دانووستاندنەکانی حەماس و ئیسرائیل بەرەو کوێ؟ وەرگێڕان

نوچە نێت

ئا: سنور یاسین

پێشەکی

جەنگی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس زیاتر لە دە مانگە بەردەوامی هەیە، لەم ماوەی دواییدا چەندین پێشهاتی نوێ ڕووی دا وەک کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەی حەماس، دواتر دەستنیشانکردنی یەحیا سینوار بە سەرۆکی بزوتنەوەکە کە بە کەسێکی مەترسیدار وەسف دەکرێت، چەندین جار لەلایەن ئیسرائیلەوە سزا دراوە و سزای زیندانی تا هەتایی بەسەردا سەپێندراوە. 

هەوڵی کوشتنی سینوار

ڕۆژی دووشەممە (12/ئاب/2024) ماڵپەڕی (تایمز ئۆف ئیسرائیل) بڵاویکردەوە، دان گۆڵدفوس، فەرماندەی فیرقەی (98) ی سوپای ئیسرائیل گوتی، "خۆم و هێزەکانمان چەند خولەکێک دوور بوون لە دەستگیرکردنی یەحیا سینوار، سەرۆکی بزوتنەوەی حەماس لە تونێلەکانی غەزە".

گفتوگۆی ئاگربەست و گەڕاندنەوەی هیوا

بەپێی ڕاپۆرتێكی ئاژانسی (رۆیتەرز) بڵاویکردەوە، جارێکی تر گفتوگۆ سەبارەت بە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەستی پێکردەوە بەرپرسانی ئاگادار لە کۆبوونەوەکە جەختیان لەوە کردەوە، "سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل لەگەڵ هەریەکە لە هاوتا ئەمەریکی، میسری و سەرۆک وەزیرانی قەتەر بەشدار دەبن لە دەوحەی پایتەختی قەتەر".

هەروەها، "ویلیەم بێرنس، بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری ئەمریکا، برێت مەکگورک، نوێنەری ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نوێنەرایەتی واشنتن دەکەن، شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان، سەرۆک وەزیرانی قەتەر بەڕێوەی دەبات و چاوەڕوان دەکرێت عەباس کامل سەرۆکی هەواڵگریی میسر لە دەوحە بەشداری بکات".

سامی ئەبو زوهری، بەرپرسی باڵای حەماس باسی لەوە کرد، "ئێمە پابەندین بە پرۆسەی دانوستاندنەکان، داوا لە ناوبژیوانان دەکەین پابەندبوونی ئیسرائیل بە پێشنیارێک مسۆگەر بکەن کە لە سەرەتای مانگی تەمموزدا ڕازی بووینە پێی، کۆتایی بە شەڕ بێت و ئیسرائیل لە خاکی غەزە نەمێنێت.

حەماس لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند، "دەبێت دانوستانەکان میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە بدۆزنەوە کە لە چوارچێوەی ڕێکەوتنەکەدا لەلایەن ناوبژیوانەکانەوە پێشکەش کراوە، ببێتە هۆی گەیشتن بە ئاگربەستێکی گشتگیر و کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئیسرائیل، شکاندنی گەمارۆکان، کردنەوەی دەروازەکان و ئاوەدانکردنەوەی غەززە و هەروەها گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی کۆتایی لەگەڵ بارمتە و دیلەکان".

خێزانی هەندێک لە بارمتەکان لە تەلئەبین خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، داوایان کرد، "ئەگەر ئەمڕۆ یان لە ڕۆژانی داهاتوودا ڕێککەوتنێک واژۆ نەکرا، ئەوا مەگەڕێنەوە بۆ ئیسرائیل، هیچ هۆکارێکتان نییە بۆ گەڕانەوە بۆ ئیسرائیل بەبێ رێککەوتن".

بە گوێرەی دوایین ئاماری بەرپرسانی تەندروستی غەزە دوای زیاتر لە دە مانگ لە جەنگی نێوان ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس، "زیاتر لە (40) هەزار فەلەستینی کوژران، نزیکەی (2.3) ملیۆن لە دانیشتوانی غەزە ماڵیان جێهێشتوە و ئاوارە بوون".

کۆتایی

جارێکی تر گفتوگۆکانی دانوستاندنەکان بێ ئەنجام کۆتایی هات، هەریەکە لە ئەمەریکا، قەتەر و میسر لە ڕاگەیێندراوێکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند، "هەفتەی داهاتوو ئاگربەستی نێوان غەزە و ئیسرائیل دەست پێدەکاتەوە، چەکدارانی حەماس بە هەموو شێوەیەک مەرجەکانی ئاگربەستیان ڕەتکردەوە".

هاووڵاتیانی سڤیل کە قوربانیانی سەرەکی جەنگەکەن جارێکی تر هیچ ئەنجامێکیان لە هیواکانیان بە دەست نەگەیشت و بێ هیوا بوونەوە، جەنگ بەردەوامی هەیە، ڕۆژانە برینداربوون و قوربانیدانی هاووڵاتیان دەبیندرێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین