سعودیە تیمێکی میدیایی ئێران لەو وڵاتە دەردەکات ئێران

نوچەنێت

سەرۆکی رێکخراوی میدیای حکومەتی ئێران، دەستگیرکردن و دەرکردنی تیمێکی راگەیاندنی سەر بە حکومەتی ئەموڵاتەی لە سعودیە راگەیاند و دەڵێت "هۆکاری دەستگیرکردن و گەڕانەوەی ئەو کەسانە نازانین".

رۆژی چوارشەممە (29/ئایار/2024) بی بی سی لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، پەیمان جەبەلی، سەرۆکی رێکخراوی دەنگ و رەنگ (میدیای حکومەتی)، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ (چوارشەممە)، دەستگیرکردن و دەرکردنی تیمێکی راگەیاندنی سەر بە حکومەتی ئێرانی لە سعودیە راگەیاند و بۆ پێشوازی لەم پەیامنێرانە لە تاران سەردانی فڕۆکەخانەی کردووە.

بەپێی راپۆرتی میدیای ئێران، ئەم تیمە میدیاییە شەش کەسییە، بۆ ماوەی هەفتەیەک دەستبەسەر کراون. جەبەلی-ش لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ کەناڵی خەبەر دەڵێت "لە هۆکاری دەستگیرکردن و گەڕانەوەی ئەو کەسانە نازانین".

بەرپرسی میدیای ئێران دەشڵێت "ئەو تیمە میدیاییە خەریکی تۆمارکردنی قورئان بوون لە مزگەوتی نەبی". هەروەها کەناڵی خەبەری ئێران-یش بڵاویکردەوە، کە ئەم تیمە بۆ رووماڵکردنی رێوڕەسمی حەجی ئەمساڵ چوونەتە سعودیە.

جەبەلی دەڵێت، کە ئەم تیمە میدیاییە "لە چوارچێوەی گروپی بعثە" نێردراون و "سەرقاڵی ئەنجامدانی ئەرکێکی ئاسایی بوون".

بە وتەی جەبەلی، لە ماوەی ئەو هەفتەیە باڵیۆزخانە، وەزارەتی دەرەوە، نوێنەری رێبەری باڵای ئێران بۆ کاروباری حەج و دامودەزگاکانی دیکە بە دوای ئازادکردنی ئەم تیمەی راگەیاندنەوە بوون.

عەلی خامنەیی، لە گوتارێکیدا لە مانگی رابردوو بە ئاماژە بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و غەززە رایگەیاند: "حەجی ئەمساڵ دەبێ زیاتر لە هەموو ساڵێکی تر، حەجی بێتاوانی لەم دوژمنە تاوانکارەی موسڵمانان و لایەنگرانی بێت".

عەبدولفەتاح نەواب، نوێنەری فەقێ لە بابەتی حەج و زیارەت و بەرپرسی حاجیانی ئێرانی، لەم دیدارەدا دەڵێت، حەجی ئەمساڵ دەبێت رەنگدانەوەی گەردەلولی ئەقسا و بەڵێنی سادق، بێت. ئەمەش ئاماژەیە بۆ دوو هێرشی حەماس و ئێرانە بۆ سەر ئیسرائیل.

سعودیە چەندین جار لەبارەی خۆپیشاندان و درووشمی سیاسی لە میانی رێوڕەسمی حەج هۆشداری داوە. بەڵام پێداگری حکومەتی ئێران لەسەر گردبوونەوە و درووشمی سیاسی لە پەراوێزی رێوڕەسمی حەجدا، پێش لەمە بووەتە هۆی ناکۆکی لە نێوان تاران و ریاز.

دوای سەرکەوتنی شۆڕشی 1979 لە ئێران، چەندین جار ناردنی حاجیانی ئێرانی بۆ سعودیە راگیراوە.

ئەمساڵ ناردنی حاجیانی ئێرانی بۆ عەمرە بە تاکە، کە بڕیار بوو ئەمڕۆ دوای نۆ ساڵ دەست پێبکاتەوە.

سەرچاوە: بی بی سی

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین