گۆران سه‌باح رۆمانى کولتوور

لاڤین عومەر: تایبەت بە نوچەنێت

گۆران سه‌باح نووسه‌ر و وه‌رگێڕ دوایین رۆمانى خۆى به‌ ناوى "مرۆڤى هه‌رزان" بڵاو ده‌كاته‌وه‌ و له‌باره‌ى ناوه‌ڕۆكى رۆمانه‌كه‌ بۆ نوچه‌نێت ده‌ڵێ، " ناوەڕۆکی رۆمانەکە باس لە ململانەی فەلسەفە و ئایین و زانست دەروونشیکاری بۆ چارەسەری پەتای خۆکوشتن دەکات".

 گۆران سه‌باح نووسه‌ر و وه‌رگێڕ و رۆژنامه‌نووس له‌ لێدوانێكى تایبه‌ت به‌ "نوچه‌نێت" باسى له‌ دوایین رۆمانى خۆى كرد ، كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ چاپكراوه‌ و له‌ هه‌ولێر و سلێمانى به‌ واژۆى نووسه‌ر له‌ دوو كۆڕى جیاواز بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و شێرزاد حه‌سه‌ن نووسه‌رى به‌ناوبانگى كورد له‌ كۆڕه‌كاندا قسه‌ى له‌ سه‌ر ناوه‌ڕۆكى رۆمانه‌كان كردووه‌.

ناونیشانى رۆمانه‌كه‌ى گۆران سه‌باح " مرۆڤى هه‌رزان"ه‌ و له‌  دوو توێى 211 لاپه‌ڕه‌ چاپ كراوه‌، ئه‌مه‌ چواره‌م رۆمانى ئه‌و نووسه‌ره‌ گه‌نجه‌ ده‌بێت، چونكه‌ پێشتر سێ رۆمانى ترى به‌ ناوه‌كانى "شاخوێنبه‌رى سه‌ركرده‌"،"ترس و ڕق" "دووى سوور" بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ رۆمانى "مرۆڤى هه‌رزان" گۆران سه‌باح گوتى، " ناوەرۆکی رۆمانەکە باس لە ململانەی فەلسەفەو ئایین و زانست دەروونشیکاری دەکات بۆ چارەسەری پەتای خۆ کوشتن، هیچیان چارەسەر نادۆزنەوە، بەڵام کچێکی شازادە ساڵێ دەموچاو سەقەت دێتە فریایان، ئیتر توشی کۆمەڵێک کێشە دەبێتەوە".

ده‌رباره‌ى گۆران سه‌باحى رۆماننووس و وره‌گێڕ:

گۆران سەباح: بێ لە مرۆڤی هەرزان، سێ ڕۆمانی تری بڵاو کردووەتەوە. شاخوێنبەری سەرکردە، ترس و ڕق و دووی سوور. ترس و ڕق و دووی سووری بە ئینگلیزیش بڵاو بوونەتەوە لە جیهان.

دە باسی لەسەر چۆنێتیی نووسینی ڕۆمانی خەیاڵی زانستی بڵاو کردووەتەوە. دەنگێکی تازەیە لە ڕەخنەی ئەدەبیی کوردی، بەم دواییانە کۆمەڵێک خوێندنەوەی ڕەخنەیی بۆ چەندان ڕۆمان کردووە.

وەک وەرگێڕ تا ئێستە ٣٠ کتێبی لە ئینگلیزییەوە کردووە بە کوردی.

وەک باکگڕاوندی ئەکادیمیش: لە ئەمریکا ماستەر و دکتۆرای لە بواری ڕۆژنامەوانی و نووسینی ڕۆمان تەواو کردووە. لە زانکۆی کانزەس لە ئەمریکا بۆ ماوەی پێنج ساڵ مامۆستا بووە.

لە زۆربەی زانکۆ گەورەکانی دنیا لێکۆڵینەوەی پێشکێش و بڵاو کردووەتەوە. هەڵگری خەڵاتی باب سیگمانی ئەمریکییە بۆ بواری ڕۆژنامەوانی و خەڵاتی کاڵدەر پیکێتی ئەمریکییە لە بواری نووسین. لاوی ساڵ بوو لە کوردستان لە ٢٠٠٩ لە بواری نووسین و وەرگێڕان. فوڵبڕایت سکۆلەری ئەمریکییە. گەورە ڕۆماننووسی ئەمریکی، جێیمس پاترسن، مامۆستای بووە و کۆڕسێکی تایبەتی پێ گوتووە لەسەر نووسینی ڕۆمان.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین