بایدن: بەردەوام دەبین تا هەموو بارمتە ئیسرائیلییەکان ڕزگار دەکەین عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، پێشوازی لە ڕزگار کردنی چوار بارمتە ئیسرائیلییەکە دەکەم، بەردەوام دەبین تا هەموو بارمتەکان ڕزگار دەکەین.

ڕۆژی یەکشەممە (نۆی حوزەیران/2024) ماڵپەڕی (شەرقولئەوسەت) بڵاویکردەوە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا جەختی لەوە کردەوە، "بەڵین دەدەم کار بکەین بۆ ڕزگار کردنی سەرجەم بارمتەکانی ئیسرائیل، ناوەستین تا هەموو بەندکراوەکان ئازاد دەکرێن و ئاگربەست جێبەجێ دەکرێت".

سەرۆکی ئەمەریکا ڕاشیگەیاند، "دڵخۆشین بە ڕزگار کردنی بارمتەکان و پیرۆزبایی لە خێزانەکانیان دەکەین و ئازاد کردنی بارمتە و زیندانییەکان کاری لە پێشینەمانە و واز لە کارکردن ناهێنین تا هەموویان نەگەنەوە ماڵەکانیان".

جەیک سولیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا گوتی، "ستایشی دەزگا ئەمنییەکانی ئیسرائیل دەکەین، ئۆپراسیۆنێکی بوێرانە و سەرکەوتووانەیان بۆ ڕزگار کردنی بارمتەکان ئەنجام دا. ڕێککەوتنی ئاگربەست دەبێتە هۆی ئازادکردنی هەموو بارمتە و گیراوەکان و ئاسوودەیی و ئارامی بۆ هاووڵاتیانی مەدەنی دروست دەکات".

بڕیارە هەفتەی داهاتوو ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جارێکی تر سەردانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بکاتەوە و گفتوگۆ بکات دەربارەی ئاگربەست و چارەسەری سیاسی بۆ جەنگی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین