میر حازم بەگ: ئەگەر کاک نێچیرڤان بارزانى نەبووایە زۆربەی ئێزدییە رفێندراوەکان نەدەگەڕێندرانەوە کوردستانی

نوچەنێت

میرى ئێزدییان لە نوێترین دیمانەى ڕۆژنامەوانیدا باس لە دۆخى خەڵکى شنگال دەکات و دەڵێت، تەنیا (20٪)ـی خەڵک لە شنگالن، (80٪)ـیان لە دهۆکن. دەشڵێت، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی نەبووایە زۆربەی ئەو کوردە ئێزدییانەی لەلایەن داعشەوە رفێندرابوون، نەدەگەڕێندرانەوە.

ڕۆژى شەممە (سێى ئاب/2024) میر حازم تەحسین بەگ، میرى ئێزدییان لە بارەى ڕۆڵى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە گەڕاندنەوى ئێزدییە ڕفێندراوەکان بە رووداوى ڕاگەیاند، "رۆژی یەکەم کاک نێچیرڤان نووسینگەیەکی دروست کرد، پاش ئەوەی ئێزدی کەوتنە دەست داعش، بەگوێرەی زانیاریی من 6 هەزار و 417 کەس کەوتنە دەست داعش. ئینجا نووسینگەی کاک نێچیرڤان زۆریان گەڕاندنەوە. ئەمڕۆ بە بڕوای من 2 هەزار و 600 کەس ماون. هەر چاومان لە حکومەتی عێراق، کوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە تاوەکو ئەو خەڵکەمان بۆ بگەڕێننەوە. بەڵام ئەوە 10 ساڵ تێپەڕێت. بەڕاستی شتێکی زەحمەتە."

میرى ئێزدییان لەبارەى ڕۆڵى سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە جینۆسایدناساندنى کارەساتى ئێزدییەکان دەشڵێت، "بەڕاشکاوی ئەمە رۆژی یەکەم نییە هەستی کاک نێچیرڤان ببینین. لە کەوتنی سەددامەوە هەستی کاک نێچیرڤانمان بینیوە بەرامبەر خۆمان. هاوکاریی ئێمەی کردووە. هەروەها جەنابی سەرۆکیش کاک مەسعود بارزانی هاوکاری کردووین. ئەگەر کاک نێچیرڤان بارزانی نەبووایە زۆربەی ئەوانەی کەوتنە دەستی داعش نەدەگەڕێندرانەوە. سوپاسی هەڵوێستی جەنابیان دەکەین."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین