حەوت دەوڵەت لە دژى ئیسرائیل سکاڵا لە دادگاى نێودەڵەتى تاوانەکان تۆمار دەکەن تورکیە

نوچەنێت

دواى ئەوەى ئەفەریقاى باشوور سکاڵاى لەدژى ئیسرائیل لە دادگاى نێودەڵەتى لاهاى تۆمار کرد بە تۆمەتى ئەنجامدانى جینۆساید لە غەززە، تورکیاش بە فەرمى پشتیوانى و بەشداربوونى خۆى لەو سکاڵایە ئاشکرا دەکات.

ڕۆژى چوارشەممە (حەوتى ئاب/2024) ماڵپەڕى (T24) بڵاویکردەوە، هاکان فیدان وەزیرى دەرەوەى تورکیا لە تۆڕى ئێکس نوسوویەتى ، نوێنەرى تورکیا لە دانیشتنى دادگاى لاهاى سەبارەت بە سکاڵایەکى ئەفریقاى باشوور لەدژى ئیسرائیل، بەیاننامەیەکى خوێندەوە و بەفەرمى بەشداربوونى لەو سکاڵایە ڕاگەیاند.

وەزیرى دەرەوەى تورکیا لە پەیامەکەیدا داوا دەکات، جگە لە تورکیا کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیش بەشداربێت لەو سکاڵایە بۆ ڕاگرتنى جینۆسایدى ئیسرائیل لە غەززە و فشارى زیاتر بخاتەسەر ئیسرائیل و ئەو وڵاتانەى لایەنگرى ئەو وڵاتە دەکەن.

هاکان فیدان دووپاتى دەکاتەوە، ئیسرائیل لەگەڵ ئەوەى بەردەوامە لە کوشتن و جینۆسایدکردنى خەڵکى فەلەستین، بەڵام هیچ ڕێگرییەکى لێ نەکراوە، بۆیە تورکیا بەردەوام دەبێت بۆ وەستاندنى کۆمەڵکوژى ئیسرائیل.

هاوکات هەر ئەمڕۆ مەکتەبى سیاسیى حەماس، ڕاگەیێندراوێکى بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، پێشوازى لە تۆمارکردنى سکاڵاى هاوبەشى ئەفریقا و تورکیا دەکەین لە دژى ئیسرائیل لە دادگاى نێودەوڵەتی تاوانەکانى لاهاى.

جێگەى ئاماژەپێدانە لەسەرەتاى هەڵگیرسانى شەڕى ئیسرائیل و حەماس، تاوەکو ئێستا حەوت دەوڵەت دژى پێشێلکاری و کۆمەڵکوژییەکانى ئیسرائیل لە غەززە تۆمارکردووە. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین