ئافرەتی کورد وەک ھۆمۆساکەر بیروڕا

مەریوان وریا قانع :

مەسەلەی کوشتنی ئافرەتان لە کوردستاندا، بەبێ هیچ لێپرسینەوەیەکی یاسایی ڕاستەقینە‌ و بەبێ ڕاچلەکینێکی ویژدانی‌ بەرچاو و بەبێ خستنەوەی قەیرانێکی ئەخلاقی‌ و کولتوریی ‌و یاسایی گەورە، بەرەو ئەوەمان دەبات ئافرەتانی ئەم ولاتە وەک پرۆژەیەکی بەردەوام بۆ گۆڕینیان بە «ھۆمۆساکەر» وێنابکەین. وایان ببینین بەردەوام لە دۆخی بە ھۆمۆساکەربووندا بژین. بەڵام ھۆمۆساکەر چییە‌ و بە چ مانایەک ئافرەتان لە کوردستاندا لە دۆخی ھۆمۆساکەردا دەژین؟

ھۆمۆساکەر دەستەواژەیەکی کۆنی سەردەمی ڕۆمانییەکانە، بەڵام لە فەلسەفەی سیاسی ‌و ئەخلاقیی هاوچەرخدا، فەیلەسوفی ئیتالی جۆرج ئاگامبن بەکاردەهێنێت بۆ قسەکردن لەسەر شێوازی ئیشکردنی سیستمە سیاسییە هاوچەرخەکان لە دونیای ئەمڕۆدا. لەسەردەمی ڕۆمانییەکاندا ھۆمۆساکەر بەو کەسە گوتراوە کە بە ئەنجامدانی کارێکی خراپ تاوانبارکراوە، ئەمەش وایکردوە ئەو کەسە هه‌رچی مافێکی هه‌یە، چ وەک هاولاتی ‌و چ وەک ئینسان، لەدەستیانبدات. کە ئەم مافانەشی لەدەستدا، ئەوکات هه‌رکەسێک ویستبێتی، توانیویەتی بیکوژێت بەبێئەوەی ئەم کوشتنە توشی هیچ جۆرە لێپرسینەوەیەکی کردبێت. بە مانایەکی دیکە، ھۆمۆساکەر ئەو کەسەیە کە تاوانبارکردنی بە ئەنجامدانی کارێک کە کۆمەڵگا بە نەشیاوی دادەنێت، وایلێدەکات بە ڕادەیەک بێنرخ ‌و بێبەها ‌و بێماف ببێت، ئەوەی بیەوێت بتوانێت بێ هیچ لێپرسینەوەیەک بیکوژێت.

لە دونیای کۆندا ھۆمۆساکەر کەسێک بووە وەک ئینسانێکی ناپاک ‌و ناچیز و گڵاو مامەڵەکراوە، وەک کەسێک کە ”ناشێ‌“ و ”ناکرێ“ ‌و”ٙنابێ“ کانی کۆمەڵگای شکاندبێت، بازی بەسەر حەرامەکاندا دابێت. ئەم کارانەش ھەموو مافێکی لێسەندبێتەوە و کردبێتی بە تیکەیەکی ئاسان بۆ ھەرکەسێک بیەوێت قوتیبدت. کوشتنی ئەمجۆرە کەسانە وەک تاوان نەبیراوە، بەڵکو وەک بەرگریکردن لە کۆمەڵگا بینراوە. ھۆمۆساکەر کەسێکە نە یاسا ئینسانییەکان ‌و نە یاسا ئاسمانییەکان فریای ناکەوێت، نە بەزەیی مرۆڤ‌ و نەبەزەیی خودای بەرناکەوێت، بە جۆرێک لە مرۆڤبوون دەخرێت، کە هیچ یاسایەک نەتوانێت بەرگریلێکبات و کەس نەیەوێت و نەتوانێت ژیانی بپارێزێت. واتە کەسی ھۆمۆساکەر دووجار دەکرێتە دەرەوەی یاسا‌ و عورف‌ و مافەکانەوە، جارێکیان دەکرێتە دەرەوەی هه‌موو مافێک کە ئینسان بە ئینسانێکی دیکەی ڕەوادەبینێت، جارەکەی تر دەکرێتە دەرەوەی هه‌موو ئەو مافانەوە کە خودا یان ئاسمان بە ئینسانی دەبەخشێت. ئەم بێمافکردنە سەرتاسەرییە پەیوەندی بەوەوە هه‌یە گوایە ھۆمۆساکەر ڕیزبەندییە ئەخلاقییەکانی تێکداوە، سنووری جیاکردنەوەی دین لە نادین ‌و ئەخلاق لە نائەخلاق ‌و موقەدەس لە ناموقەدەسی پێشێلکردوە. حەرام و حەلالەکانی بەیەک تێکەلکردوە و کردەی جیاکاریی و پۆلینکارییەکانی تێکداوە. 

بۆیە کارەکەی وەک تاوان بەرانبەر بە موقەدەس ‌و بە ئەخلاق‌ و بە دین و بە کۆمەڵگا مامەڵەدەکرێت. بەم مانایە کوشتنی ھۆمۆساکەر مانای ڕێکخستنەوەی نوێی سنوورەکان، گەڕاندنەوەی هێز ‌و باوەڕ‌ و هه‌بەھا بۆ دین ‌و ئەخلاق ‌و موقەدەس، بۆ ئەو دەسەڵاتە ڕەمزییانەی گوایە ھۆمۆساکەر لەڕێگای کارەکەیەوە برینداریکردون. ئەو توندوتیژییەی لەبەرانبەر ھۆمۆساکەردا بەکاردێت، توندوتیژییەکی بەتاڵ و بێدەلالەتە، شتێک نییە بۆ نموونە وابکات کەسە کوژراوەکە وەک قوربانییەک ببینرێت، ئەو کەسەی کە دەکوژرێت سیفەتی قوربانیی پێنادرێت‌ و لەوە بە کەمتر ‌و بێنرختر‌ وێنادەکرێت کە بە قوربانیی ناوببرێت. ئەو توندوتیژییەش کە بەرانبەر بە ھۆمۆساکەر بەکاردێت وا مامەڵەناکرێت وەک ئەوەی دەرەنجامی بڕیارێکی یاسایی بێت، ھەروەھا توندوتیژیەکیش نییە لەشێوەی سەپاندنی سزای کوشتن بەسەر کەسێکدا بە مانا یاساییەکەی، هه‌رگیزیش ئەم توندوتیژیە وەک توندوتیژییەکی موقەدەس مامەڵەناکرێت. توندوتیژیی بەرامبەر بە ھۆمۆساکەر توندوتیژییەکە پابەستی لە ئینسانخستنی ئینسانە، پابەستی دابەزاندنی شوێن ‌و بەهای مرۆڤە بۆ ئەو ئاستە ھەرە نزم ‌و ھەرە بێنرخەی کە وابکات هه‌موو کەسێک بتوانێت ئەو کەسە بکوژێت بەبێئەوەی تووشی لێپرسینەوە ببێت.

ئاگامبن ئەم دۆخە کە تیایدا هه‌موو مافەکان لەکەسێک دەسێندرێتەوە ‌و ئینسان تیایدا کورتدەبێتەوە بۆ بوونەوەرێکی ڕووت ‌و بێماف، ناودەنێت «دۆخی شاز» دۆخێک کوشتن تیایدا مانا یاسایی ‌و ئینسانییەکانی لەدەستدەدات و کورتدەبێتەوە بۆ کردەیەکی ئازاد و بەتاڵ لە ھەموو بەرپرسیارێتییەک. لەدیدی ئاگامبندا ئەم دۆخە دۆخێکە ژیان تیایدا ڕووتوقوتە ‌و هیچ شتێک نییە بتوانێت داڵدەی ژیان بدات‌ و بیپارێزێت. کە دەلێم ئافرەتی کورد لە دۆخی ھۆمۆساکەردا دەژی، مەبەستم ئەو خالانەی سەرەوەیە کە باسمکردن. دەمەوێت بلێم لەدونیای ئێمەدا ئافرەتی کورد بوونەوەرێکە بە ئاسانی دەخرێتە دۆخی ھۆمۆساکەرەوە، بە ئاسانی دەکرێتە بوونەوەرێکی بێنرخ و بێبەھا و گلاوی وا کە نە مافە ئینسانییەکان ‌و نە مافە ئاسمانییەکان فریاینەکەون. ژیانی دەبێتە ژیانێکی ڕووتوقوت ‌و کراوە لەبەردەم هه‌ڕەشەی کوشتن‌ و فەوتان ‌و لەناوبردندا. مرۆڤبوونی بەجۆرێک بریندار و بێرنخ و سووک دەکرێت کە کوشتنی وەک دەستخۆشییەک ببینرێت نەک وەک تاوانێک.

بەڵام ئایا ئەو ھێزە چییە کە توانای گۆڕینی ئافرەتی ئێمەی ھەیە بۆ بونەوەرێکی ھۆمۆساکەری؟ وەلامی ئەم پرسیارە لە نووسینێکی وەک ئەم نووسیەندا زەحمەتە، بەڵام دەکرێت لێرەدا قسە لە ڕەھەندە کولتورییە باوەکەی بوونی ئافرەت بە ھۆمۆساکەر بکەین و بلێین ئەو هێزەی دەتوانێت لە کوردستاندا ئافرەت بەبەردەوامی بگۆڕێت بۆ ھۆمۆساکەر، کۆمەڵێک بەھا و ھێزی کولتورییە کە دەشێت لێرەدا ھێما بۆ چەمکەکانی شەرەف ‌و ناموسپارێزی بکەین. شەرەف‌ و ناموس ئەو دوو چەمکەن کە دەتوانن لەدویای ئێمەدا بەبەردەوامی ھۆمۆساکەر بەرهه‌مبهێنن، ھەم ھۆمۆساکەری پیاو و ھەم ھۆمۆساکەری ژن، بەڵام بێگومان بە تایبەتی و بەپلەی یەکەم ژن. ئەم دوو چەمکە ھێندە بڵاون دەتوانن ھۆمۆساکەر دەریکەن لەوەی دۆخێکی شاز ‌و ناوازە بێت، دیاردەیەکبێت بە دەگمەن ڕووبدات، دەتوانن ھۆمۆساکەربوون بگۆڕن بۆ دیاردەیەکی ڕۆژانە، یان بۆ ئەگەرێکی کراوە لەبەردەم ھەر ئافرەتێکدا کە بەئەنجامدانی کارێکی ”نەشیاو“ تاوانباربکرێت. 

چەمکەکانی شەرەف و ناموس دەتوانن ژیان لە ژیانێکی مانادار‌ و پارێزراوەوە بگۆڕن بۆ ژیانێکی ڕووت. مرۆڤ لەھەموو نرخ و بەھا و مافێک ڕووتبکەنەوە و کوشتنیان حەڵاڵ بکەن. کردەی بە ھۆمۆساکەرکردن لە کوردستاندا کردەیەکە تا سەر ئێسقان ڕەگەزدارە‌ و بە پلەی یەکەم ڕووی لە ڕەگەزی ئافرەتانە. ئەوەی وەک شکێنەری شەرەف دەبینرێت ‌و وێنادەکرێت ڕەگەزی مێینەیە، ڕەگەزی نێرینە کەمتر وەک شەرەف‌ و ناموسشکێن وێنا‌ و مامەڵەدەکرێت.  بەمانایەکی دیکە دەستنیشانکردنی ئەوەی کێ لە کۆمەڵگای ئێمەدا دەبێت بە ھۆمۆساکەر، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە ڕەگەزی کەسەکەوە هه‌یە و ئەوەشی ئەم بەپلەی یەکەم دەکرێت بە ھۆمۆساکەر ڕەگەزی ئافرەتانە. بەردەوامیدان بە کوشتنی ئافرەتان لە کوردستاندا، مانای ئەوەیە کۆمەڵگای ئێمە کۆمەڵگایەکە بەشێوەیەکی بەردەوام‌ و ترسناک «ژیانی ڕووت» بەرهه‌مدەهێنێت، ژیانێک کۆمەڵگا نایەوێت ‌و ناخوازێت بیهێڵێتەوە‌ و بیپارێزێت. ژیانێک بەبێ ماف و بەدەر لە لێبوردەیی ئینسانیی و دینیی. مەترسی ئەم پرۆسە بەردەوامەی بەرهه‌مهێنانی ”ژیانی ڕووت“، تەنها لەوەدا نییە کە ئافرەتانی تیادا دەکوژرێت، واتە مەسەلەکە تەنها کوشتنی ئافرەتان نییە بە هه‌موو ڕەهه‌ندە بەربەری‌ و نائینسانییەکانییەوە، بەڵکو کوشتنی گشتێتی ژیانە لە ڕێگای توانای بەردەوامی کۆمەڵگاوە بۆ کوشتنی ئافرەت و لەوێشەوە گۆڕینی ”ژیانی پارێزراو“ بۆ ”ژیانی ڕووت“. 

ئەمەش مانای ڕووتکردنەوەی ژیان لەلانی ھەرەکەمی مافە ئینسانیی و یاسایی و دینییەکان، گۆڕینی ژیان بۆ ژناێکی ڕووتی تەواو دابڕاو لە ماف. ئامادەگی کۆمەڵگا بۆ گۆڕینی بەبەردەوامی ژیان لە ”ژیانێکی پارێزراوەوە“ بۆ ”ژیانی ڕووت“، دەلالەت لە ئامادەگی کۆمەڵگایەک دەکات کە سورە لەسەر پەکخستنی بەردەوامی هه‌موو ئەو مافە ئینسانی‌ و یاسایی و ئاسمانیانەی ژیان لە بێنرخکردن و وێرانکردن دەپارێزن.  شەرەف‌ و ناموس لە کۆمەڵگای ئێمەدا بوونەتە ئەو دوو ئامرازە سەرەکییەی کۆمەڵگا لەڕێگایانەوە دەتوانێت هه‌موو مافە ئینسانی‌ و یاسایی و خوداییەکان پەکبخات، دەتوانێت ئەوەی ئینسان دەکات بە ئینسان ‌و ئەوەی ژیان ئەکات بە ژیان لەناوببات و ھەموو جۆرەکانی کوشتن حەڵاڵ و پارێزراو بکات. ئاشکراشە گۆڕینی ”ژیانی پارێزراو“ بۆ ”ژیانی ڕووت“، لە ولاتی ئێمەدا، بە پلەی یەکەم، کاری پیاوانە و ئەوانن ئەتوانن ھەموو شێوەکانی ماف پەکبخەن. ئەنجامدانی ئەم گۆڕانە کاری ئەو کەسانەیە کە پێیانوایە ئەتوانن بەناوی شەرەف‌ و ناموسەوە هه‌موو یاسا ئینسانی ‌و دینییەکان پەکبخەن‌ و ژیان لە کۆمەڵگای ئێمەدا کورتبکەنەوە بۆ ژیانێکی سووک و بێنرخ و بێمانا. 

بێگومان دروستکردن ‌و بەرهه‌مهێنانی بەردەوامی ئافرەت وەک ھۆمۆساکەر لەهه‌مانکاتدا دروستکردن‌ و بەرهه‌مهێنانی لەشکرێک ئینسانی ترە کە بوێرن و بتوانن ئەوانیتر بکوژن، دروستکردنی لەشکرێک ئینسانکوژە بەبێئەوەی کردەی کوشتنەکانیان وەک تاوان مامەڵەبکرێت. یاخود ئەو کوشتنانە ئەو کەسانە تووشی هیچ قەیران ‌و دلەڕاوکێیەکی ویژدانی ‌و ئەخلاقیی بکات.  دیوی ئەودیوی کردەی بەرھەمھێنانی ھۆمۆساکەر لە کۆمەڵگادا کردەی بەرھەمھێنانی جەلادە، بەرھەمھێنانی جەلادێک کە دەتوانێت بە خوێنێکی سارد و بێھیچ شەرم و دڵەڕاوکێ و پرسیارێک ئینسانێکی تر بکوژێت. ھەموو ئەمانە وادەکەن ژیان لە دونیای ئێمەدا بەردەوام ژیانبێت لەبەردەم هه‌ڕەشەی ئەم لەشکرە لە بکوژانی ئینساندا، لەبەردەم هه‌ڕەشەی گۆڕینی ژیاندا بۆ ژیانێکی ڕووت و نەپارێزراو، ژیانێک شتێک نەبێت بیپارێزێت‌ و کەسێک نەتوانێت بەرگریلێبکات و هه‌میشە لەبەردەمی ئەگەر‌ و توانای ئەوەدابێت بەتەواوی‌ وێرانبکرێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین