پاکستان: چوار هاوڵاتیمان لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە کوژران ئێران

نوچەنێت

بەرپرسانی پاکستان رایانگەیاند، بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران، چوار هاوڵاتی ئەم وڵاتە لە پارێزگای بەلوچستان کوژراون و دوو هاوڵاتی دیکەش بریندار بوون.

رۆژی پێنجشەممە (30/ئایار/2024) رادیۆفەردا لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، عومەر جەمالی، جێگری کۆمیساری ناچەی واشوک لە پارێزگای بەلوچستانی پاکستان، تەقەکردنەکان لە نزیک سنووری ئێران و پاکستان لە ناوچەی واشوک روویداوە.

نەعیم عومرانی، جێگرێکی دیکەی کۆمیساری ناوچەی واشوک دەڵێت، بەرپرسانی ئەم وڵاتە سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە رووداوەکە، بۆ ئەوەی هۆکاری تەقەکردنەکان بزانن.

دوابەدوای هێرشە سەربازیی و بێ وێنەی ئێران و پاکستان بۆ سەر خاکی یەکتر لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی رابردوو، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران، مانگی رابردوو بەسەردانێکی سێ رۆژە گەیشتە پاکستان بە ئامانجی باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

 سەردانەکەی رەئیسی وەک هەنگاوێکی جەوهەری بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و ئیسلام-ئاباد دانرا.

هەوڵە بەپەلەکانی دیپلۆماسی دوای ئەم هێرشانە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان، دڵنیایی بە هەردوولا بەخشی، کە رێز لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی یەکتر دەگرن. تاران و ئیسلام-ئاباد هەروەها بەڵێنیان دا کە هاوکارییە ئەمنییەکانیان بە تایبەت لەو ناوچە سنووریانەی کە ساڵانێکە نائارامیی زۆریان بەخۆیانەوە بینیوە.

ئیسلام-ئاباد دوای هێرشەکەی رایگەیاند، کە بنکەی گرووپە جیایی خوازەکانی "بەرەی رزگاریخوازی بەلووچ" و "سوپای رزگاریخوازی بەلووچ"ی کردووەتە ئامانج و تاران هەروەها رایگەیاند، کە سەر گرووپی چەکداری "جیش العدل"ی کردۆتە ئامانج.

ئەم گرووپە چەکدارانە لە ناوچەیەکدا چالاکی دەکەن، کە پارێزگای بەلوچستان لە باشووری رۆژئاوای پاکستان و پارێزگای سیستان و بەلوچستان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لەخۆدەگرێت. هەردوو هەرێمەکە نائارامە، کە دەوڵەمەندن بە کانزاکان و تاڕادەیەکی زۆریش گەشەنەکردوو.

سەرچاوە: رادیۆفەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین