یەکێـتیى ئەوروپا رووبەڕووى کێشە تەکنەلۆجییەکان دەبێتەوە بابەتی گشتی

نوچەنێت

وەرگێڕانی: سنور یاسین

چەندین لێکۆڵینەوەی جیاواز لە ئەوروپا ئاشکرایان کرد، تەکنەلۆجیا کێشەی بۆ وڵاتانی ئەوروپا دروست کردووە، پێویستە لێکۆڵینەوەی زیاتر لە بارەی پاراستنی تایبەتمەندییە کەسییەکان بکرێت.

دوای ئەوەی لێکۆڵینەوەی جیاواز کراوە دەربارەی کۆمپانیا تەکنەلۆجییە جۆراوجۆرەکان لە ئەوروپا، دەرئەنجامەکان ئەوە دەردەخەن هەریەکە لە کۆمپانیاى مێتا، ئەپڵ و مایکرۆسۆفت پێشێلکارییان کردووە لە بازاڕە دیجیتاڵییەکان، چاوەڕوان دەکرێت داوای قەرەبووى ماددی لەو کۆمپانیایانە بکرێت. مایکرۆسۆفتیش بەوە تۆمەتبارکرابوو کە بە شێوەیەکی نایاسایی ئەپلیکەیشنی چات و ڤیدیۆی تیمەکانی لەگەڵ بەرهەمەکانی ئۆفیسەکەی تێکەڵ کردووە، ئەمەیش پێویست دەکات کاری زیاتر بکرێت بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکان.

کام وڵات لەگەڵ کۆمپانیا تەکنەلۆجییەکاندا کێشەیان هەیە؟

یەکێتیی ئەوروپا

کۆمیسیۆنی ئەوروپا کۆمپانیاى مێتای تۆمەتبار کرد بەوەی پابەند نەبووە بە مۆدێلی نوێی ڕیکلامکردن و بەشیوەیەکی مۆدێرنانە  و کارەکانی ڕێکلامی جێبەجێنەکردووە. 

هەروەها وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا ئاماژە بەوە دەکەن، هەندێک جار داتا کەسییەکان تێکەڵ دەبن، بەکارهێنەران نازانن چ ڕێوشوێنێک بگرنە بەر، بە خێرایی کێشەکەیان لەلایەن کۆمپانیاکانەوە بۆ چارەسەر ناکرێت.

لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا، مێتا تایبەتمەندی سەلامەتی زیادکرد و بڕیاریدا قۆناغ بە قۆناغ کێشە و کەموکوڕییەکان چارەسەر بکات، چیتر بە هەڵە زانیاری بەکارهێنەران بڵاو نەبێتەوە. هەروەها هەریەکە لە مێتا و ئینستاگرام لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاساکانی ناوەڕۆکی ئینتەرنێتی یەکێتی ئەوروپا پەیوەست بە سەلامەتی منداڵان، کە لەوانەیە ئەنجامەکەی قەرەبووکردنەوەی ماددی بێت.

مانگی ڕابردوو ئەپڵ دانی نا بە پێشێلکارییەکان و ڕایگەیاند، یاسا نوێیەکانی ئەپ ستۆر پێشێلی هەندێک تایبەتمەندی کەسی دەکەن، جێگرەوەی باشتر پێشکەش بە بەکارهێنەران دەکرێت و کێشەکان چارەسەر دەکرێن. لێکۆڵینەوەیەکی نوێ سەبارەت بە گرێبەستە نوێیەکەی کۆمپانیا دەکرێت لەگەڵ لایەنی سێیەم و کۆگاکانی ئەپەکان.

بەلجیکا 

لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا بەلجیکا کۆمپانیای ئەپڵی بە بڕی (1.84) ملیار یۆرۆ سزادا، ئەمەش یەکەم سزایە لە یەکێتی ئەوروپادا، دوای ئەوەی لە (2019) دا سكاڵای لە دژی کۆمپانیاکە تۆمارکردبوو، دادگا بڕیارەکەی لە بەرژەوەندی برۆکسڵ یەکلایی کردەوە.

فەرەنسا

دەزگای چاودێری پێشبڕکێی فەڕەنسا لە مانگی ئاداری ئەمساڵ بە بڕی (250) ملیۆن یۆرۆ لەلایەن کۆمپانیای گووگڵەوە قەرەبوو کرایەوە، چونکە کۆمپانیاکە پێشێلی یاساکانی خاوەندارێتی ڕۆشنبیری یەکێتیی ئەوروپای کردبوو لە پەیوەندییەکاندا لەگەڵ کۆمپانیاکانی بڵاوکردنەوە و ڕاگەیاندن.

ئەڵمانیا

نوسینگەی کارتێلی ئەڵمانیا کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوو جەختی لەوە کردەوە، گووگڵ ڕازی بووە بە گۆڕینی کردارەکانی داتای بەکارهێنەران بۆ کۆتایی هێنان بە لێکۆڵینەوەکان بە مەبەستی سنووردارکردنی دەسەڵاتی بازاڕەکان لەسەر داتاکاندا. گووگڵ هەڵبژاردنی زیاتر دەدات بە بەکارهێنەران لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی داتاکانیان لە تەواوى پلاتفۆرمەکانیدا.

ئیتالیا

لە لایەکی ترەوە مێتا (3.5) ملیۆن یۆرۆی وەک قەرەبوو دا بە ڕێکخراوی دژە متمانەی ئیتاڵیا بەهۆی ئەوەی تاوانبار کرابوو بە کرداری بازرگانی ناڕەوا.

هۆڵەندا

مانگی نیسانی ئەمساڵ ڕێکخراوی چاودێریی تایبەتمەندی هۆڵەندی پێشنیاری کرد، کە پێویستە ڕێکخراوە حکومییەکان واز لە بەکارهێنانی فەیسبووک بهێنن، هەتا ئەو کاتەی بە ڕوونی دەردەکەوێت چی بەسەر زانیاری کەسی بەکارهێنەرانی فەیسبووک دێت و تا چەند تایبەتمەندییەکانی پارێزراو دەبێت.

ئیسپانیا

دەزگای چاودێری پاراستنی زانیاری ئیسپانیا لە مانگی ئایاردا بە شێوەیەکی کاتی دوو بەرهەمی مێتای ڕاگرت کە بڕیاربوو لە هەڵبژاردنەکانی یەکێتی ئەوروپادا بڵاوبکرێنەوە لە ئینستاگرام و فەیسبووک بەهۆی ترسیان لە پاراستنی زانیارییە گرنگەکان.

لە لایەکی ترەوە گروپێک کە نوێنەرایەتی زیاتر لە (700) کۆمپانیا دەکات لە ئیسپانیا سکاڵایان تۆمارکرد سەبارەت بە کردارەکانی مایکرۆسۆفت، چونکە متمانەیان نەبوو بە بڵاونەبوونەوەی زانیارییەکان و دزە پێنەکردنیان پێش ئەنجامدانی هەر کێبڕکێیەک.

بەریتانیا

لە تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، ڕێکخەری ڕاگەیاندنی بەریتانیا داوای لە دەسەڵاتی پێشبڕکێ و بازاڕەکان کرد لێکۆڵینەوە لە زاڵبوونی دەسەڵاتەکانی ئەمازۆن و مایکرۆسۆفت بکەن لەسەر بازاڕی ئەم وڵاتە، بڕیارە لێکۆڵینەوەکان (2025) تەواو بکرێن.

کۆتایی

کۆمپانیا جیاوازەکان هەوڵەکان چڕکردەوە سەبارەت بە کەمکردنەوەی ناڕەزاییەکان لە پێناو دووبارە بەدەستهێنانەوەی متمانەی بەکارهێنەران، کۆمپانیای مایکرۆسۆفت ڕایگەیاند، "کار دەکەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ نەهێشتنى نیگەرانییەکانی بەکارهێنەران".

ڕاوێژکارێکی دادگای باڵای ئەوروپا باس لەوە دەکات، "دادگاکە دەبێت پابەند بێت بە قەرەبووکردنەوەی یەکێتیی ئەوروپا لەلایەن گووگڵەوە، چونکە کۆمپانیاکە خزمەتگوزاری بەراوردکردنی نرخی خۆی بۆ بەدەستهێنانی سوودێکی نادادپەروەرانە بەکارهێناوە بەسەر ڕکابەرە بچووکەکانی لە ئەوروپا".

بەرپرسانی ئەپڵ بەڵێنیانداوە سیستەمی چالاک بەکاربهێنن بۆ پاراستنی تایبەتمەندییەکانی بەکارهێنەران، لە داهاتوودا زانیارییە کەسییەکان زیاتر پارێزراو دەکەن. 

مێتا و تیک تۆک ڕایانگەیاند، "بەردەوام دەبن لە گفتوگۆکردن لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا بۆ پابەندبوون بە یاساکان و پاراستنی زانیارییە گرنگەکان".

سەرچاوە: ئاژانسی رۆیتەرز

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین