شه‌ر وپێكدادان له‌نێوان ئاسایشى خۆسه‌ر و هێزه‌كانى سووریا به‌رده‌وامه‌ کوردستانی

نوچه‌نێت

ئه‌مڕۆ روانگه‌ى سوورى بۆ مافه‌كانى مرۆڤ بڵاوى كردووه‌ته‌وه‌، له‌ قامشلۆى رۆژئاواى كوردستان شه‌ڕ له‌نێوان ئاسایشى ئه‌نجوومه‌نى خۆسه‌ر و هێزى به‌رگرى نیشتمانیى رژێمى سووریا به‌رده‌وامه‌. تا ئێستا چه‌كدارێكى ئاسایش و پێنج چه‌كدارى سووریا كوژراون، رووسیاش ده‌یه‌وێ بارودۆخه‌كه‌ هێور بكاته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 21ى نیسان روانگه‌ى سووری بۆ مافه‌كانى مرۆڤ له‌ راپۆرتێكدا باس له‌ رووداوه‌كانى شه‌وى رابردووى قامشلۆ ده‌كات و رایده‌گه‌ینێ، تا ئێستا شه‌ڕ و پێكدادان له‌نێوان هێزه‌كانى ئاسایشى سه‌ربه‌ ئه‌نجوومه‌نى خۆسه‌رى رۆژئاواى كوردستان و هێزه‌كانى به‌رگرى نیشتمانى سه‌ر به‌ رژێمى سووریا به‌رده‌وامه‌.

به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى روانگه‌ى سوورى بۆ مافه‌كانى مرۆڤ بڵاوى كردووه‌ته‌وه‌، تا ئێستا له‌ هێزه‌كانى سه‌ربه‌ رژێمى سووریا، پێنج چه‌كدار كوژراون و شه‌شیان بریندارن. له‌ ریزى ئاسایشیش ته‌نیا یه‌ك كه‌س كوژراوه‌.

له‌ رووى مه‌یدانییه‌وه‌ روانگه‌ى سوورى بۆ مافه‌كانى مرۆڤ باس له‌وه‌ ده‌كات، هێزه‌كانى ئاسایش توانیویانه‌ به‌ره‌و پێش بچن و گه‌یشتونه‌ته‌ بازگه‌ى گه‌ڕه‌كى ته‌ى كه‌ ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ له‌ قامشلۆ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتى ئه‌و هێزه‌ى سووریا دایه‌ كه‌ به‌ ناوى "به‌رگرى نیشتمانى" ده‌ناسرێت.

جیا له‌وه‌یش ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، چه‌كى قوڕس له‌ شه‌ڕه‌كه‌ به‌كارده‌هێنرێت و هه‌ردوو لا پاڵپشتى سه‌ربازى بۆ هێزه‌كانیان ده‌نێرن. له‌ڕووى سیاسییه‌وه‌ ده‌گوترێ رووسیا هه‌وڵ ده‌دات بارودۆخه‌كه‌ ئارام بكاته‌وه‌ و  ناوبژیوانى بكات.

روانگه‌ى سووری هۆكارى دروستبوونى گرژیى و شه‌ڕه‌كان بۆ هه‌ڵسوكه‌وتى هێزه‌كانى سه‌ربه‌ رژێمى ئه‌سه‌د ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ و ده‌ڵێ، "پێشیلكارییه‌كانى به‌رگرى نیشتمانى كه‌ سه‌ربه‌ رژێمه‌، به‌م دواییه‌ ده‌رهه‌ق به‌ هاووڵاتیان زیادى كردووه‌، به‌هۆى سه‌پاندنى سه‌رانه‌ به‌سه‌ر خه‌ڵك و داگیركردنى موڵكه‌كانیان".

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین