ئەردۆغان لەگەڵ سەرۆکی رووسیا و ئەمریکا کۆدەبێتەوە شیکاری

نوچەنێت

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە ڕۆژى (3-4)ـی تەممووز لە ئاستانە لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا کۆدەبێتەوە، هەروەها لە ڕۆژانى (9-11)ـی تەممووز لە ئەمەریکا لە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی ناتۆ لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا کۆدەبێتەوە.

ماڵپەری (میللەت) بڵاویکردەوە، لە ڕاپۆرتێکدا  بڕیارە سەرۆکی تورکیا لە مانگی داهاتوو لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا و ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا بەجیا کۆببێتەوە، چاوەڕوان دەکرێت تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکان شەڕی دژی تیرۆر و هەڵبژاردنی شارەوانی ڕۆژئاوای کوردستان بێت و سەرۆکی تورکیا سەبارەت بەو پرسە دەیەوێت هەڵوێستی تورکیا بگەیێنێت. 

بەوتەی گولرو گێزەر، شارەزا لە سیاسەتی دەرەوەی تورکیا کە بە ماڵپەری میللەتی ڕاگەیاندووە، "ئەردۆغان دووبارە دەیەوێت لەم دانووستاندنانەدا ڕۆڵی نێوەندگیری بگێرێت لە شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا، هەروەها تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکانی رووسیا و تورکیا پڕۆژەی تورکیا بوون بە ناوەندێکی وزە ئەمەش ویستێکی تری ئەردۆغانە." 

گێزەر سەبارەت بە رۆڵی رووسیا لە نێوان کێشەکانی سووریا و تورکیا رایگەیاند، "بابەتێکی گرینگی کۆبوونەوەکان لەنێوان پوتین و ئەردۆغان پرسی هەڵبژاردنی سووریایە، کە رووسیا پیشتیوانی لەو هەڵبژاردنە ناکات، دەنگۆی ئەوەش هەیە، ڕووسیا دەیەوێت ببێتە نێوەنگیر لە نێوان کێشەکانی تورکیا و سووریا ئەگەر سەرۆکی ڕووسیا فشار بخاتە سەر ئەسەد، لەوانەیە لەسەر مێزی کۆبوونەوەکان لەگەڵ ئەردۆغان دابنیشێت، کە پێشتریش ئەردۆغان ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ گفتوگۆ لەسەر کێشەکان دەربڕیبوو بەڵام سەرۆکی سووریا ڕەتی کردەوە و دەڵێت: "دەبێت تورکیا هێزەکانی بەتەواوەتی لە خاکی سووریا بکشێنێتەوە."

سەبارەت بە ‌هەڵبژاردنەکانى ڕۆژئاواى سووریا گوتیشی، "پێشهاتەکانی ئەم دواییانەی سووریا بەتایبەت هەڵبژاردنی رۆژئاوای کوردستان و نارازیبوونی تورکیا دژی بەرژەوەندییەکانی سەرۆکی سووریایە، ئەو وڵاتەش بۆتە ململانێی رووسیا و ئەمەریکا هەربۆیە رووسیا هەوڵدەدا رۆڵێکی سەرەکی ببینێت لە ئاسایبوونەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و سووریا، بۆ ئەوەی ئەمەریکا بەئاسانی لەم ناوچانە بکشێتەوە."

گێزەر لە وتەکانیدا باس لە کۆبوونەوەی نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان و جۆ بایدن دەکات و دەڵێت، "کێشەی سەرەکی نێوان هەردوو وڵات، نەبوونی متمانەى تورکیایە بە ئەمەریکا، هەروەها پیشتیوانى هاوکاریکردنی هێزە چەکدارەکانی ڕۆژئاوای کوردستانە، بۆیە چاوەروان دەکرێت ئەم پرسانە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکانیان بێت، لەلایەکی تر پرسی هەڵبژاردنەکانی سووریایە، چونکە لەماوەکانی رابردوو ئەمەریکا سەبارەت بە هەڵبژاردنەکان رایگەیاندبوو، لە ئێستادا ژینگەکە گونجاو نییە بۆ ئەم پرۆسەیە و دەرگای بە رووی هەڵبژاردنەکان بە تەواوەتی دانەخست، ئەردۆغانیش دەیەوێت لە دانوستاندنەکان نارەزاییەتیەکانی خۆی بەرامبەر بەو بابەتە بگەینێت، هەروەها دەیەوێت لەچوارچێوەی هاوکارییەکانی ئەمەریکا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە عێراق ئەمەریکا پاڵپشتی تورکیا بکات."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین