لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ٤٠٥ تووشبووی کۆرۆنا لە ئێران گیانیان لە دەستدا ئێران

نوچه‌نێت

وەزارەتی تەندروستی ئێران ڕایگەیاند لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٤٠٥ تووشبووی کۆرۆنا گیانیان لە دەست داوە. هەروەها یەکێک لە ئەندامانی سەرۆکی ئەنجوومەنی شاری تاران دەڵێت ڕۆژانە زیاتر لە ١٣٠ کەس لەو شارە بە هۆی کۆرۆنا دەمرن.

ئەمڕۆ دووشەممە ١٩ی نیسانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "دویچە ولە" بڵاوی کردووەتەوە، موحسین هاشمی، سەرۆکی ئەنجومەنی شاری تاران دەڵێت لەو گەورە شارەدا ڕۆژانە زیاتر لە ١٣٠ کەس بە هۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەمرن. هاشمی داوای کردووە لە تاران قەدەغە ڕابگەیێنرێت.

هەروەها عەلیڕەزا زالی، سەرۆکی لیژنەی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵی نەخۆشیی کۆرۆنا لە تاران وێرای ئەوەی پێشبینی کردووە دوو هەفتەی داهاتوو شاری تاران ڕووبەڕووی دۆخێکی دژوار و هەستیار دەبێتەوە، وتی: "لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئەو تووشبووانەی سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە، نیشانەکانیان زۆر قورستر و توندتر بوون".

هاوکات عەلیڕەزا ڕەئیسی، گوتەبێژی بنکەی نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە ئێران ڕایگەیاند، هێشتا شەپۆلی چوارەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران نەگەیشتووەتە لووتکە.  ڕەئیسی گوتی: "پێشبینی دەکرێ ژمارەی ئەو کەسانەی بە هۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکان دەمێننەوە بگاتە ٦٠ هەزار کەس لە ڕۆژدا، بۆیە بەم زووانە لە دۆخی سوور ڕزگار نابین".

لە ئێستادا ٢٥٧ شاری ئێران لە دۆخی سوور، ١٢٩ شار لە دۆخی پرتەقاڵی، ٥١ شار لە دۆخی زەرد و ١١ شار لە دۆخی شیندان.

بە پێی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی تەندرووستی ئێران، لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٤٠٥ کەس گیانیان لە دەست داوە. هەر لەو ماوەیەدا ٢١ هەزار و ٦٤٤ تووشبووی نوێ تۆمار کراون و لەوانە سێ هەزار و ٩٢ کەسیان بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر لە نەخۆشخانەکان ماونەتەوە.

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین