رۆیتەرز: رەئیسی 6 مانگ لەمەوبەر لە لیستی جێگرەوەکانی خامنەیی لادراوە ئێران

نوچەنێت

ئاژانسی رۆیتەرز دەڵێت، شەش مانگ پێش، ئەنجوومەنی شارەزایان، ئیبراهیم رەئیسی لە لیستی جێنشینەکانی عەلی خامنەیی دوورخستۆتەوە.

رۆژی سێشەممە (21/ئایار/2024) ئێران ئینتەرناشناڵ لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، رۆیتەرز بە پشتبەستن بە دوو سەرچاوەی ئاگادار نووسیویەتی "ئەنجوومەنی شارەزایان، شەش مانگ پێش ئێستا، ئیبراهیم رەئیسی، بەهۆی دابەزینی ناوبانگییەوە لە لیستی جێنشینەکانی عەلی خامنەیی دوورخستۆتەوە.

سەرچاوەیەکی ناوچەیی شارەزای بۆچوونی حکومەتی ئێران دەڵێت، دژایەتی خامنەیی لەگەڵ حکومەتی بۆماوەیی، ئەگەری سەرکردایەتی موجتەبا خامنەیی و عەلی خومەینی، نەوەى دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی، کە لە شاری نەجەف-ی عێراق نیشتەجێیە، لەناو دەبات.

هەروەها بەرپرسێکی پێشووی کۆماری ئیسلامی بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، کە ئێستا چاوەڕوان دەکرێت ئەکتەرە بەهێزەکان، لەوانە سوپای پاسداران و پیاوانی ئایینی کاریگەری قوم، هەوڵەکانیان بۆ داڕشتنی رەوتی هەڵبژاردنی رێبەری داهاتوو چڕتر بکەنەوە.

ناوبراو بە دەربڕینی ئەوەی کە "مەرگی رەئیسی گورزێکە لەو دامەزراوەیە کە ئێستا هیچ کاندیدێکی دیکەی [بۆ سەرکردایەتی] نییە"، دەشڵێت، "لە کاتێکدا هەندێک پێیان وایە رەئیسی بۆ جێگرتنەوەی خامنەیی ئامادە بووە، بەڵام کەس بە دڵنیاییەوە نەیدەزانی مەبەستی خامنەیی چییە".

سەرچاوە: ئێران ئینتەرناشناڵ

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین