سەرۆکی حکومەت لەگەڵ بریکاری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆبووەوە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا "برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و پێکهاتەکان و پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و ئازاديی ئایینی و ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال" تاوتوێ دەکەن.

ڕۆژى پێنجشەممە (نۆى ئایار/2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عەزرا زییا، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، بۆ کاروباری ئاسایشی سڤیل و دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەلینا ڕۆمەناوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق ئامادەی بوو، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، جەختی لەوە کردەوە "کە هەرێمی کوردستان، هاوپەیمان و هاوبەشێکی ستراتیژی 360 پلەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە لە عێراق و ناوچەکەدا."

حکومەتى هەرێم لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر "بەردەوامبوونی هاوئاهەنگی و کارکردن لەپێناو برەودان بە بەها هاوبەشەکانی دیموکراسی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئازاديی بیروڕا و ڕاگەیاندن و ئازاديی کارکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی."

سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتیوانی و هاریکاریی بەردەوامی ئەمەریکای کرد و "پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە چەسپاندن و بەهێزکردنی بنەما دیموکراسییەکان و پاراستنی ئازادی و مافەکانی مرۆڤ بەگشتی" دووپات کردەوە.
سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و بریکارى وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریکا هاوڕا بوون لەسەر "ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە زووترین کات و پاراستنی مافەکانی پێکهاتەکانی کوردستان و چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێشە و ئاستەنگانەی لەبەردەم پرۆسەی هەڵبژاردنن."

هەروەها دەشڵێت، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، جەخت کردنەوە بوو لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و دەرچوونی میلیشیا و گرووپە نایاساییەکان و زەوینە خۆشکردن بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی دەڤەرەکە و ئاوەدانکردنەوەی شنگال و گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین