ئایندەی ئیران و هۆكارەكانی پشتەوەی هەڵبژاردنی مەسعود پزیشكییان
نوچە نێت
وەگێرانى: هیوا جاسم
ماوەی زیاتر لە (10) ساڵە ئیسرائیل بۆردومانی هێزەكانی نزیك و سەر بە ئێران لە سوریا دەکات و چەندین بەرپرس و پلەداری بەرزی سوپای پاسداران و ئەندامانی سەر بە سوپای پاسدارانیان کوشتووە، بەبێ ئەوەی ئێران وەڵام بداتەوە.
ئێران پاساوی وەڵامنەدانەوەی خۆی بە (سیاسەتی سەبرگرتنی ستراتیژیی) پەیڕەو دەکات، بەڵام کاتێک ئیسرائیل لە یەکی نیسانی (2024( کۆنسوڵخانەی ئێرانی لە دیمەشقی پایتەختی سوریا بۆردومان کرد، هەموو وەڵام و هیزی ئێران ئەوەبوو لە (13)ى نیساندا بینیمان، ئەویش بە هەڵدانی نزیکەی 400 مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر ئیسرائیل، بەڵام بێ ئەوەی كاریگەرییەكی ئەوتۆی هەبێت، بۆیە ئێران ئەمڕۆ دەزانێت ئەگەر شەڕی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل دەستپێبکات، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستوەردان دەکات و بەشدار دەبێت و جەنگەكە بۆ ئێران سەختتر دەبێت. ئێران دەزانێت کە دۆخی ناوخۆی وڵاتەکەی هەستیار و ناسەقامگیرە، باری ئابووریی وڵاتەكەی لە دۆخێكی خراپدایە و پشتیوانیی خەڵكەكەشی لەگەڵ نیە، جگە لە وڵاتانی تری ڕۆژئاوا، نایەوێت بچێتە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا.
ترسی ئێران بۆ لەدەستدانی پێگە و پاوانخوازییەكانی لە ناوچەکەدا.
ئەگەری ئەوە هەیە کە ڕێژیمی ئێران وەك نمایشێك هێرش بكاتە سەر ئیسڕائیل، وە بتوانێت لە ڕێگەی هێزە دروستكراوەكانییەوە لە کەنداو یان وڵاتانی دیکە هێرش ئەنجام بدات، ئەمە جگە لەوەی کە سوپای پاسدارانیش ڕایگەیاندووە کە وەڵامدانەوەکە لە ڕێگەی بەرخۆدان و ئێرانەوە دەبێت و بەم شێوەیە بەرەی ململانێ و جەنگەكە بە كراوەیی بەجێدەهێڵێت.
لە ساڵانی ڕابردوودا ڕێژیمی ئێران كەڵكی لە هێزە میلیشیاكانی سەر بە خۆی لە ناوچەکە، چ لە عێراق، یەمەن، لوبنان، یان سوریا، وەردەگرێت بۆ هێرشكردنە سەربەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە ناوچەكە.
ئەوەش بە دوور دەزاندرێت کە تاران ڕاستەوخۆ هێرش بکاتە سەر تەل ئەبیب وەك ئەوەی ئیسڕائیل توانی سەروەری ئێران ببەزێنێت و چەندین جار لە ناو تاران چالاكی بكات و هێرش بكاتە سەر تاران، یاخود تاران دوای هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکییەکان بتوانێت هێرشێکی ڕەمزی و سنووردار ئەنجام بدات.
ئێران ناخوازێت بچێتە جەنگێكی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکا و ئیسرائیل.
ڕژێمی تاران زۆ باش دەزانێت و درك بەوە دەكات ئەگەر گورزێکی بەهێز ئاراستەی ئیسرائیل بکات، ئەوا وەڵامدانەوەکە لە خۆرئاواوە بەهێزتر و كاریگەرتر دەبێت، یان ڕێگری دەکات لە گەیشتن بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ تەلئەبیب، بۆیە خۆی لە بابەتێکی لەو شێوەیە بەدوور دەگرێت و نایەوێت چ لە ڕووی هێزی سەربازیی و سیاسی و ناوخۆشییەوە ڕووبەڕووی شەرمەزاری ببێتەوە. بەڵگەکان ئەوەیە کە کاتێک ئەمریکا لە مانگی یەکی ساڵی (2020) فەرماندەی سوپای قودسی ئێران قاسم سولەیمانی کوشت، وەڵامی ئێران لاواز و دەست كورتانە بوو.
ڕیفۆرمخوازان سەركردایەتیی دەكەن.
گەیشتنی كەسایەتییەكی سەر بە بزوتنەی ڕیفۆرمخوازان بە سەرۆككۆمار واتای چی دەگەیەنێت، ئایا مەسعوود پزیشكیان بە دەست لە پشتدان و پاڵپشتی ڕژێم بوو بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆککۆماری ئێران؟
لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ساڵی (2021) تاكە كاندیدێك كە لەگەڵ بیروڕاکانی عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێراندا بگونجێت و نزیك بێت ئیبراهیم ڕەئیسی بوو لە بزووتنەوەی پارێزگاران، بەڵام سەبارەت بە کاندیدەکانی دیکە ئەوان لە ئاستی ڕکابەرییدا نەبوون، بۆیە ڕێژەی بەشداربوونیش لە دەنگدان (47%) بوو.
لە هەڵبژاردنی یاسادانان بۆ ئەنجومەنی شورای ئێران (پەرلەمان) کە لە مانگی ئازاری ساڵی 2024 بەڕێوەچوو، هەروەها ڕێژەی بەشداریکردن کەم بووە و بە پێی ئامارەکانی دەسەڵاتدارانی ئێران گەیشتووەتە نزیکەی (41%).
جگە لەوەش ئەو ناڕەزایەتیانەی کە ئێرانی گرتەوە دوای کوشتنی مەهسا ئەمینی لەسەر دەستی پۆلیسی ئەخلاق لە ساڵی (2022)، بۆ ماوەی چەند مانگێک بەردەوام بوو و ڕێژیمی ئێرانی هێنایە لەرزین و ترسێكی زۆری خستە دڵی دەسەڵاتدارانی ئەو ڕژێمە و نزیك بوو لە ڕوخان.
هەموو ئەم هۆکارانە بوونە هۆی ئەوەی گەورە بەرپرسانی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران، عەلی خامنەیی ڕێبەری مەزنی ئینقلابی ئیسلامیی ئێران ئاگادار بکەنەوە کە ئەگەر ئەم ناڕەزایەتی و كێشانە بەردەوام بێت، و ئەگەر هەڵبژاردنێک نەبێت کە تێیدا کێبڕکێ لە نێوان باڵەکانی (پارێزگاران و ڕیفۆرمخوازان)دا هەبێت – وەك ئەوەیە ئێران پارتی دیكەی تێدا نەبێت - ئەوا چارەنووسمان بۆ لەناوچوون دەبێت.
لەسەر ئەو هۆشدارییە، هەریەك لە خامەنەیی و ئەنجومەنی چاكسازیی دەستوور وەك (بەرزترین دەسەڵاتی دادوەریی لە ئێران) بڕیار دەدەن كە كێ دەتوانێت و كێش ناتوانێت بەشداری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی كۆمار بكات، ڕەزامەندییان دا كە مەسعوود پزیشكیان لە هەڵبژاردندا بەشداری بكات، ئەمەش نەك لەبەرئەوەی لە باڵی ڕیفۆرمخوازانە، بەڵكو لەبەر ئەوەی كە توركێكی ئازەرییە.
ڕژێمی ئێران بەم كارەی دوو چۆلەكەی بە بەردێك كوشت، یەكەم ئەوەی كە پزیشكیان ڕیفۆرمخواز و توركە، دووەمیش ڕازیكردن و بێدەنگكردنی توركە ئازەرییەكانی نێو ئێرانە كە یەك لەسەر سێی ئێران پێكدەهێنن. بەم جۆرە بە پاڵپشتی ڕێبەری ئێران، پزیشكیان بەسەر سەعید جەلیلی لە باڵی پارێزگاران سەركەوت.
ڕژێمی ئێران زۆر بە وردی كاری لەسەر ئەوە كرد، بە ئامانجی ڕەواندنەوەی بێ ئومێدی خەڵكی ئێران بە گشتیی و ئومێد پێدانیان كە چاكسازی و گۆڕانكاری لە وڵاتدا دەكرێت و خراپیی دۆخ و گوزەرانی خەڵكی باشتر دەكەن، هەروەها بەدەستهێنانی پشتیوانی و ڕەزامەندی خەڵكی ئێران بە گشتیی و ئازەرییەكان بە تایبەتی، ئەمەش لە پێناو مانەوەیان لەسەر دەسەڵات و درێژەدان بە سیاسەتیان.
سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە سەردەمی ڕیفۆرمخوازەكاندا دەگۆڕێت، هەڵبژاردنی پزیشكیان چی پەیوەندییەكی بە سەركەوتنی تڕەمپەوە دەبێت؟
ئامانجی خامنەیی لە هێنانی مەسعوود پزیشکیان و خۆشکردنی ڕێگای بۆ گەیشتن بە سەرۆکایەتیی کۆمار، بۆ زانینی ئەوەبوو کە دەتوانێت سەربکەوێت كە ڕیفۆرمخوازان و تورکەكانی ئێران لە پشتییەوەن، هەموو ئەمانەش لەبەر ئەوەیە کە ڕژێمی ئێران خەیاڵی ئەوە دەکات کە کاندیدی کۆمارییەکانی ئەمریکا ، دۆناڵد ترەمپ، دەگاتە سەرۆکایەتیی ئەمریکا. بۆیە ئێران پێویستی بە کەسایەتییەکی ڕیفۆرمخواز هەبوو بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتیی، تاكو ئەو تێڕوانینە بداتە ئەوروپییەکان کە ئەم سەرۆکە میانڕەوە و دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ ئێوەدا بکات، چونکە هاتنی پارێزگار سەعید جەلیلی ڕەنگە ببێتە هۆی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ. سەبارەت بە هۆکاری ناوخۆیی، ڕێژیم ویستی لە ناوخۆدا کار بکات، بە تایبەت کە پزیشكیان بەڵێنی دابوو ئەو قەدەغەیەی کە لەسەر زۆرێک لە ماڵپەڕەکان سەپێنرابوو، هەڵبوەشێنێتەوە.
هەروەها بەڵێنی بە گەلانی غەیرە فارس، وەک عەرەب، تورک، کورد، بەلووچی و سوننە دا کە نادادپەروەری و جیاکاری بەرامبەریان هەڵبگرن. پزیشکیان لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیدا بەڵێنی کەمکردنەوەی ڕێكارە توندەكانی پۆلیسی ئەخلاقیی بەرامبەر بە ژنانی ئێرانی دا و هەموو ئەمانەش لەلایەن گەورە بەرپرسانی ئیتلاعاتی ئێرانەوە پێشنیارکران لە پێناو ئارامكردنەوەی ناڕەزایەتی و توڕەیی کۆمەڵگای ئێران.
ئەتۆمی و سزاکان
دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتۆن لە سوڵتانییەتی عومان لە سەردەمی کۆتایی ئیبراهیم ڕەئیسیدا بەڕێوە دەچوو.
چونكە ئێرانییەکان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە گەمارۆکانی خۆرئاوا پشتی ئێرانی شکاندووە.
هەر بۆیە دەستیان بە دانوستانە سەرەتاییەکان كرد لەگەڵ ئەمەریکا، بۆ دەستپێکردنەوەی ئەو ڕێککەوتنە ئەتۆمییەی کە لە ساڵی (2015) ئەنجامدرا و ترەمپ لە ساڵی (2015) هەڵیوەشاندەوە.
ئەگەر کامالا هاریس کاندیدی دیموکراتەکان پۆستی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بباتەوە، ئەوا بابەتەکە بۆ ئێرانییەکان ئاسانتر دەبێت.
ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە لۆبی ئێران لە ئەمەریکا کاریگەری زیاتری لەسەر دیموکراتەکان هەیە، وەک ئەوەی لە سەردەمی باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووی ئەمەریکادا ڕوویدا کە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران ئەنجامدا.
ئەگەر دۆناڵد ترەمپ ببێتەوە بە سەرۆكی ئەمەریكا، چۆن مامەڵە لەگەڵ ئێران دەکات سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی؟
ترامپ لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیدا باس لەوە دەکات کە نایەوێت ئێران چەکی ئەتۆمی دروست بکات، لەگەڵ ئەوەشدا باسی پرسی میلیشیاکانی سەر بە ئێران یان مووشەکی بالیستیی نەكرد.
بۆیە ئێران ڕەنگە وەڵام بداتەوە و سازش لەسەر مەلەفی ئەتۆمی بکات ئەگەر فشارەکانی ئەمریکا لەسەری زیاتر بێت و ڕێککەوتنیش لەو چوارچێوەیەدا ئەگەری هەیە.
ئایندەی ڕێژیمی ئێران لە ئەگەری بەردەوامیی گەمارۆکانی خۆئاوا و ناڕەزایەتی ناوخۆیی ؟
ڕێژیمی ئێران بۆ درێژەدان بە ژیانی خۆی شێوازی جۆراوجۆر بەکاردەهێنێت، لەوانە ستەم و ئایدۆلۆژیای ئایینی کە کاریگەری لەسەر هەموو بارودۆخێک هەیە، هەرچەندە لەسەدا (60)ى خەڵک نایانەوێت، بەڵام نزیکەی لەسەدا (20) ئەوانەن کە لە باوەشی دەگرن و بەرگری لێدەکەن.
لە ئێراندا نزیکەی لە (80%)ی خەڵک یان ڕیفۆرمخوازن یان نەیارن بۆیە ڕێژیم لە ناو کۆمەڵگای ئێراندا پێگەی خۆی بە باشی دەزانێت، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە دوای هەفتەیەک، مانگێک، یان ساڵێک دەڕوخێت.
ڕێژیم زۆرجار تا ڕادەیەک ئیسراحەت بە ئێرانییەکان دەدات، بەتایبەتی سەبارەت بە هەڵبژاردن و کێبڕکێ لە نێوان باڵەکان (ئیسڵاحخوازان و کۆنەپەرستان)دا دروست دەکات، بۆیە دەزانێت لە کوێدا توندتری بکاتەوە و لە کوێ شل بکاتەوە.
چارەنووسی ناڕەزایەتییەکان
بۆچی ئەو ناڕەزایەتییە جەماوەرییانەی کە لە نێوان ساڵانی ( 2019 بۆ 2022) پەرەی سەند، لە ئێران بە تایبەت دوای کوژرانی مەهسا ئەمینی وەستا؟
فاکتەرەکانی ناڕەزایەتییەکان تا ئێستاش لە ئێراندا هەن، یەکەمیان هەڵاواردنی ئاشکرایە لە دژی ژنان، دووەمیان گۆشەگیریی نەتەوەیی دژی گەلانی غەیرە فارس و سێیەمیان نایەکسانی چینایەتیی گەورەی کۆمەڵگایە.
زیندانەکانی ئێران هێشتا پڕن لە ژنە چالاکوان کە سیاسەتەکانی ڕێژیم ڕەتدەکەنەوە، ئەمە جگە لەوەی کە خەڵکی ئێران هێشتا لە خوێندن بە زمانی دایکی بێبەشن.
لێرەدا مەبەستم کورد و عەرەب و بەلووچی و تورکی ئازەربایجانییە کە زۆرترین ڕێژەی دەستبەسەرکراوان و ئەوانەی لە ئێراندا سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە پێکدەهێنن.
هەرچەند لە دەستووری ئێراندا نووسراوە کە زمانی عەرەبی زمانی دووەمی ئەو وڵاتەیە، بەڵام ڕێژیم ڕێگە نادات بە ملیۆنان عەرەب لە ئەهوازدا ئەو کارە بکەن بەڵکو زمانی فارسی لە قۆناغی سەرەتاییەوە بەسەریاندا دەسەپێندرێت و ئەمەش لەسەدا ٥٠ دەگرێتەوە لە ئێرانییەکان.
هەروەها جۆرەکانی تری گۆشەگیری نەتەوەیی لە ئێراندا هەیە کە دەگاتە ڕەگەزپەرستی بەرامبەر بە عەرەب.
جگە لەوانەش بەهۆی پەیڕەوكردنی سیستمی ئابووریی "نیۆلیبراڵ"ی ئێران كە (زیاتر پشت بە کەرتی تایبەت و تێکەڵ دەبەستێت)، چینەكانی کرێکاران و مامۆستایان و خانەنشینان لە چینە چەوساوەکانی وڵاتدان، بۆیە ڕۆژانە خۆپیشاندان لەو چین و توێژانە بەڕێوەدەچێت و داوای خۆیان دەکەن ماف و باشترکردنی بارودۆخیان.
ترس و نیگەرانییەكانی ڕژێمی ئێران لە ناوچەکانی وەک ئەهوازی عەرەبی، کوردستان، بەلوچستان، ئازەربایجان و سوننە و کورد؟
جیا لەو هۆكارانەی سەرەوە، ئەو فاکتەرەی کە زۆرترین نیگەرانیی لەلای ڕژیمی ئێران دروست دەکات، پرسی نەتەوە غەیرە فارسەکانە.
بۆیە پزیشکیان لە بانگەشەی هەڵبژاردندا جەختی لەوە کردەوە کە عەرەب لە ئێران گۆشەگیر دەکرێت و نەوت و گازەکەیان دەدزرێت و بەلووچ و سوننەکانیش لە وڵاتی ئێمەدا گۆشەگیری دەکرێن.
لەسەر ئەم بنەمایە، زۆربەی دەنگەکانی پزشکیان لەو ناوچانە هاتبوون کە زۆرینەی تورک، کورد، عەرەب و بەلوچ ئازەربایجانییان هەبووە، لە کاتێکدا ئەو ناوچانەی كە زۆرینەی لە نەتەوە فارسی بوون دەنگەکانیان داوە بە ڕکابەرەکەی، سەعید جەلیلی.
گەورەترین مەترسی کە ڕێژیمی ئێران هەستی پێدەکات گەلانی غەیرە فارس و سوننەكانە بە هۆی ئەو گۆشەگیری و جموجۆڵە قووڵەی کە لە ناوچەکانی بەلووچستاندا ڕوودەدات، بەزەحمەت ڕۆژێک تێدەپەڕێت بەبێ ئەوەی پێکدادان لەوێ ڕوونەدات و کوژرانی بەرپرسان و هاووڵاتیانی لێ نەكەوێتەوە، تا ئەوەی دۆخەكە زیاتر لە شەڕی ناوخۆ دەچێت.
حوکمڕانی و دژایەتی
کێ جێگای خامنەیی دەبێتە ڕێبەری مەزنی شۆڕش لە ئێران؟
ڕژێم پێداگری لەسەر شاردنەوەی ئەم بابەتە دەکات، هەروەها لە ناو مەجلیسی شارەزایاندا لیژنەیەک هەیە کە کەسانی شیاو بۆ جێنشینی هەڵدەبژێرێت و تا ڕادەیەکی زۆریش لەم بابەتەدا بێدەنگە.
بەڵام یەکێک لەو ناوانەی کە ئێستا بڵاودەبێتەوە، موجتەبا کوڕی عەلی خامنەیی و ئەوی دیکەشیان ناوی ئایەتوڵڵا میر باقرییە. كە كەسێكی زۆر توندڕەوە و ڕەوتێكی تایبەتی بە ناوی ڕەوتی صمود هەیە، هەروەها ناوی سەعید جەلیلی كاندیدی سەرۆككۆماریش هەیە بۆ جێگرتنەوەی خامەنەیی.
ململانێی نێو دامودەزگاکانی ڕێژیمی ئێران بە تایبەت دامودەزگاکانی ئەمنی و سەربازی چییە؟
خامنەیی هێشتا لە ژیاندایە و هەر بۆیە ئەگەرچی ململانێ لە نێوان باڵەکاندا هەیە، بەڵام ڕێگە نادات بەرفراوان بێت، بە تایبەت لە نێوان سوپا و سپای پاسداران و لە نێوان ئەم دووەمیان و ئیتلاعات.
لەناو سپای پاسداراندا گرووپێک هەیە بە ناوی “یەكەی نوێنەرانی وەلی فەقیهـ” کە لەلایەن پیاوانی ئایینیەوە سەرپەرشتی دەکرێت و لەڕێگەیەوە خامنەیی هەموو دامودەزگا ئەمنیەتی و سەربازییەکانی کۆنترۆڵ دەکات.
بەڵام لەگەل مردنی خامەنەیی ئەم دۆخەش دەگۆڕێت، چونکە کاتێکی دەوێت تا جێنشینەکەی بتوانێت وەک ئەو بێت.
ململانێی ئێران لە نێوان لایەنە جیاجیاکانی ناو سپای پاسداران توند و ئاشكرایە تاقمگەلێک هەن کە لە ناو خودی ڕژیمدا پەیڕەوی لایەنێک دەکەن و تەنانەت هەندێکیان پەیڕەوی لە ئاراستەی شاهانەی پێشوو دەکەن لە سەردەمی شادا.
کاریگەری بزووتنەوە ئۆپۆزسیۆنەکان لە ناوخۆی ئێراندا چۆنە، وەک موجاهدینی خەلق، و ئەوانی تر ئەهوازی و کورد و بەلوچی؟
ئەم بزووتنەوەیانە کاریگەرییان هەبوو، بەتایبەتی لەو ناڕەزایەتیانەی کە دوای کوژرانی مەهسا ئەمینی، لە ساڵی (2022)دا ڕوویاندا، بزووتنەوەیەکی ناڕازی بوون لە ناوخۆ، بەڵام بڵاوەپێکردنی ئۆپۆزسیۆن بووە هۆی سەرکەوتنی ڕێژیم لە سەرکوتکردنی .
بۆ نموونە بزووتنەوەی شاهانەگەرایی بە سەرۆکایەتی ڕەزا پەهلەوی کوڕی شا، دژایەتییەکی تەواو لەگەڵ سازمانی موجاهیدینی خەلق دایە و جیاوازیی نێوان بزووتنەوە گرنگەکانی دیکەی کۆمەڵگەی ئێرانیش هەروا.
لە ئێراندا پێنج ڕەوتی سەرەکی هەن: «پاشاییخوازان، موجاهدینی خەلق، گەلانی غەیرە فارس، چەپ و ناسیۆنالیستی فارس».
ئەم خەڵکە یەکگرتوو نەبوون و بابەتی نێوانیان ڕوون نییە، چونکە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی (2022) دەکرا ڕژیم ناسەقامگیر بکات، بەڵام ناکۆکی و پەرشوبڵاوی نێوان ئۆپۆزسیۆن ئەو کارەی پووچەڵ کردەوە.
لە ئێستادا هەمووان چاوەڕێی مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری نوێی ڕیفۆرمخوازن دەكەن بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی کە داویانە، بەتایبەتی لە پرسە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، مافی مرۆڤ، گەلانی غەیرە فارس، پرسی ژنان و ئەوانی دیکە.
ن: یوسف عەزیزی

0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment