گیانلەدستدانی سەرۆککۆماری ئێران و شاندی یاوەری راگەیەندرا ئێران

نوچەنێت

میدیاکانی ئێران بە فەرمی رایانگەیاند کە سەرۆک کۆماری ئێران و شاندی یاوەری لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرەکەدا گیانیان لەدەستداوە.

رۆژی دووشەممە (20/ئایار/2024) رادیۆفەردا لە هەواڵێکدا بڵاویکردووەتەوە، بەگوێرەی میدیایی فەرمی ئێران، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆمار و شاندی یاوەری کە پێکهاتوون لە حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوە، محەمەدعەلی ئەلهاشم، ئیمامی جومعەی تەبرێز، حوسێن مەلیک رەحمەتی، پارێزگاری ئازەربایجانی رۆژهەڵات و چەند کەسێکی دیکە، لەنێو ئەو هەلیکۆپتەرەدا بوون، کە لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەیدا گیانیان لەدەستداوە.

ئاژانسەکانی هەواڵی تەسنیم و مێهر بەرەبەیانی ئەمڕۆ (دووشەممە) 18 کاتژمێر دوای رووداوەکە، ئەم هەلیکۆپتەرە، کە لە کاتی رۆشتنی لە خاڵی سنووریی نێوان ئێران لەگەڵ کۆماری ئازەربایجان، کەوتۆتەخوارەوە. بەدۆزینەوەی پارچە تێکشکاوەکانی کۆپتەرەکە و کۆتایی هاتنی ئۆپەراسیۆنی گەڕان و هەواڵی گیان لەدەستدانی سەرۆک کۆمار و وەزیری دەرەوەی ئێرانیان پشتڕاستکردەوە. 

هەروەها بەرپرسێکی ئێران، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، گیانلەدەستدانی رەئیسی و شاندی یاوەری پشتڕاستکردۆتەوە.

بە شکستی تیمەکانی فریاگوزاری ئێران لە دۆزینەوەی شوێنی کەوتنەخوارەوەی ئەم هەلیکۆپتەرە، وڵاتانی ناوچەکە لەوانە تورکیا و رووسیا، بە ناردنی فریاگوزاری و کەرەستەی ئاسمانی، بە هانای ئێرانەوە رۆیشتن و دواجاریش، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاکینجی تورکیا، شوێنی رووداوەکە، لە نزیک گوندێک لە ناوچەیەکی شاخاویی بە ناوی "تەویل" لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات، دۆزییەوە.

تائێستا گومانی زۆر لەبارەی چۆنیەتی رووداوەکە هەیە، بەڵام چاک شومر، سەرۆکی زۆرینەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا، بە پشتبەستن بە هەڵسەنگاندنی بەرپرسانی هەواڵگری ئەمریکا دەڵێت، "هیچ بەڵگەیەک نییە بیسەلمێنێت دەستی لەپشت بووبێت"، هەرچەندە لێکۆڵینەوەکان هەر بەردەوامن.

راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە لە کاتی کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەری هەڵگری سەرۆک کۆماری ئێران و وەفدەکەی، کەشی بارانبارین و تەم و مژی توند لە ناوچەکەدا هەبووە.

سەرچاوە: رادیۆفەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین