حكومه‌تى عێراق تانه‌ له‌ 10 مادده‌ى یاساى بودجه‌ ده‌دات کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

مه‌زهه‌ر محه‌مه‌د ساڵح راوێژكارى دارایى مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق رایگه‌یاند، حكومه‌ت له‌ دادگاى فیدڕاڵى تانه‌ له‌ 10 مادده‌ى یاساى بودجه‌ى گشتى ده‌دات و لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانیش ده‌ڵێ، "ئه‌گه‌ر دادگاكه‌ له‌ به‌رژوه‌ندى حكومه‌ت بڕیارى دا، ئه‌وا یه‌كسه‌ر یاساكه‌ ده‌خرێته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌".

مه‌زهه‌ر محه‌مه‌د ساڵح راوێژكارى مسته‌فا كازمى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 22ى نیسان له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانى ئاشكراى كرد، حكومه‌تى عێراق له‌ دادگاى فیدڕاڵى تانه‌ له‌ زیاتر له‌ 10 مادده‌ى یاساى بودجه‌ى عێراق بۆ ساڵى 2021 ده‌دات.

ئه‌و راوێژكاره‌ى كازمى له‌ لێدوانه‌كه‌ى كه‌ له‌ ماڵپه‌ڕى به‌غداد توده‌ى بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ ده‌ڵێ، "په‌رله‌مان چه‌ندان گۆڕانكاریى له‌ بودجه‌ كردووه‌ و ئه‌مه‌یش بارى ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێكردن قوڕس ده‌كات و له‌وانه‌ خه‌رجى و كورتهێنانى بودجه‌ زیادیان كردووه‌".

مه‌زهه‌ر محه‌مه‌د ساڵح له‌ لێدوانه‌كه‌ى دووپاتى ده‌كاته‌وه‌، ئه‌و كاره‌ى په‌رله‌مان كردوو‌یه‌تى، به‌ ده‌ستوه‌ردانى ده‌سه‌ڵاته‌كان داده‌نرێت، بۆیه‌ حكومه‌تى عێراق له‌ دادگاى فیدڕاڵى تانه‌ له ‌چه‌ند مادده‌یه‌ك ده‌دات‌ كه‌ زیاتر له‌ 10 مادده‌ ده‌بن.

ئه‌حمه‌د سه‌فار بڕیارده‌رى لیژنه‌ى دارایى له‌باره‌ى ئه‌نجامى ئه‌و تانه‌یه‌ له‌ لێدوانێكى بۆ ماڵپه‌ڕى به‌غداد توده‌ى ده‌ڵێ، "ئه‌گه‌ر بڕیارى دادگا له‌ به‌رژوه‌ندى حكومه‌ت بوو ئه‌وا یه‌كسه‌ر یاساى بودجه‌ ده‌خرێته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌".

سه‌فار به‌رگرى له‌ لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مان ده‌كات و ده‌ڵێ، "ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ى زۆربه‌یان به‌ ره‌زامه‌ندى حكومه‌ت بووه‌، ئه‌مه‌یش كاتێك بوو كه‌ له‌ لایه‌ن لیژنه‌وه‌ میواندارییان ده‌كرا".

له‌ كۆتایى مانگى رابردوودا په‌رله‌مانى عێراق بودجه‌ى ساڵى 2021ى په‌سند كرد، جیا له‌و تانه‌یه‌ى حكومه‌ت، بودجه‌ى كێشه‌یه‌كى ترى هه‌یه‌ ئه‌ویش به‌ هه‌ڵه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆك كۆماره‌وه‌ واژۆى له‌سه‌ر كراوه‌.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین