو وڵاتدا بەرابەری بکات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین