رووسیا و چین و ئێران بەیاننامەیەکی هاوبەش بڵاودەکەنەوە ئێران

نوچەنێت

رووسیا، ئێران و چین لە کاردانەوە بە هەڵوێستی فەرەنسا، ئاڵمانیا و بەریتانیا، سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی تاران، بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و وێڕای رەخنەگرتن لەم سێ وڵاتە ئەوروپییە و ئەمریکا، رایانگەیاند "بڕگەکانی رێککەوتنە ئەتۆمییەکە هێشتا کاریگەرە و پشتگیری ئەم رێککەوتنە دەکەن".

رۆژی چوارشەممە (5/حوزەیران/2024) ئێران ئینتەرناشناڵ لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، رووسیا، ئێران و چین لە بەیاننامە هاوبەشەکەیاندا دەڵێن، ئەم بەیاننامەیەیان لە چوارچێوەی بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی ئەنجومەنی بڕیاردانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بۆ پشتڕاستکردنەوە و چاودێریکردنی کۆماری ئیسلامی لە ژێر رۆشنایی بڕیارنامەی 2231ی ئەنجومەنی ئاسایشدا دەرکردووە.

ئێران، رووسیا و چین، لە بەیاننامەکەیاندا بە ئاماژەدان بەو گرنگییەی کە ئەم سێ وڵاتە بە رێککەوتنە ئەتۆمییەکە (بەرجام) دا، ئەو هەوڵانەی کە بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی لەم ساڵانەدا داوییدا ئەنجامدراوە. دەشڵێن "سەرەڕای ئەوەی، کە لە ساڵی 2018 ئەمریکا بە شێوەیەکی نایاسایی و تاکلایەنە لەم رێککەوتنە کشایەوە و سیاسەتی زۆرترین گوشاریان لە دژی کۆماری ئیسلامی گرتەبەر، پشتیوانیان لە رێککەوتنی ئەتۆمی گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە".

ئەم بەیاننامەیە لە کاتێکدا دەرچووە، کە چەند کاتژمێرێک پێش ئەمە، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا لە کردەوەکانی تاران بە ئاراستەی پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی و پەرەسەندنی گرژییەکان لەم بوارەدا رەخنەیان گرت، کە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران گەیشتووەتە "ئاستی جێی نیگەرانی". 

لەم بەیاننامەکەیاندا ئەوەیان خستۆتەڕوو، کە لێدوانی ئەم دواییەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە توانای بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی و هەروەها ئەگەری گۆڕینی سیاسەتی ئەتۆمی حکومەتی ئێران، متمانەی نێوان تاران و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی زیاتر لە جاران زیانی پێگەیشتووە.

چین، ئێران و رووسیا، لە بەیاننامەکەیاندا نووسیویانە، وڵاتانی رۆژئاوا دەبێ ئیرادەی سیاسی خۆیان پیشان بدەن و خۆیان لە سووڕی بێ کۆتایی دووبارەکردنەوە بەدوور بگرن و هەنگاوی پێویست بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە بنێن.

سەرچاوە: ئێران ئینتەرناشناڵ

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین