هەوڵەکان بۆ دیاریکردنی سەرۆکی پەرلەمانی عیراق زیاتر دەبن عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

ڕەوتی حیکمە ڕایگەیاند، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کاندیدێکی سوننە یەکلایی بکرێتەوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.

ڕۆژی شەممە (25/ئایار/2024) ماڵپەڕی (شەفەق نیوز) بڵاویکردەوە، ڕەوتی حیکمە باس لە یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەکات و ئەحمەد عیساوی، ئەندام پەرلەمانى شیعە ڕایگەیاند، "هەوڵەکان چڕ کراونەتەوە بۆ دیاریکردنی کاندیدێکی سوننەی یەکلاییکەرەوە بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق".

ئەو ئەندام پەرلەمانە ڕاشیگەیاند، "ئەو قەیرانەی بۆ پڕکردنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان هەیە پێویستە چارەسەر بکرێت، ئەم پۆستە بۆ سوننەکان دیاریکراوە و هەموو لایەنەکان بە هەماهەنگی دەیانەوێت پارێزگاری لەم پۆستە بکەن بۆ ئەوان و داوای چارەسەری بەپەلە دەکەن".

دەربارەی کاتی هەڵبژاردنی کەسێکی دیاریکراو بۆ ئەم پۆستە عیساوی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، "سەرەتا پێویست دەکات لە نێوان لایەنە جیاوازەکان گفتوگۆ دەربارەی ئەم پرسە بکرێت و ڕەنگە لەم هەفتەیەدا دانیشتن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عیراق بکرێت".

دوای زیاتر لە شەش مانگ لە دوورخستنەوەی حەلبووسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و دوای چەندین گفتوگۆ، ڕێککەوتن و دانیشتن، بڕیار بوو شەممەی ڕابردوو (18/5/2024) سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرێت، بەڵام دوای سێ گەڕی دانیشتن نەتواندرا ئەم پۆستە یەکلایی بکرێتەوە و کاندیدێکی دیاریکراوی بۆ هەڵبژێردرێت و تاوەکو ئێستا ئەم پرسە بە چارەسەر نەکراوی ماوەتەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین