خامنەیی بە فەرمی سەرۆک کۆماری نوێى ئێرانی پەسەند کرد ئێران

نوچەنێت

ڕێبەری باڵای ئێران بە فەرمی پەسەندکردنی مەسعوود پزیشکیانی وەک سەرۆک کۆماری ئێران ڕاگەیاند دوای ئەوەی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی ئێران بەدەست هێنابوو.

ڕۆژی یەکشەممە (28/تەمووز/2024) ئاژانسی (رۆیتەرز) بڵاویکردەوە، عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، "مەسعوود پزیشکیانی پەسەند کرد وەک سەرۆک کۆماری ئێران، بڕیارە دوو ڕۆژی داهاتوو سوێندی یاسایی بخوات".

خامنەیی هەڵوێستی درێژخایەنی وڵاتەکەی، دژی ئیسرائیل دووپاتکردەوە، جەختی لەوە کردەوە "ڕژێمی زایۆنی دەوڵەت نییە، تاوانکارە، بکوژە، تیرۆریستە".

ئاشکرایە ململانێکانی نێوان چەکدارانی حەماس، ئیسرائیل ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەری هەیە لەسەر وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، چەکدارانی حزبووڵڵا کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن بەردەوام، "دژایەتی ئیسرائیلیان باسکردووە، هۆشداریان داوە لە ئەگەری بەردەوامی جەنگەکە".

هەر ئەمڕۆ لەلایەن ئێرانەوە هۆشداری بە ئیسرائیل درا لە ئەگەری، "هەر هێرشێک بەرامبەر حزبووڵڵای لوبنان چونکە ئیسرائیل چەکدارانی حزبووڵڵای بە هێرشە مووشەکییەکەی بەرزاییەکانی جۆڵان تۆمەتبار کرد و هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی کرد".

بە بڕوای لێکۆڵەرەوان لە ماوەی دەسەڵاتى پزیشکییانەوە، "چاوەڕوان ناکرێت گۆڕانکاری گەورە لە سیاسەتەکانی ئێران ڕووبدات، ئەم وڵاتە بەردەوام دەبێت لە پشتگیری کردنی گرووپە جیاوازەکان، ئەمەش پێچەوانەی بۆچوونەکانی سەرەتای سەرکەوتنی پزیشکیانە لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا کە هیوا هەبوو بۆ توانەوەی پەیوەندییە دوژمنکارەکانی ئێران لەگەڵ ڕۆژئاوا کە وەک دەرفەتێک دەبیندرێت بۆ هێورکردنەوەی ناکۆکییەکان لەگەڵ وڵاتانی جیهان.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین