ئایا پوتین ئامادەکاری بۆ شەڕی ئۆکرانیا دەکات؟ وەرگێڕان

نوچه‌نێت

کۆبوونەوەی هێزەکانی ڕووسیا لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانیا لەم ڕۆژانەی دواییدا پەرەی سەندووە و ئۆکرانیا دەڵێت ژمارەی ئەو هێزانە بە زوویی دەگاتە زیاتر لە ١٢٠ هەزار کەس.

ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی نیسانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "یورۆ نیوز" لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، دیمیترۆ کولبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا وێرای ڕاگەیاندنی ئەو هەواڵە داوای کرد وڵاتانی ڕۆژئاوا بە مەبه‌ستی ڕێگریکردن لە ڕووسیا بۆ پەرەپێدان بە گرژیی و ناکۆکییەکان، ئابڵۆقەی ئابووریی زیاتر بخەنە سەر ئەو وڵاتە. 
یەکێتی ئەوروپایش ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاندبوو تا ئێستا ١٠٠ هەزار سەربازی ڕووسیی لە سنووری ئۆکرانیا جێگیر کراون و ئەوە تا ئێستا زیاترین ڕێژەی کۆبوونەوەی هێزەکانی ڕووس لەو هەرێمەدا بووە. 
ئەمریکا و ناتۆ لە کۆبوونەوەی بەرفراوانی هێزەکانی ڕووس لە نزیک ئۆکرانیا و کریمیا، واتە ئەو دورگەیەی ئۆکرانیا کە مۆسکۆ ساڵی ٢٠١٤ خستیە سەر خاکی خۆی، نیگەرانن.
بەرپرسانی ڕۆژاوا دەڵێن لە ئێستادا ڕێژەی کۆبوونەوەی هێزەکانی ڕووسیا لەسەر سنووری ئۆکرانیا لەو کاتەی کە کریمیای خستە سەر خاکی خۆی زیاترە. ئەو ژمارەیە کە کولبا ڕایگەیاندووە لە خەمڵاندنی پێشووی حکومەتی ئۆکرانیا، واتە ٨٠ هەزار سەرباز زیاترە. ئۆکرانیا پێشتر گوتبووی ٥٠ هەزار کەس لەو هێزانە ئەو سەربازە ڕووسیانەن کە تازە ڕەوانە کراون.

وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانی ئۆنلایندا گوتی: "هێزەکانی ڕووسیا هێشتا لە نزیک سنوورەکانی ئێمە لە باکووری ڕۆژهەڵات، ڕۆژهەڵات و باشوور ماونەتەوە و چاوەڕوان دەکرێ ژمارەی ئەو هێزانە لە هەفتەی داهاتوودا بەگاتە زیاتر لە ١٢٠ هەزار کەس". 
کولبا وێرای هوشدار سەبارەت بەوەی کە مۆسکۆ پێشبینی ناکرێت، گوتی: "ئەوە بەو واتایە نییە کە ژمارەی هێزەکانیان زیاتر ناکەن".

هەروەها وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا وێرای جەختکردنەوە لەوەی کە وڵاتەکەی خوازیاری دەرگیری لەگەڵ ڕووسیا نییە، وتیشی: "بێ گومان تێچووی ڕێگریکردن لە توندبوونەوەی ناکۆکییەکان کەمترە لە تێچووی ڕاوەستاندنی ڕووسیا و کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی هێرشەکەی... ئەوەی کە بە ئاشکرا مۆسکۆ لەوە تێبگەیێنین خولی نوێی پەلامارەکانی ئەو وڵاتە ئەنجامی تاڵ و لەوانە پەراوێزکەوتن لە شانۆی نێودەوڵەتی و سزای ئازاردەری ئابووری بۆ ئەو وڵاتە بە دواوە دەبێت، میتۆدێکی کاریگەرە".

هەروەها کولبا داوای کرد ئاگربەسی دووبارە لەگەڵ مۆسکۆ لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، واتە ئەو شوێنەی کە هێزە سەربەخۆییخوازەکان کە بە پشتیوانی ڕووسیا لە دژی هێزەکانی ئۆکرانیا سەرقاڵی شەڕن، ئیمزا بکرێت. بە گوتەی بەرپرسانی ئۆکرانیا بە هۆی ئەو پێکدادانانە لە ساڵی ٢٠١٤وە تا ئێستا ١٤ هەزار کەس کوژراون.

ئۆکرانیا و ڕووسیا لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا یەکترییان تۆمەتبار کردووە بە دەستپێکردنەوەی پێکدادانەکان. دیمیترو کولیا گوتی قەناسبەدەستەکانی ڕووسیا بە مەبەستی هاندانی ئۆکرانیا بۆ ئۆپەراسیونی دژە هێرش، سەربازە ئۆکرانییەکان دەکوژن. 
ڕووسیا ڕایگەیاندووە هۆکاری زیادکردنی ژمارەی هێزەکانی لەسەر سنوور، ئەنجامدانی مانۆڕێکی سێ هەفتەییە کە بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ  هەڕەشەکانی ناتۆ بەڕێوە دەچێت. 
مۆسکۆ هەروەها ڕۆژی سێشەممە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ناتۆی بەوە تۆمەتبار کرد کە لە دەریا و ئاسماندا بە مەبەستی هەڵخڕاندنی ڕووسیا هەندێ چالاکی ئەنجام دەدەن. 
هەروەها کولبا لە ڤیدیۆ کۆنفڕانسێکدا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا گوتی بە ئاشکرا داوای لە هاوکارەکانی کردووە خولی نوێی ئابڵۆقەکان لە دژی ڕووسیا دەست پێ بکەن. 
کولبا وتیشی هەست بەوە ناکات وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ئامادەی سەپاندنی ئەو سزایانە بن بەڵام پێیانی گوتووە تەنیا سزای تاکەکەسی لە دژی بەرپرسانی ڕووس بەس نییە.

ئایا پوتین بە ڕاستی دەیەوێ هێرش بکاتە سەر ئۆکرانیا؟
کەشتییە جەنگییەکان و فڕۆکەکانی ڕووسیا لەم هەفتەیەدا مەشقی هێرشبردنیان لە کەنارەکانی ئۆکرانیا ئەنجام دا و ئەگەر ئەو ڕەفتارە لەگەڵ ئەو سنوورانەی کە ڕووسیا بۆ هاتوچۆی کەشتییەکان لە دەریا و زیادکردنی ژمارەی هێزەکانی لەسەر سنوورەکان پێکەوە لەبەرچاو بگرین، ئەوە پاساوێکی گونجاوە بۆ نیگەرانی جدی سەبارەت بە سەرهەڵدانی شەڕێکی نوێ لەو هەرێمەدا. 
ئەو پرسیارە سەرەکییەی کە تا ئێستا وەڵامی نەدراوەتەوە ئەوەیە: ئایا بە ڕاستی ڤێلادیمیر پوتین، سەرۆک کۆماری ڕووسیا دەیەوێت هەمدیسان هێرش بکاتە سەر ئۆکرانیا و داگیری بکات؟ یان ئەوەی کە تەنیا ئەو هێزە دەنوێنێ بۆ ئەوەی هەناسەی جیهانیان لە سینگیاندا بمێنێتەوە؟
هەڵبەت ڕووسیا پێشتر کاری لەو جۆرەی ئەنجام داوە. ئەو وڵاتە لە ساڵی ٢٠١٤دا کریمیای داگیر کرد و هەر ئەو ساڵە هەرێمی دۆنباسی ڕادەستی ئەو سەربەخۆییخوازانە کرد کە پشتیوانییان لێ دەکات. ئۆکرانیا و ڕووسیا لەو کاتەوە لەسەر سنوورەکان چەندین جار پێکەوە دەرگیر بوون. سەرەڕای ئەوە ئەگەری هێرشی ڕووسیا بۆ ناو دڵی ئۆکرانیا، بە واتای سەرهەڵدانی شەڕ لە بەشێکی بەربڵاوی ئەوروپای ڕۆژهەڵات دەبێت. 
بەرپرسێکی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا لە دەڤەری بالتیک کە ئەرکی چاودێریکردنی وردی هێرشی ڕووسیای پێ ئەسپێردراوە لەو بارەوە بە ئاژانسی هەواڵی بیزنس ئینسایدەری ئەمریکیی گوتووە: "لۆژیکیی نییە پۆتین لە ئێستادا بیەوێت هێرش بکاتە سەر ئۆکرانیا، بەڵام بە ئاشکرا دەیەوێت قەناعەت بە هه‌مووان بێنێت لە بەرەبەرەی هێرشبردن بۆ سەر ئەو وڵاتەیە". 
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی دەزگای هەواڵگریی کە ناوی ئاشکرا نەبووە، پێدەچێت ئەو یەکە شەڕکەرانەی لە مانۆڕەکەی ڕووسیا بەشدارییان کردووە بە شێوەیەکی تایبەت لەبەر توانای هێرشبردنیان هەڵبژێردابێتن و ڕێژەی بەرفراوانی تەدارەکات و پاڵپشتییان لە پشتەوەی بەرەی شەڕ، هۆکارێکی تری ئەو نیگەرانییەیە. 
ڕووسیا چەندین جار ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی ئەم دواییانەی حکومەتی ئۆکرانیا سەبارەت بە داخستنی کەناڵە تەلەڤزیونییەکانی لایەنگری ڕووسیا و سزادانی لایەنگرانی نزیک لە پوتین گرتووە و ڕایگەیاندووە ئەوانە بەشێکن لە پلانێکی بەربڵاوتری ئۆکرانیا و ئەمریکا بۆ شکستدانی بەرەی خۆڕاگری لەو کۆمارە لایەنگرانەی ڕووسیادا کە سەربەخۆییان بە دەست هێناوە. 
ڕووسیا ڕۆژی دووشەممە بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند هەندێ سنوور بۆ هاتوچۆی کەشتییە چەنگییەکان لە دەریای ڕەش و دەریای ئازۆف دادەنێت. ئەو ڕاگەیێندراوە خێرا لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئیدانە کرا. ئەمریکا وەک بەرپه‌رچدانەوەیەک لە بەرانبەر ئەو هەڵوێستەی مۆسکۆ، هۆشداری دا و گوتی ئەوە بە واتای هەڕەشەکردن لە هاوپەیمانێکی ئەمریکا و گەمارۆی دەریاییە. 
ڕووسەکان بە سنووردارکردنی هاتوچۆی کەشتییەکان لەو هەرێمەدا دەستپێڕاگەیشتن بە نزیکەی یەک لە سەر چواری ئاوەکانی دەریای ڕەشیان قەدەغە کردووە و زۆرێک لە شارەزایان دەڵێن ئەوە پێشێلکردنی ئاشکرای یاسای دەریایی نێودەوڵەتی. 
وەزارەتی بەرگریی ئۆکرانیا بە بڵاوکردنەوەی یادداشتێک گوتوویەتی ڕەنگە ڕووسیا بیەوێت بە ئەنجامدانی هێرشێک، هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئۆکرانیا بە لاڕێدا ببات یان هەڕەشە لە ئۆکرانیا بکات و ناچاری بکات هەندێ لە سیاسەتە دژە ڕووسییەکانی خۆی بگۆڕێت. سەرەڕای ئەوە بەرپرسێکی دەزگای هەواڵگریی سەربازی لە بنکەی ناتۆ لە بڕۆکسل، دەربارەی ناتەوانی لە خوێندنەوەی ویستی مۆسکۆ بە هۆی پچڕانی پەیوەندییەکانی نێوان ڕۆژاوا و پوتین هۆشداری دا. 
ئەو بەرپرسە کە ئاماژە بە ناوی نەکراوە بە ئاژانسی هەواڵی بیزنێنس ئینسایدەری گوتووە: "پوتین دڵنیایە پیلانێک بۆ تێکشکاندنی نفوزی ڕووسیا لە هەندێ شوێن و لەوانە ئۆکرانیا، جۆرجیا، پۆلۆنیا و هتد لە ئارادایە. هەمووان دەڵێن لەو بڕوایەدا نین پوتین هێرش بکاتە سەر ئۆکرانیا و لە ڕاستیدا منیش بڕوا ناکەم ئەو هێرشە ئەنجام بدات. بەڵام هەمیشە ئەو ترسەش لە ئارادایە کە نەکا ئێمە بە هەڵە لە ویستی پوتین تێگەیشتووین و ئەو لە ڕاستیدا بە جۆرێکی تر لە پرسەکە دەڕوانێت". 
لە ئێستادا ڕووسیا سەرقاڵی ئامادەکردنی هێزەکانی خۆی لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانیایە بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوە، بەڵام دیار نییە ئایا پوتین بە ڕاستی دەیەوێت لەگەڵ دراوسێکەیدا شەڕ بکات یان نا. تەنیا ئەوە ئاشکرایە کە پۆتین تەنانەت ئەگەر بە ڕاستی نەیەوێت پەلاماری ئۆکرانیا بدات، بێ گومان حەزی لەوەیە جیهان بەو جۆرە بیر بکاتەوە کە گوایە دەیەوێ په‌لاماری ئەو وڵاتە بدات.


 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین