حەماس: ناتەنیاهۆ ڕێگری دەکات لە هەوڵەکان بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

بەرپرسێکی حەماس ڕایگەیاند، بنیامین ناتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕێگری لە هەموو جۆرە هەوڵێک دەکات بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن یاخود ڕاگەیاندنی ئاگربەست.

ڕۆژی یەکشەممە (پێنجی ئایار/2024) ماڵپەڕی (ئەلجەزیرە) بڵاویکردەوە، هەرچەندە ئەمڕۆ ڕۆژی دووەمی گفتوگۆی دانووستاندن و گەیشتن بە ڕێککەوتن لە قاهیرە بەڕێوە دەچێت، بەڵام بەرپرسێکی حەماس ڕایگەیاند، "خودی بنیامین ناتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل نایەوێت ڕێککەوتنی کۆتایی بکرێت و ئاگربەست ڕابگەیێندرێت".

بەرپرسانی حەماس بە بەردەوامی جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کە دەیانەوێت لەلایەن ئەمەریکاوە دڵنیایی تەواو وەربگرن کە ئیسرائیل هێرش ناکاتە سەر رەفەح، لە بەرانبەردا ئیسرائیل سوورە لەسەر ئەوەی کە دەڵێن، "ئێمە گوێ بەوە نادەین کە ڕێککەوتن دەکرێت یاخود نا، بێگومان هێرشی زەمینی دەکەین بۆ سەر باشووری رەفەح".

نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چەندین جار ڕایانگەیاندووە، "پێویستە ڕێگە بدرێت بە گەیشتنی هاوکاری زیاتر بۆ کەرتی غەزە و برسییەتییەکی تەواو لە فەڵەستین بوونی هەیە".

خۆپیشاندەرانی دژی حکومەتەکەی ناتەنیاهۆش داوای ئەوە دەکەن، "سەرۆک وەزیران ڕازی بێت بە ڕێککەوتن لە پێناو گەیشتن بە ئاگربەست و گەڕاندنەوەی ئەو دیل و بەندکراوانەی لە ژێر دەسەڵاتی حەماسن".

تا دێت گیانلەدەستدان و قوربانییەکانی جەنگی ئیسرائیل و حەماس زیاتر دەبن، هاووڵاتیانی فەڵەستین ناتوانن دەستیان بگات بە پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانکردن وەک ئاو و خۆراک. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین