فڕۆکەی F16 گەیشتە ئۆکراینا عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

بۆ بەهێزکردنی بەرگریی ئۆکراینا دژی هێرشەکانى سوپای ڕووسیا، وەک پێشتر ڕێککەوتنی لەسەر کرابوو لەلایەن وڵاتانەوە، یەکەم وەجبەی فڕۆکەی F16 ڕەوانەى ئۆکراینا کرا.

ڕۆژی پێنجشەممە (یەکی ئاب/2024) ئاژانسی (ئەنادۆڵ) بڵاویکردەوە، گابریلیوس لاندسبێرگیس، وەزیری دەرەوەی لیتوانیا ڕایگەیاند، "یەکەم کاروانی فڕۆکەی جەنگی (F16) گەیشتە ئۆکراینا، گەیاندنی ئەم هاوکارییانە وەک بەشێکە لە هەوڵەکان بۆ بەهێزکردنی سیستەمی ئاسمانیی ئەم وڵاتە دژی سوپای ڕووسیا و بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانیان". 

وەزیری دەرەوەی لیتوانیا جەختی لەوەش کردەوە، "بە گەیشتنی ئەم جۆرە فڕۆکەیە هەنگاوێکی تری گرنگ بۆ ئۆکراینا هاوێژرا".

پێشتر پنتاگۆن ئاماژەی بە ناردنی پاکێجێکی هاوکاری ئەمنی بۆ ئۆکراینا کردبوو، "بریتی بوو لە بەرگری ئاسمانی، چەک و تەقەمەنی بۆ سیستەمی مووشەک، تۆپخانە و چەکی دژە تانک".

ئەم پاکێجی هاوکارییە، "(62) مین پاڵپشتی وڵاتانە بۆ ئۆکراینا، کە لە شوباتی (2022) وە دەستی پێکردووە، تاوەکو ئێستا ئەمەریکا زیاتر لە (55.4) ملیار دۆلار یارمەتی ئەمنی پێشکەش بەم وڵاتە کردووە".

مانگی ڕابردوو جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی ناتۆ لە واشنتن جەختی لەوە کردەوە، "ئۆکراینا پێویستی بە بەرگریکردنە، هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ پشتیوانی کردنی، بەڵێن درا هەموو ئەو پێداویستییانە دابین بکرێت کە سەرۆکی ئۆکراینا چەندین جار داوای کردبوو لەوانە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی پاتریۆت و فڕۆکەی (F16)".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین