سوپای ئیسرائیل کۆنترۆڵی سنوری ڕەفەح لە غەزەوە بۆ میسر دەکات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل هۆشداری دابووە دانیشتووانی ڕەفەح بە چۆڵکردنی ناوچەکە، هێرشی ئاسمانی ئەنجامدا و کۆنتڕۆڵی خاڵی سنوری نێوان غەزە و میسری کرد.

ڕۆژی سێشەممە (حەوتی ئایار/2024) ئاژانسی (رۆیتەرز) بڵاویکردەوە، "چەند هەفتەیەک بوو ئیسرائیل بەردەوام بوو لە هەڕەشەی هێرشکردن بۆ سەر ڕەفەح دواجار تانکەکانی سوپای ئەو وڵاتە چوونە ناو ڕەفەح و کۆنتڕۆڵی خاڵی سنوری نێوان غەزە و میسری کرد".

هێرش و کردەوەکانی ئیسرائیل هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامی وڵاتان لە هەوڵەکانیان بۆ نێوەندگیری کردن و گەیشتن بە ڕێککەوتن و زیاتر لە یەک ملیۆن هاووڵاتی لە ڕەفەح بوون پێش چۆڵکردنی. ماوەیەک بوو باس لە ئۆپراسیۆن بۆ سەر ڕەفەح دەکرا بە بیانووی ئەوەی چەندین چەکداری حەماس لە پاڵ هاووڵاتیانی مەدەنی خۆیان حەشارداوە. سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، "بە مەبەستی کوشتنی چەکداران و وەستاندنی بەکارهێنانی خاکی ڕەفەح لە بەرژەوەندی حەماس ئۆپراسیۆنمان ئەنجام داوە".

بە بڕوای بەرپرسانی میسر، "بەهۆی ئۆپراسیۆنەکەی ئیسرائیل لە ڕەفەح هەڕەشە بۆ هەوڵەکانی ئاگربەست دروست دەبێت کە لە ڕؤژانی (چوار و پێنجی ئایار) ئەنجامدرا و دوێنێ شەو (6/5/2024) بزووتنەوەی حەماس ڕازی بوو بە پێشنیاری میسر و قەتەر سەبارەت بە ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل".

بە گوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی غەزە، تاوەکو ئێستا (34،789) فەڵەستینی کە زۆربەیان هاووڵاتی مەدەنین لە جەنگی ئیسرائیل و فەڵەستیندا گیانیان لەدەستداوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین