گرووپەکانی سەر بە ئێران رێگریى لە گەڕانەوەی ئاواره‌كان لە عێراق دەکەن وەرگێڕان

نوچه‌نێت

دانیشتووانی زۆرێک لە شارۆچکەکانی عێراق کە لە ساڵی ٢٠١٧ لە دەستی داعش ڕزگاریان بوو، لە مافی گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان بێبەش کراون. ئەو پەنابەرانە پێش ئەوەی داعش دەست بگرێ بەسەر چەند پارێزگایەکی عێراقدا لەو ناوچانە دەژیان، بەڵام دوای پەلامارەکانی داعش بە ناچار زێدی خۆیان جێهێشت.

رۆژى یەکشەممە ١٨ی نیسانی ٢٠٢١، ماڵپەڕی "ئێران وایەر" لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، سەرەڕای ئەوەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق ڕایانگەیاندووە ئەو پەنابەرانە هێشتا لە دەرەوەی زێدی خۆیان ماونەتەوە و سەرەڕای ئەوەی چەند ساڵە ئۆپەراسیونە سەربازییەکان کۆتاییان هاتووە و دۆخەکە سەقامگیر بووەتەوە، بەڵام ئەو هێزانەی لەو ناوچانە دەسەڵاتیان بە دەستە ڕێگا نادەن ئەو هاووڵاتیانە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان. ئەو ناوچانە بریتین لە شارۆچکەی جورف سەخەر لە پارێزگای بابل کە هەموو دانیشتووانی بە ناچار ئاوارە بوون، شارۆچکەی شنگال لە پارێزگای نەینەوا و هەروەها ئەلعەویسات، ئەلعلم، سمرە، سەید ئەلغەربی، ئەلفەرحاتیە، تەکریت، یەسرب، تل حه‌مرین لە پارێزگای سەلاحەدین.

كازمى و هیچ به‌رپرسێكى ده‌وڵه‌تى عێراق
ناتوانن بچنه‌ شارۆچكه‌ى جورف سه‌خه‌ر

قەیرانی ئاواره‌كان

لەو بارەوە دکتور "ئەنس عەزاوی" ئەندامی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ، لە میانەی دیمانەیەکدا لەگەڵ "ئێران وایەر" وتوویەتی، "ئەو پەنابەر و ئاوارانەی کە بە ناچار ماڵەکانیان بەجێهێشتووە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان کێشەیان هەیە، چونکە لە چەند ناوچەدا و لەوانە ناوچەکانی جورف سەخەر لە پارێزگای بابل و یەسرب و شوێنەکانی تر ڕێگای گەڕانەوەیان پێ نادرێ. ژمارەی ئەو پەنابەرانە نزیکەی ٥٠٠ هەزار کەسە. وەزارەتی کاروباری کۆچبەران ٢٩ كه‌مپى پەنابەرانی داخستووە، بەڵام ڕێگای نەداوە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان".

هەروەها عەزاوی وتی، "گرفتێکی تر کە ئەو پەنابەرانە و هەروەها ئەو کەسانەی کە گەڕاونەتەوە یان هێشتا لە دەرەوەی زێدی خۆیان ماونەتەوە، ڕووبەڕووی بوونەوەتەوە، لە دەستدانی کارتی پێناسەکانیانە بە هۆی شەڕ و ئاوارەبوون و بەجێهێشتنی ماڵەکانیان لە کاتی پەلامارەکەی داعش. کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان پێویستە لیژنەیەکی تایبەت بۆ نوێكردنه‌وه‌ى ناونیشانی تاکەکەسی ئەو پەنابەرانە بە مەبەستی بەشداریکردن لە دەنگدان و دەستەبەرکردنی مافەکانیان بە پێی دەستوور پێک بێنێت".

لە درێژەدا "ئەحمەد شەمه‌ری"، یەکێک لە نوێنەرانی پارێزگای نەینەوا لە پەرلەمانی عێراق، بە ئێران وایەری وتووە، "دانیشتوانی جورف سەخه‌ر ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر بوونەتەوە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان، ئەو پەنابەرانە بۆ وەرگرتنەوەی کارتی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکان سەردانی بنکەکانی دەنگدان لە ناوچەکانی خۆیانیان کردووە، بەڵام پێیان ڕاگەیاندوون کارتەکانیان نوێ نەکراونەتەوە و کارتی نوێیان بۆ دەرناکرێ. دانیشتوانی جو‌رف سەخەر لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ساڵی ٢٠١٨یش ڕێگەیان پێ نەدرا لە بنکەکانی دەنگدان ئامادە بن، ئەوەش بەو واتایە دێت لە مافی سروشتی دەنگدان کە لە دەستووردا چەسپاوە، بێبەش کراون".

شەمه‌ری لە درێژەدا وتوویەتی: "ئاواره‌كان له‌ شارۆچکەی شنگال لە پارێزگای نەینەوا دۆخیان ئاڵۆزترە و چارەنووسیان لە پەنابەرانی جورف سەخه‌ر باشتر نییە. ئەوانیش ڕێگای گەڕانەوەیان بۆ شنگال پێ نادرێ و پەرلەمانی نوێنەران و کۆمیسیۆنی تایبەتی هەڵبژاردنەکان ناونیشانی پەنابەرانیان لە بنکەکانی دەنگدان تۆمار و نوێ نەکردووەتەوە. پێویستە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بە خێرایی چارەیەک بۆ ئەو پرسە بدۆزێتەوە و بە پێێ دەستوور مافی بەشداریکردنی دانیشتوانی جو‌رف سه‌خه‌ر و شنگال لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا مسۆگەر بکات".

هەر لەو بارەوە، "فەلاح مەشعەل"، نووسەر و ڕۆژنامەنووسی عێراقیش لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ئێران وایەر دەڵێت: "سەدان هەزار پەنابەر و ئاوارە بە ناچار لە كه‌مپه‌كانى هەرێمی کوردستان دەژین و مەرجە پێویستەکان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانیان نییە. پەراوێزخستنی ئەو کەسانە بە شێوەی زۆرەملی و بێبەشکردنیان لە هەڵبژاردنی نوێنەرانی پەرلەمانی عێراق پێشێلکردنی مافە مرۆیی و دەستوورییەکانە".

گۆڕینی دیموگرافیا

شێخ "عەبدوڵا خربیت" یەکێکی تر لە نوێنەرانی پەرلەمانی عێراق لە میانەی دیمانە لەگەڵ ئێران وایەر وتی: "سیاسەتی گۆڕینی دیموگرافی دانیشتوانی ئەو ناوچانەی کە ئاوارە بوون، بە فەرمانی کەسانێک لە دەرەوەی سنوورەکانی عێراق ئەنجام دراوە. میلیشیاکانی سەر بە دەوڵەتانی دەرەکی تەنیا جێبەجێکەری فەرمانەکانن. هاووڵاتیانی عێراق بە پێی خواستی ئەو دەوڵەتانە و گرووپە چەکدارەکان و میلیشیاکانی سەر بەو دەوڵەتان دەکڕدرێن و دەفرۆشرێن".

لە درێژەدا "ماجد شەنگالی"، یەکێک لە ڕابەرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان، بە هەواڵنێری ئێران وایەری وتووە: "ڕێگریکردنی گرووپە چەکدارەکان لە گەڕانەوەی پەنابەران بۆ ناوچە ڕزگارکراوەکان لە دەستی داعش تا ڕادەیەکی زۆر تەحەدایەکە لەسەر تەندروستی هەڵبژاردنەکان، چونکە گۆڕینی دیموگرافیا لەو ناوچانەدا جێبەجێ کراوە. پێویستە حکومەتی عێراق پێش بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکان هەوڵی گەڕاندنەوەی پەنابەرانی ئەو ناوچانەوە و لەوانە دانیشتوانی جورف سه‌خه‌ر بدات و کۆتایی بە دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی دەستوور بێنێت. نیگەرانی زۆر سەبارەت بە دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان لەو ناوچەنەدا لە ئارادایە".

چەندین گرووپی چەکدار و لەوانە "حزبوڵا"، "تیپی ٤٧" و بزووتنەوەی "ئەلنوجەبا"ی عێراق لە ڕۆژی ٢٥ی تەشرینی یەکەمی ٢٠١٤وە تا ئێستا کۆنتڕۆڵی جورف سه‌خه‌ریان بە دەستەوە گرتووە، ڕێگری لە گەڕانەوەی هەموو دانیشتوانی ئەو شارۆچکەیە دەکەن و ڕێگا بە هیچ بەرپرسێکی عێراقی نادەن دەستوەردانی ئەو پرسە بکات. "ئەحمەد مساری"، یەکێک لە ڕابەرانی سوننەی عێراق، ماوەیەک پێش تەحەدای "مستەفا کازمی"، سەرۆک وەزیرانی عێراق و چەند وەزیری تر کرد و وتی: "ئەگەر ڕاستگۆن و دەتوانن سەردانی جو‌رف سەخەر بکەن. ئەو شارە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتێکی هاوتەریبی بەغدا و سەر بە ئێرانە".

پلان و ئەجیندای ئێران

هەروەها شێخ "تامی مەجمەعی"، ئەندامی ئەنجوومەنی هۆزەکانی پارێزگای سەلاحەدین لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ئێران وایەر ڕایگەیاند: "میلیشیاکان بە خۆسەپاندن بەسەر ئەو ناوچانەدا هەوڵی کاریگەریدانان لەسەر هەڵبژاردنەکان دەدەن. هۆکارەکەشی ڕێگریکردنە لە گەڕانەوەی پەنابەران و دەنگدانیان. ئەو بڕیارە بە پێی ئەجیندای ئێران و بە مەبەستی یەکلاکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو جێبەجێ دەکرێت. گرووپە چەکدارەکان چەند ناوچەیەک و لەوانە سەید ئەلغەربی، فرحاتیە، زیرە دور، جەزیرە تکریت، یەسرب و تل حەمرینیان کۆنتڕۆڵ کردووە و بە مەبەستی گۆڕینی دیموگرافی دانیشتووان و دەستوەردان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ڕێگای گەڕانەوە بە پەنابەرانی هاووڵاتی نادەن". 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دوای دەستلەکارکێشانەوەی "عادل عەبدولمەهدی" لە پۆستی سەرۆک وەزیران دوای سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی ئوکتۆبەر، یاسای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە پێشوەختەکانی لە ئوکتۆبەری ئەمساڵدا پەسەند کرد. دوای عەبدۆلمەهدی، مستەفا کازمی سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی گشتیی عێراق، ئەرکی پێکهێنانی کابینەی حکومەت و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکانی پێ سپێردرا. سەرەڕای ئەوە، پەنابەران هێشتا ڕێگای گەڕانەوە بۆ شار و زێدی خۆیان پێ نەدراوە و بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەماندا مسۆگەر نەکراوە.

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین