بۆچی سیاسەتیی ئێران نەگۆڕە؟! ئێران

وەرگێڕانی: سنوور یاسین

پێشەکی

سیاسەتیی ئێران، بە نەگۆڕی و وەک خۆی دەمێنێتەوە، ئەگەرچی گۆڕانکاری لە سەرکردایەتی و کابینەی حکومەتدا ڕووی داوە، حکومەتی نوێی ئێران بەردەوام دەبێت لە درێژە دان بە پاڵپشتی کردنی هاوپەیمان ناوچەییەکان، هەمیشە هەماهەنگییەکان بەرەو پێش دەبات و برەو بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەدات.

پێشهاتە نوێیەکان و نەگۆڕینی سیاسەت

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران پێش دەستبەکار بوون و دوای دەستبەکاربوونیشی پابەندبوونی وڵاتەکەی بە دیپلۆماسییەتێکی نەرم و ئاشتییانە دووپاتکردەوە، پشتیوانیکردنی وڵاتانی ناوچەکە و هەماهەنگی بەردەوامی بە گرنگ وەسف کرد. بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی سکای نیوز، "تاران پێویستی بە پشتیوانی کردن هەیە لەلایەن وڵاتە هەرێمییەکانەوە".

وەزیری دەرەوەی ئێران ئەجێندای کارەکانی ئاشکرا کرد، ڕایگەیاند، "وەک درێژە دان بە سیاسەتی ئێران بەردەوام دەبێت لە هاوپەیمانی پشتیوانی بەرگریکردن لە گرووپە چەکدارەکانی لوبنان، عێراق، سووریا و یەمەن".

مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە یەکەم وتاریدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، "پێشینەی کارەکانی بریتییە لە بەهێزکردنی پەیوەندییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و لابردنی ئەم سزایانەی بەسەر ئێران سەپێندراون".

لە لایەکی ترەوە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە، "ئێران ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پشتیوانی لە بیست گرووپی چەکداری ناوچەکە دەکات، زۆربەیان لە لایەن ئەمریکاوە وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی ناسێندراون".

نموونەیەکی ئەم کرووپانە، چەکدارانی حزبوڵڵای لوبنانن کە لە لایەن ئێرانەوە ڕاهێنانیان پێ دەکرێت و پشتگیریی دارایی دەکرێن، تەنیا لە (2018) دا ئێران بە نزیکەی (700) ملیۆن دۆلای پشتیوانی کردوون، بەڵام لەگەڵ بەردەوامی و زیاتر بوونی سزاکان بۆ سەر ئێران بە دڵنیاییەوە ئەم پاڵپشتییانەش کەمی کردووە بۆ ئەوان.

بە ناڕاستەوخۆ و لە ڕێگەی دابینکردنی چەکی پێشکەوتوو و ڕاهێنانەوە ئێران پاڵپشتی حووسییەکانی یەمەنی کردووە، مووشەکی بالستیکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ دابین کردوون. گرووپە میلیشیا جۆراوجۆرەکانی عێراقیش بێ بەش نین لەم جۆرە هاوکارییانە، ئێران بەردەوام بە ڕێگەی جیاواز هەموجۆرە پشتیوانییەکانی بۆ ئەم گرووپانە دووپات کردووەتەوە.

سوپای پاسداران ڕۆڵی گرنگ و کاریگەری هەیە لە سەرپەرشی کردنی ئەم گروپە جیاوازانە لە سەرانسەری ناوچەکە، .ئێران ساڵانە زیاتر لە (100) ملیۆن دۆلار دەبەخشێتە حەماس و گرووپەکانی فەلەستین، هەروەها چەکی جیاوازیان پێشکەش دەکات، مەشق و ڕاهێنانیان پێدەکات. 

بۆچوونی شارەزایان 

ئەحمەد ڕوکبان شیکەرەوەی سیاسی دەڵێت، "لە مێژوودا سیاسەتی ئێران پشتیوانی ئەم گرووپە جیاوازانەی کردووە، پاڵپشتییەکانی ئێران بۆ ئەم گرووپانە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوو و بە دیاری کراوی لە (15) ساڵی ڕابردوودا زۆر زیاتر بووە".

ڕوکبان جەخت لەوە دەکاتەوە، "بەهۆی پەیڕەوکردن و گرنگی دان بە سیاسەتیی هەرێمایەتی، ئاڵۆزی و ناکۆکی لە نێوان ئێران و چەند وڵاتێک دروست بووە بۆ نموونە هەندێک لە وڵاتانی کەنداو ناکۆکن لەگەڵ ئێران".

بۆ گرتنە بەر و دۆزینەوەی چارەسەر شیکەرەوە سیاسییەکە بە گرنگی دەزانێت، "ئێران کاریگەری خۆی بەکار بهێنێت بەسەر گروپە پشتیوانییەکاندا، تاوەکو بتوانێت پەیوەندییەکی باشتر، نزیکتر لەگەڵ وڵاتانی تردا دروست بکات". 

ڕوونیشی کردەوە، "سیاسەتی ئێران کاریگەری نەرێنی زۆری کردووەتە سەر بەحرەین، ئیمارات، سعوودیە، لوبنان، سووریا و عێراق و یەمەن".

هەروەها حوسێن ڕۆیڤاران، پرۆفیسۆری زانستە سیاسیەکان لە زانکۆی تاران باس لەوە دەکات، "سیاسەتەکانی ئێران لە ڕابردوو و ئێستادا نەگۆڕە و بە جێگیری دەمێنێتەوە چونکە ئێران دەوڵەتێکی ئایدۆلۆژیایە، بژاردەی مامەڵەکردن لەگەڵیدا شەڕکردن یان خۆبەدەستەوە دانە، لای ئێران گرنگە و لە پێشینەی کارەکانییەتی کە پەیوەندی و هەماهەنگی بەهێز و باشی هەبێت لەگەڵ وڵاتان و کۆمەڵگە ئیسلامییەکاندا".

سەرچاوە: (ماڵپەڕی شەفەق نیوز) 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین