پسپۆرێکی کاروبارى جەنگ: هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل ئاشکرا دەکات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

پسپۆرێکی جەنگ ڕایگەیاند، ئیسرائیل هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمەریکای لە دژی چەکدارانی حەماس و حزبوڵڵا بەکارهێناوە و پاڵپشتییەکان زۆر لە پێشبینییەکان زیاتر.

ڕۆژی شەممە (29/حوزەیران/2024) ئاژانسی (رۆیتەرز) بڵاویکردەوە، تۆم کاراکۆ، پسپۆری جەنگ لە سەنتەری لێکۆڵینەوە و ستراتیژی نێودەوڵەتی گوتی، "لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماسەوە، ئەمەریکا بە شێوەیەکی بەرچاو پشتیوانی ئیسرائیلی کردووە".

پسپۆرەکە باسی لەوەش کرد، "بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن ژمارەیەکی زۆر چەک و تەقەمەنی بۆ ئیسرائیل ناردووە. بۆ نموونە، (14) هەزار بۆمبی هەمەجۆر، (3) هەزار مووشەکی هەوایی، هەزار بۆمبی بەنکەر،(2,600) بۆمبی بچووک و تەقەمەنی دیکە".

بەرپرسێکی ئەمەریکی جەختی لەوە کردەوە، "چەکی جیاواز بۆ ئیسرائیل نێردراون، لە (7) ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردووەوە  واشنتۆن بە بڕی (6.5) ملیار دۆلار هاوکاریی سەربازی پێشکەش بە ئیسرائیل کردووە".

 واشنتۆن ساڵانە بە بەهای (3.8) ملیار دۆلار پشتیوانی سەربازی ئیسرائیلی کردووە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا چەندین جار، "هۆشداری بە ئیسرائیل داوە لە ئەگەری کەمکردنەوەی هاوکارییەکان ئەگەر ئیسرائیل هاووڵاتیانی مەدەنی نەپارێزێت لە غەزە یاخود ڕێگە نەدات هاوکارییە مرۆییەکان بگەیێندرێت".

سەرەڕای نیگەرانییەکانی وڵاتان و داواکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ کەمبوونەوەی پشتیوانی سەربازیی ئەمەریکا، بەڵام پێدەچێت کەمبوونەوەیەکی بەرچاو ڕووینەدابێت و تەنیا ڕاوەستاندنی ناردنی چەند جۆرە بۆمبێکی بەهێزی لێکەوتبێتەوە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین