وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی پێشنیارەکەی بایدن سەردانی لوبنان و سووریا دەکات ئێران

نوچەنێت

حزبوڵڵای لوبنان دەڵێت، وەزیری دەرەوەی ئێران (بەوەکالەت) لەگەڵ حەسەن نەسروڵڵا، سەرۆکی ئەم گرووپە کۆبووەتەوە. دواتر سەردانی دیمەشق کردووە و لەگەڵ بەشار ئەسەد کۆبووەوە. ئەمەش پەیوەندی بە پێشنیاری بایدنەوە هەیە بۆ ئاگربەست لە غەززە.

ڕۆژی چوارشەممە (5/حوزەیران/2024) دویچەولە لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، حزبوڵڵای لوبنان، کە گرووپێکی سەربە ئێرانە رایگەیاند: عەلی باقری کنی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، رۆژی سێشەممە (دوێنێ) لەگەڵ حەسەن نەسروڵڵا، سەرۆکی حزبوڵڵای لوبنان کۆبووەتەوە و لەبارەی "چارەسەری پێشنیارکراو" بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززەیان تاوتوێ کردووە.

بەگوێرەی ئاژانسی فەرەنسا، لە بەیاننامەکەی حزبوڵڵا هاتووە، کە هەردوولا "دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە و بەتایبەتی لە بەرەی غەززە و لوبنان و چارەسەرە پێشنیازکراوەکانیان تاوتوێ کردووە".

نووسینگەی سەرۆک کۆماری سوریا، لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت، کە باقری کنی ئێوارەی رۆژی سێشەممە گەیشتووەتە دیمەشق و لەوێ لەگەڵ فەیسەڵ موقداد وەزیری دەرەوە و بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆمار کۆبووەتەوە و لەبارەی "پەیوندی دوولایەنە و پێشهاتەکانی ناوچەکانی فەلەستینیان" تاوتوێ کردووە.

بەگوێرەی راپۆرتی ئاژانسی ئیرنا، پەرەپێدانی رەوتی هاوکاری و پەیوەندییەکانی نێوان تاران و دیمەشق و قەیرانی غەززە و پێویستی کۆتاییهێنان بە شەڕ، لە بەرنامەی وتووێژی نێوان هەردوولا بووە.

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، هەینی رابردوو نەخشە رێگای سێ قۆناغی بۆ ئاگربەستی تەواو دانا و بە گوتەی خۆی پێشنیارێکی نوێی ئیسرائیلە و داوای لە حەماس کرد ئەوە قبووڵ بکات.

باقری کنی رۆژی رابردوو، لە یەکەم گەشتی دەرەوەی وڵاتی لە دوای دەستبەکاربوونی وەک وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، دوای گیانلەدەستدانی حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوە لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەردا، گەیشتە لوبنان.

باقری کنی رۆژی دووشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: پێویستە ئەمریکا لەبری ئەوەی پێشنیاری ئاگربەست هەموو هاوکارییەکانی خۆی بۆ ئیسرائیل رابگرێت. 

سەرچاوە: دویچەولە

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین