ئێران و قۆناغی دوای ڕەئیسی بیروڕا

نوچەنێت

نوسینی: چنوور جەعفەر ئەحمەد/ زانكۆى سۆران 

لەم نوسینەماندا بە خوێندنەوەی ڕای چاودێرانی سیاسی ڕۆشنایی دەخەینە سەر ئێران و قۆناغی دوای کەوتنەخوارەوەی هیلیکۆپتەری سەرۆککۆماری ئێران و مردنی خۆی و هاوەڵەکانی، کاریگەرییەکانی لەسەر داهاتووی کۆماری ئیسلامیی ئێران چی دەبێت؟ ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران وحسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی یەکشەممە لە کاتی گەڕانەوەیان لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵاتی ئێران لە ڕووداوێکی هێلیکۆپتەردا گیانیان لەدەستدا. کۆچی دوایی سەرۆککۆمار لەگەڵ کۆچی دوایی یەکێک لە بەرپرسە نزیکەکانی، لە کاتێکی زۆر ناسکدایە بۆ کۆماری ئیسلامی، کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا ڕووبەڕووی چەندین تەحەدای ناوخۆیی ونێودەوڵەتی بووەتەوە. لەوانە پەرەسەندنی ڕاستەوخۆی گرژییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل وئەو ناڕەزایەتییە بەربڵاوانەی کە بەهۆی کوشتنی ژنێکی گەنجی کورد بە ناوی (مەهسا ئەمینی)یەوە لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا سەریهەڵدا. هەربۆیە بەلەبەرچاوگرتنی ئاستی نێوخۆیی و جەماوەری ڕای گشتی توڕەن لە دەسەڵاتدارانی ئێران، هەرچەندە بە پێی (دەستوری شەرعی)، ئێران دەبێت، خۆی ئامادە بکات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی نوێی سەرۆکایەتی لە ماوەی (50) ڕۆژدا، هەتا ئەم وادەیە دەبێت، (محەمەد موخبەر) جێگری پێشووی سەرۆکی ئێران وەک سەرۆکی کاتی کاربکات. هەرچەندە پێشبینی ئەوە ناکرێت لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەم وڵاتەدا سەرسوڕمانێکی ئەوتۆی بەرچاو بەدوای خۆیدا بهێنێت. چونکە دۆخەکەی ئەوەی لێ دەخوێندرێتەوە ئەو کەسایەتیە سیاسیانەی کە بەرچاون لەلایەن ڕابەری ئیسلامی ئێرانەوە دڵخوازن سەرکەوتووبن لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکەدا، هەرئەمەشە دەبێتە زامنی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتەکەیان.

 هەربۆیە واپێشبینی دەکرێت کە تاکە سەرچاوەی مشتومڕەکان ناکۆکییە ناوخۆییەکانی ناو بازنەکانی بەرەی کۆنەپەرستان بن. هەروەک لە دۆسیەی هەڵبژاردنی ڕەئیسی دا لە ساڵی (2021)دا، کە دوای بێبەشکردنی چەند کاندیدێکی میانڕەو وچاکسازیخواز، لەلایەن ئەنجومەنی پارێزەرانەوە ڕوویدا، چاوەڕوان دەکرێت "پیاوی سیستەم" ئێکی دیکە لەئێراندا سەرهەڵبدات. تا ئەو شوێنەی کە پەیوەندی بە کاریگەرییە ناوخۆییەکانەوە هەیە، مردنی ڕەئیسی پرسیاری بەرچاوی سەبارەت بە جێنشینی و ڕۆڵی ڕێبەری باڵای لێدەکەوێتەوە. چونکە ڕەئیسی بە هۆی ئەوەی وەک پیاوی ئایینی ناسرابوو. لە مێژبوو وەک یەکێک لە ناوە دڵخوازەکان بۆ جێنشینی ئایەتوڵڵای ئێستا، عەلی خامنەیی دەست نیشانکرابوو. 

هەرلەبەرئەوەشە مردنەکەی ڕەئیسی، کاریگەری درێژخایەنی لەسەر دۆخی سیاسی نێوخۆیی ئێرانی لێدەکەوێتەوە، کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرەکەی ڕەئیسی کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی سەرۆککۆماری ئێران وهاوەڵەکانی، لەنێویاندا وەزیری دەرەوە، تارانی گەیاندە مانشێتی میدیا جیهانییەکان. زۆر کەس خەریکی پێشبینی کاریگەری ئەم ڕووداوە بوون لەسەر سیاسەتی ناوخۆیی وڵات، وستراتیژییە ناوچەیی وجیهانییەکانی. هەرچەندە ئەم ڕووداوە بێ وێنە بوو، بەڵام پێدەچێت کاریگەرییەکانی لەسەر ئەم ستراتیژییانەی کەباسدەکرێت کەمترین بێت. ڕەئیسی بەهۆی دڵسۆزی تەواوەتی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری توانیبووی ئەم پۆستە وەربگرێت، وەزیری دەرەوەش، بە قسەی (محەمەد جەواد زەریف) وەزیری پێشووی دەرەوە تەنها "جێبەجێکەر"ی فەرمانەکانییەتی. هەربۆیە دەسەڵاتی سیاسیش. بەم شێوەیە، چ لە ئاستی ناوخۆ وچ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، بۆ ئێران وەک هەمیشە ڕەمزێکی بازرگانی دەبێت. بەڵام کاریگەری درێژخایەن لەسەر جێنشینی سەرکردایەتی شایەنی چاودێریکردن دەبێت. چونکە لە ئێراندا ڕەئیسی، یەکێک بوو لەو ڕۆحانییە زۆر کەمانەی خاوەن بیرێکی سیاسی گونجاو بوو بۆ ئەو کارە.

هەربۆیە وا پێشبینی دەکرێت کەسانی داهاتووی نێوهەڵبژاردنەکانی ئێران بۆ پرکردنەوەی پۆستەکان لە سیاسیەتمەدارە ناسراوەکانی ئێران بن. بە سەرنجدان بەوەی کە ئایەتوڵڵا خامنەیی، محەممەد موخبەر، جێگری سەرۆککۆماری ڕاسپاردووە کە لە ماوەی (50) ڕۆژدا ئامادەکاری بکات ودەنگدانی سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەنجام بدات، هەرچەندە موخبەر، ئەرکی مانەوەی وەک سەرۆکی چاودێر تا ساڵی (2025) پێشپێردرابوو بەواتای تا (کۆتایی خولی یەکەمی ڕەئیسی) لابرا. هەرچەندە ماوەی (50) ڕۆژە بەس نییە، چونکە (40) ڕۆژ لەم ڕۆژانە تەنها بۆ پرسە وماتەمینی ڕەئیسی وئەمیر عەبدوڵڵاهیان بەسەر دەچێت، لەگەڵ ئەوەشدا یادی (35) ساڵەی کۆچی دوایی (ئایەتوڵڵا خومەینی) بە هەمان شێوە لەم کاتەدا بەڕێوەدەچێت. سەرەڕای ئەوەش هەرکەسێک وەک کاندیدێک بۆ دەنگدانی مانگی تەمموز خۆی کاندید بکات، دەبێتە سیاسەتمەدارێکی پێشتر ناسراوبێت. جگە لە محەمەد موخبەر، ئەو ناوانەی تر ئەشێت بریتی بن لە هەریەکە لە (محەمەد باغر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان وعەلی لاریجانی سەرۆکی پێشووی پەرلەمان وعەلی ئەکبەر ساڵحی سەرۆکی پێشووی ئەتۆمی). بە ئەگەرێکی دووریشەوە ڕەنگە جەمیلە ئەلامۆلهۆدا، هاوسەری ڕەئیسی کە ئەکادیمیستێکی بەناوبانگە، خۆی کاندید بکات بۆ پڕکردنەوەی پۆستی هاوسەرە کۆچکردوەکەی. 

ئەگەری بوونی گواستنەوەی شەڕێکی نێوخۆیی کۆنەپەرستانە لە پڕکردنەوەی جێنیشینی ڕەئیسی دا لەم وڵاتەدا دەنگۆیەکی ترە، چونکە ڤیدیۆی خۆپیشاندانی خۆشحاڵی کە گوایە لە هەندێک شاری ئێراندا بەڕێوەچووە، دوای هەواڵی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی سەرۆککۆماری ئێران، تاڕادەیەکی زۆر لە سەرانسەری میدیاکانی ڕۆژئاوادا بڵاوبووەتەوە. ئەگەرچی پشتڕاستکردنەوەی ڕاستی و دروستی ئەو جۆرە گرتە ڤیدیۆیانە ئەستەمە، بەڵام گومانی تێدا نییە کە ڕەئیسی سەرۆکێک بووە، کە بە شێوەیەکی بەرفراوان لەلایەن دانیشتوانی ئێرانەوە خۆشەویست نەبووە. هەربۆیە پێدەچێت جێنشینی ڕەئیسی بگۆڕدرێت بۆ ململانێیەکی ناوخۆیی لەناو سیستەمە سیاسییەکەی ئێراندا، کە پێدەچێت گرووپی پایەدارانی سەرەوە سەرکەوتنی خۆیان بەسەر گرووپی نەریتخوازدا بەدەستبهێنێن، کە لێرەدا پرنسیپالستەکانن. بانگەشەی ماوە کورتی هەڵبژاردنەکانیان دەبێتە هۆکاری سەرکەوتنیان و بەمەش نە لە بەرژەوەندیی سەربەخۆکان دەبێت و نە چاکسازیخوازان و پراگماتیستەکان لەم ووڵاتەدا.

هەرچی پەیوەندی بە سیاسەتی دەرەوەی ئێرانەوە هەیە، پێناچێت کۆچی دوایی ڕەئیسی سەرۆککۆمار و ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران. هیچ شۆکێک لە سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا دروست بکات، چونکە تا ئێستاش هەڵسوڕێنەری ئەم دەسەڵاتە سیاسییە لە دەستی عەلی خامنەیی وپاسدارانی ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێراندا ماوەتەوە. هەروەک چۆن لەسەر ئاستی ناوخۆ، هەروەها لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ئێران بەردەوام دەبێت لە پێشڕەویکردن بەدرێژایی ڕێڕەوی بەردەوامی، هەوڵدەدات نیشانەکانی لاوازی لە قۆناغێکی زیادبوونی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نیشان نەدات، کە بەهۆی شەڕی غەززە وە جارجارە هێرشی دەکرێتە سەر و پشتگیری لە بریکارە ناوچەییەکانی دەکات. چونکە دواجار ئامانجی کۆماری ئیسلامی دەستەبەرکردنی مانەوەی ڕێژێمە لەناوچەکەدا. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین