کام ڤاکسین دەبێتە ھۆی خوێن مەیین؟ تەندرووستی

دکتۆر عارف گۆران

لە کوردستان سێ جۆری ڤاکسین بەکاردێت ، ئەوانیش سینۆفارم و ئەسترازێنیکاو فایزەر.لە ماوەی چەند ھەفتەی ڕابردوو کێشەی خوێن مەیین بە ھۆی ڤاکسینەکان بووە باسی ھەموو جیھان و میدیاو سۆشیال میدیای بەخۆی سەرقال کرد . حەزدەکەم لەم چەند خالەدا بە کورتی ڕاستیە زانستیەکان بخەمە روو و شیکردنەوەیەک بۆ ئەو ڤاکسینانە بکەم، کە لە ئێستاو داھاتوودا لە کوردستان بەکاردەھێنرێت .

 

لە کوردستان سێ جۆری ڤاکسین بەکاردێت ، ئەوانیش سینۆفارم و ئەسترازێنیکاو فایزەر.لە ماوەی چەند ھەفتەی ڕابردوو کێشەی خوێن مەیین بە ھۆی ڤاکسینەکان بووە باسی ھەموو جیھان و میدیاو سۆشیال میدیای بەخۆی سەرقال کرد . حەزدەکەم لەم چەند خالەدا بە کورتی ڕاستیە زانستیەکان بخەمە روو و شیکردنەوەیەک بۆ ئەو ڤاکسینانە بکەم، کە لە ئێستاو داھاتوودا لە کوردستان بەکاردەھێنرێت .

دکتۆر عارف گۆران پسپۆری راوێژکاری نەخۆشیەکانی ھەناو

1-دیارەی خوێن مەین پێش سەرھەلدانی کۆرۆنا و ڤاکسینەکان ھەر ھەبووەو ئێمەی دکتۆر رۆژانە حالەتی خوێن مەین دەستنیشان و چارەسەر دەکەین ، دیارە ئەوەی تێبینی کراوە دوای ڤاکسین کێشەی خوێن مەین لە ھەندێک ئەندامەکانی لەش روویداوە ، بەلام ئەوەی زیاتر باس دەکرێت کێشەی خوێن مەیینی یەکێک لە خوێن ھێنەرەکانی مێشکە ، ئەو حالەتە پێش کۆرۆناش ھەر ھەبووە ، ھەنووکە ئەو ئامارانەی کە لەژێر دەستن وا نیشان دەدەن کە ژمارەی ئەو حالەتە لەو کەسانەی کە ڤاکسینیان وەرگرتووە ، ھەندێک زیاترە بە بەراوردکردن بە دۆخی ئاسایی ، ئەمەش لێکدانەوەی ئەوەی بۆ دەکرێت کە ئەو دیاردەی خوێن مەیین پەیوەندی بە ڤاکسینەکان ھەبێت.

2-لە ئەوروپاو ئەمریکا گرنگیەکی یەکجار زۆر بە ئامارەکان دەدرێت ، دیارە سەلامەتی دەرمان و ڤاکسین زۆر بە ووردی چاودێری دەکرێت . لە ئەگەری ھەر کێشەیەکی لاوەکی یاخود مردن بە ووردی تۆمار دەکرێت ، لەبەر ئەوە ئامارەکان جێگای باوەری خەلک و ناوەندە زانستیەکانن . ئەوەی تاکوو ئێستا تێبینی کراوە لەھەر ملیۆن کەسێک کە ڤاکسینی ئەسترازێنیکا وەردەگرن ، پێنج کەس تووشی خوێن مەیین دەبن لە مێشک . سەرەتا وا نیشاندرا کە ئەم دیاردەیە دەگمەنە تەنھا لە ڤاکسینی ئەسترازێنیکا بوونی ھەیە ، بەلام لە چەند رۆژی ڕابردوو دەرکەوت ھەمان کێشە لە ڤاکسینی فایزەریش تێبینی کراوە بەرێژەیەکی تۆزێک کەمتر . ھەرچەندە داتای وورد و باوەرپێکراو بۆ ڤاکسینی سینۆفارم بەردەست نیە ، بەلام وا دەردەکەوێت کە کێشەی خوێن مەیین زۆر کەمتر بێت بە بەراوردکردن لەگەل ڤاکسینەکانی تر.

3-.دیارە لە ئەگەری روودانی خوێن مەیین ، چارەسەری ھەیە ، بۆیە رێژەی مردن بە ھۆی کێشەی خوێن مەیین بەپێی ئەو ژمێریاریەی لەژێردەستە لە ھەر ملیۆن کەسێک تەنھا یەک کەسە.

4-ڤاکسینەکان کاریگەرن لە کەمکردنەوەی رێژەی تووشبوون بەو پەتایە بە رێژەی جیا جیا ، بەلام ئەوەی تێبینی کراوە ھەموو ڤاکسینەکان زۆر کاریگەرن لە کەمکردوونەوی رێژەی تووشبوون بە توندی بە پەتاکە . وا دەبینرێت ئەو کەسەی کە ڤاکسین وەردەگری لە ئەگەری تووشبونیش پێویستی بە نەخۆشانە نابێت. ھەرچەندە چەند رۆژێک پێش ئێستا لێکۆلینەوەیەک لە ئەمریکا وا نیشان ئەدات کە تەنانەت ئەو کەسانەی ڤاکسینیش وەردەگرن بۆی ھەیە بە توندی تووشی پەتاکە ببن و پێویستیان بە چارەسەری نەخۆشخانە ھەبێت ، بەلام بە بەروارد لەگەل ئەو ژمارەیە زۆرەی خەلک کە لە ئەمریکا ڤاکسینیان وەرگرتووە یەکجار کەمە، مردن بە ھۆی پەتاکە زۆر دەگمەنە دوای ڤاکسین وەرگرتن .

5-لە ئەمریکا ھەردوو ڤاکسینی فایزەرو مۆدێرنا بەکاردەھێنرێت ، کەچی لە بەریتانیا بە رێژەیەکی یەکجار زۆر ڤاکسینی ئەسترا زێنیکا بەکارھاتووە ، ھەندێک لە لێکۆلینەوەکان وا دەردەخەن کە ڤاکسینی ئەسترازێنیکا لە کەسانی بەتەمەن کاریگەرترەو برێکی زیاتر لە دژەتەن لە خوێنی ئەو کەسانە بینراوە کە ڤاکسینەکەیان وەرگرتوە بە بەراوردکردن لەگەل ڤاکسینی فایزەر ، لە راستیدا ڤاکسینی ئەسترازێنیکا زیاتر لەھەر ڤاکسینێکی تر بەکارھاتووە لە سەرنسەری جیھان . تەنانەت رێکخراوی تەندرووستی جیھان دەزانێت کە ئەسترازێنیکا رۆلی سەرەکی دەبێت بۆ رووبەروبونەوەی ئەو پەتایە.

رۆژانە ھاوولاتیانی کوردستان پەیوەندیم پێوەدەکەن ، پرسیار دەکەن کام جۆری ڤاکسین باشەو کامیان بەکاربھێنم . لە وەلامدا دەلێم ھەموو ڤاکسینەکان باشن و کاریگەرن . کێشەی خوێن مەیین دیاردەیەکی یەکجار کەمە، تەنانەت لە ئەگەری روودانیش چارەسەری ھەیە . بۆیە دەبێت ھەر کەسێک لەو کاتەی بۆی دیاریکراوە ڤاکسینەکان وەرگرن ، چونکە لە چاوەروانی ڤاکسینێکی دیاریکراو بۆی ھەیە تووشی پەتاکە بیت و لە کاتانەدا کێشەی خوێن مەین بە ھۆی ڤایرۆسەکە بە ھیچ شێوەیەک لەگەل ڤاکسینەکان بەراورد ناکرێت . لەئەگەری ئەوەی کە ھەموو ڤاکسینەکان لەھەمان کاتدا لەبەر دەست بێت ، دەکرێت ڤاکسینی ئەسترازێنیکا تەرخان بکرێت بۆ کەسانی سەروو تەمەن شەست سالی ، چونکە دەزانین لەو تەمەنە دیاردەی خوێن مەین روونادات و ئەگەری ئەوە ھەیە کە ڤاسینەکە کاریگەرتر بێت .ڤاکسینی سینۆفارم بدرێت بە کەسانی خوار چل سالی ، چونکە وادەبینرێت کە کیشەی خوێن مەین لەو ڤاکسینە زۆر کەمە.ڤاکسینی فایزەر بدرێت بە کەسانی چل بۆ شەست سال. من خۆم بروای تەواوم بە ھەموو ڤاکسینەکان ھەیە و لەو باوەرەدام کە ھەر جۆری ڤاکسینێک لەبەردەستە دەبێت بەکاربھێنرێت بە تایبەت ئەو کەسانەی ئەگەری بەرکەوتنیان زۆرە یان ھەلگری نەخۆشین بێ جیاوازی تەمەن.

تا ئێستا زیاتر لە ٩٠٠ ملیۆن ژەمی ڤاکسین دراوە بە خەلک لە سەرانسەری جیھان ، بە تێپەڕبوونی کات دەردەکەوێت، کە کێشەی خوێن مەین دەگمەنەو تا دێت ئەو مەترسیە بەرامبەر ڤاکسینەکان كەمتر دەبێتەوە، دەبێت ئەوەش بووترێت، کە لە مێژووی ڤاکسینەکاندا ھیچ کێشەیەكی تەندرووستی لە ماوەی درێژ دوای ڤاکسینەکان بەدی نەكراوە، دیارە ڤاکسینی دژی ڤایرۆسی کۆرۆناش ھیچ جیاوازیەکی لەگەل ڤاکسینەکانی تر نیە، ئەو پروپاگەندانەی دەربارەی ڤاکسینی کۆرۆنا دەكرێت، کە لە ماوەی درێژخایەندا کێشەی تەندروستی دەنێتەوە، ھیچ بنەمایەکی زانستی نیە. کوردستانیانی خۆشەویست ، پێویستە ئێمەی کوردیش وەک نەتەوەکانی تر پێشوازی لە ڤاکسینەکان بکەین و دوو دل نەبین لە ڤاکسین وەرگرتن ، جا ئەو ڤاکسینە ھەر جۆرێک بێت .

 

لەندەن

سه‌رچاوه‌ : په‌یجى دكتۆر عارف گۆران له‌ فه‌یسبووك

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین