نامەیەکی نهێنی لەبارەی دیاریکردنی جێنشینی خامنەیی ئاشکرا دەکرێت ئێران

نوچەنێت

ئەندامێکی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری، بڵاوکردنەوەی نامەیەکی ئۆفیسی هەڵمەتی بانگەشەی سەعید جەلیلی، سەبارەت بە "دیاریکردنی جێنشینی رێبەری تا مانگی یازدەی ئەمساڵ" رەتکردەوە.

رۆژی دووشەممە (8/تەمموز/2024) رادیۆفەردا لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، ئەحمەد خاتەمی، ئەندامی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری، بڵاوکردنەوەی نامەی "دیاریکردنی جێنشینی رێبەری تا مانگی یازدەی ئەمساڵ" بە "ساختە" ناوبرد و رایگەیاند کە "بە توندی" رەتیدەکاتەوە.

ئەم نامەیە بەرواری سێ هەفتە لەمەوبەری لەسەرە و دیار نییە، بۆچی ئەحمەد خاتەمی، دوای ماوەیە رەتیکردووەتەوە، نەک لەو کاتەدا.

ئەو نامەیە بە واژۆی موحسین مەنسووری، سەرۆکی ئۆفیسی هەڵمەتی بانگەشەی سەعید جەلیلی، ئاراستەی جێگری رێکخستنی ئەم ستافە کردووە و تێیدا هاتووە، کە ئەنجوومەنی شارەزایان، ئەمساڵ "بەرپرسیارێتییەکی سەخت"یان لە ئەستۆتە و دەبێت جێنشینی رێبەری "دیاری" بکەن.

بە پێی ئەم نامەیە، ئەحمەد خاتەمی گوتوویەتی، کە "تاکو مانگی 11ی ئەمساڵ و بە پێی پلانی پێشوو، ئەم ئەرکە گرنگە پێویستە بگاتە ئەنجام؛ چونکە دوای ئەوە، ئەگەری هەر رووداوێک زۆرتر لە هەر شتێک لە ئارادایە".

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی شارەزایان لە رەتکردنەوەیدا، بڵاوکردنەوەی ئەو نامەیە بە "رەفتارێکی قێزەون" ناوبرد و دەڵێت "دووژمن بە خەیاڵی درۆینەی خۆی دەیەوێت لە ئاوی لێڵی هەڵبژاردن، ماسی بگرێت".

ئەنجومەنی شارەزایان لە 88 ئەندام پێکدێت، کە ئەرکی سەرەکییان دیاریکردنی رێبەری کۆماری ئیسلامییە.

لە ساڵانی رابردوودا لەگەڵ زیادبوونی تەمەنی عەلی خامنەیی، رێبەری ئێستای کۆماری ئیسلامی ئێران، کە ئێستا لە تەمەنی 84 ساڵیدایە، پرسی هەڵبژاردنی رێبەری داهاتوو، چەندین جار لە میدیاکان هاتۆتە ئاراوە.

بەگوێرەی ئەوەی بەشێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەزایان، لەوانە ئەحمەد خاتەمی و موحسین ئراکی، لە ساڵانی رابردوودا گوتوویانە، "لیژنەیەکی نهێنی" لەم دامەزراوەیە هەیە کە لە سێ ئەندام پێکهاتووە و ئەرکیشی دیاریکردنی ئەو کەسانەیە، کە "لە ئاستی رێبەریدان".

 خاتەمی نۆ ساڵ لەمەوبەر رایگەیاندبوو، کە ئەم لێژنەیە "بە رەچاوکردنی تەواوی نهێنی پارێزی" ئەم کارە ئەنجام دەدات و "ئەگەر رێبەر بیەوێت، ئەو ناوانە تەنیا پیشانی ئەو دەدرێت".

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین