وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەیاننامەیەکی دەربارەی کارەساتەکەی وڵاتەکەیان بڵاوکردەوە ئێران

نوچە نێت

وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، بە دڵنیاییەوە گیانلەدەستدانی سەرۆک کۆمار و وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەمان کاریگەری دەبێت بۆ سەر سیاسەتی دەرەوەمان.

ڕۆژی دووشەممە (20/ئایار/2024) میدیای فەرمیی حکومەتی ئێران (ئیرنا) بڵاویکردەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەیاننامەیەکی دەربارەی رووداوی کەوتنە خوارەی هێلیکۆپتەرەکە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "هاوخەمی خۆمان بۆ گەلی ئێران و بنەماڵەی شەهیدەکان دەردەبڕین و گیانلەدەستدانی سەرۆک کۆمار و وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەمان کاریگەری دەکاتە سەر سیاسەتی دەرەوەمان".

وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕاشیگەیاندووە، "ستایشی هەوڵەکانی ئیبڕاهیم رەئیسی، سەرۆک کۆمار و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران دەکەین بۆ بەرزکردنەوەی پێگەی وڵاتەکەمان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا و بەردەوام دروستکردنی دۆستایەتی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا لە ئاسیا و لە دەرەوەشدا. 

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بە هاوسۆزی وڵاتان بۆ ئێران کراوە و تێیدا هاتووە، "سوپاسی ڕێبەرانی جیهان، کەسایەتیی سیاسی و ئاینییەکانی هەموو جیهان دەکەین بۆ دڵنەوایی گەلی ئێران و حکومەتەکەی. بەڵێن دەدەین هەمیشە بەرژەوەندی وڵاتەکەمان بپارێزین و ڕۆڵی کارای ناوچەیی و نێودەوڵەتیمان هەبێت".

ئیبڕاهیم ڕەئیسی لە (2021) دا هەڵبژێردرا و بووە هەشتەمین سەرۆک کۆماری ئێران. دوێنێ (19/5/2024) بەهۆی تێکشکانی هێلیکۆپتەرەکەیان سەرۆک کۆماری ئێران و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و حەوت کەسی تر گیانیانلەدەستدا. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین