کوشتنی ئیسماعیل هەنییە و کاردانەوەى وڵاتان وەرگێڕان

سنور یاسين: تایبەت بەنوچەنێت

لە هێرشێکی ئاسمانیدا، لە تارانی پایتەختی ئێران ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس کرایە ئامانج و کوژرا، هەر زوو وڵاتانی جیهان هەڵوێستیان بەرامبەر کوشتنى هەنیە بە شێوەى جیاواز دەربڕى.

ڕۆژی چوارشەممە (31/تەمووز/2024) ماڵپەڕی (شەرقولئەوسەت) بڵاویکردەوە، عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند، "بەهۆی ئەوەی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە لە ئێران ڕوویداوە، تۆڵەسەندنەوەی ئەرکی تارانە".

هەروەها مەسعوود پزیشکیان، سه رۆک کۆماری ئێران، "ئیدانەی کوشتنی ئیسماعیل هەنییەی کرد"، گوتی، "تاوانکاران لە تاوانەکەیان پەشیمان دەبنەوە".

ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، "شەهیدبوونی هەنییە لە تاران دەبێتە هۆی قوڵبوونەوەی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان تاران، فەلەستین و چەکداران".

لە لایەکی ترەوە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ئیدانەی کوشتنەکەی کرد، جەختی لەوە کردەوە، "کوشتنەکە ئیرادەی فەلەستینییەکان ناشکێنێت".

لە چوارچێوەى کاردانەوەکانى کوشتنى هەنیە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئیسماعیل هەنییەی بە هێمای بەرگری فەلەستین وەسف کرد، "بە بیستنی هەواڵی شەهید بوونی هەنییە زۆر خەمبار بووم، هەنییە ژیانی خۆی بۆ ئاشتی، دۆخی فەلەستین، گەڕاندنەوەی ئارامی تەرخان کردبوو".

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، "سەرکۆنەی رووداوەکە دەکەین، دان بە خۆداگرتن پێویستە لە پێناو فراواننەبوونی جەنگ".

بە هەمان شێوە چین ئیدانەی کوشتنەکەی کرد، وەزارەتی دەرەوەی چین هۆشداری دا لەوەی، "لەوانەیە ناسەقامگیری زیاتر لە ناوچەکەدا ڕووبدات".

ڕۆژی چوارشەممە (2024/7/31) ئاژانسی (رۆیتەرز) بڵاویکردەوە، عەبدولسەلام هەنییە، کوڕی ئیسماعیل هەنیە دوای رووداوی کوشتنی باوکی ڕایگەیاند، "باوکم لە زۆر هەوڵی کوشتن ڕزگاری ببوو، هەمیشە هیوای بە شەهید بوون دەخواست، خودا پێی بەخشی، هەموو هەوڵەکانی بۆ یەکگرتنی هەموو لایەنە جیاوازەکانی فەلەستین بوو، ئامانجی بەدەست هێنانی ئازادی بەردەوامە".

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، "کوشتنی ئیسماعیل هەنییە تاوانێکی قێزەوەن بوو، ئیدانەی دەکەین، پێشێلکارییەکانی یاسا نێودەوڵەتی و مرۆییەکان بەردەوامە، بەڵام دووپاتی دەکەینەوە کە مەترسیدارە، هەموو ئەو رووداوانە ئەگەری ئاشتی زیاتر بێهێز دەکەن".

سەبارەت بە هەڵوێستى ڕووسیا، میخائیل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا گوتی، "کوشتنەکە زیادبوونی گرژییەکانە". 

هاوکات محەمەد عەلی حوسی، سەرۆکی کۆمیتەی باڵای شۆڕشی چاکدارانی حووسییەکانی یەمەن باسی لەوە کرد، "تاوانێکی تیرۆریستی و قێزەون بوو، بە ئاشکرا پێشێلی یاساکان دەکرێت".

سامی ئەبو زوهری، بەرپرسی باڵای حەماس هەڵوێستى پارتەکەى ڕاگەیاند و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، "حەماس بەم کوشتنە ئیرادەی ناشکێت، ئامانجی ئیسرائیل هەڵەیە، ئەوان شکستی زیاتر بەدەست دەهێنن".

لە درێژەى هەڵوێستى وڵاتاندا بەرامبەر رووداوەکە، وەزارەتی دەرەوەی مالیزیا ڕایگەیاند، "هەموو کردەوەیەکی توندوتیژی سەرکۆنە دەکەین، داوا لە هەموو لایەکی ئاشتیخواز دەکەین سەرکۆنەی ئەم جۆرە کارانە بکەن، گفتوگۆی بنیاتنەر و چارەسەری ئاشتی گرنگە".

ئاریپین ئوتاراسین، سیاسەتمەداری بەئەزموونی تایلەندی باسی لەوە کرد، "چونکە کوشتنی ئیسماعیل هەنییە لە تاران ڕووی داوە مەترسی زیاتر، مانای ئەوە دەگەیێنێت دوژمنانی حەماس دەتوانن دەستیان بە هەموو شوێنێک بگات، رووداوەکە دانووستاندنەکان پەکدەخات، گرژییەکان زیاتر دەکات".

شەوی ڕابردوو هەنییە لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە تاران کوژرا، ئاژانسی بلومبێرگی ئەمەریکی بڵاویکردەوە، حەماس دەڵێت، "ئیسرائیل سەرکردەی سیاسیمان ئیسماعیل هەنییەی کوشت لە پایتەختی ئێران".

وەزیرێکی ئیسرائیل باسی لەوە کرد، "جیهان پاک دەبێتەوە لە پیسی، مردنی هەنییە جیهان کەمێک باشتر دەکات".

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین