ئیتاڵیا پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانى لەگەڵ سووریا ئاسایی دەکاتەوە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا ئامانجی وڵاتەکەی ئاشکرا کرد سەبارەت بە پلانی گەڕاندنەوەی باڵیۆزی وڵاتەکەى بۆ سووریا، بۆ ئاساییکردنەوەى دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردوولا.

ڕۆژی شەممە (27/تەمووز/2024) ماڵپەڕی (شەرقولئەوسەت) بڵاویکردەوە، ئەنتۆنیۆ تاجانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیاڵیا ڕایگەیاند، "دوای دە ساڵ وڵاتەکەمان پلانی هەیە باڵیۆزەکەی بنێرێتەوە بۆ سووریا، ئەمەش دەبێتە هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ پەرەدان بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان".

وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا باسی لەوەش کرد، "لامان گرنگە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ سووریا دابمەزرێنینەوە بۆ ئەوەی ڕووسیا هەژموونى خۆى لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چڕتر نەکاتەوە و بەسەر وڵاتانی ئەم ناوچەیەدا نەسەپێنێت".

سەرەڕای قوربانی هاووڵاتیانی سڤیل، ئاوارەبوون، پەنابەری و بوونی ئاڵۆزی لە سووریا، لە (2011)وە ڕووسیا بەردەوامە لە پاڵپشتی ئەم وڵاتە و بە پشتیوانێکی سەرەکی سووریا دادەنرێت، ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا نیگەرانن لەو دۆخە مرۆییەی لە سووریادا هەیە.

بەهۆی بوونی شەڕ لە سووریا نزیکەی نیوەی دانیشتووانی ئەم وڵاتە ئاوارە بوون، وڵاتەکە دابەش کراوە بۆ ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی ئەسەد لە دیمەشق، گروپە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزسیۆن و ئەو ناوچانەی لە ژێر دەسەڵاتی کوردەکاندایە لە ڕۆژئاواى کوردستان. لە سەرەتای شەڕەکەدا زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و عەرەبی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سوریا پچڕاند. ئیتاڵیا لەو کاتەوە لە ڕێگەی باڵیۆزخانەی لە بەیروتەوە کارە دیپلۆماسییە پەیوەندیدارەکان بە سووریا بەڕێوە دەبات.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین