ئێران ڕەتیدەكاتەوە هاوكاریی ڕووسیای كردبێت ئێران

نوچە نێت

باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان هەموو ئەو گوتانە ڕەتدەکاتەوە کە گوایە ئێران بە نیازە مووشەکی بالیستیکی بۆ ڕووسیا بنێرێت، ڕایگەیاند، "تۆمەتەکانی بەرامبەر وڵاتەکەمان قبووڵ کراو نین".

ڕۆژی شەممە (حەوتی ئەیلوول/2024) ماڵپەڕی (ئێرنا) بڵاوی کردەوە، ئەمیر سەید ئیرەڤانی، باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، "هەموو ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکەینەوە کە باس لە ناردنی مووشەکی بالیستیکی دەکەن لە لایەن وڵاتەکەمانەوە بۆ ڕووسیا".

هەروەها گوتیشی، "ئەم قسانە بانگەشەی بێ بنەمان لە دژی وڵاتەکەمان، کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەم تۆمەتانە وەک ئەجێندای سیاسی دەبینێت لە لایەن ئەو وڵاتانەی کە ئامانجیان بەرەو پێشبردنی بەرژەوەندییە سیاسییەکانی خۆیانە".

باڵیۆزەکەی ئێران ئەوەشی ئاشکرا کرد، "هەڵوێستی ئێران سەبارەت بە جەنگی ئۆکراینا و ڕووسیا جەخت کردنەوەیە لەسەر پێویستی خۆ بەدوورگرتنی وڵاتان لە هەر هەنگاوێک کە ببێتە هۆی زیادبوونی ناکۆکییەکان، وڵاتەکەمان دابینکردنی یارمەتی سەربازی بۆ هەر لایەنێک بە نامرۆڤانە دەزانێت، پێمان وایە دەبێتە هۆی زیادبوونی قوربانی مرۆیی و وێرانکردنی ژێرخانی ئابووری و دوورکەوتنەوە لە دانوستاندنەکانی ئاگربەست".

ئەم گوتانەی باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان دوای ئەوە دێت، "لە سەرەتای جەنگی ئۆکراینا و ڕووسیاوە چەندین جارە بەرپرسانی ئەمەریکا نیگەرانی خۆیان دەردەبڕن سەبارەت بە ناردنی مووشەکی بالیشتیکی لە لایەن ئێرانەوە بۆ ڕووسیا".

دەشڵێت،  "ئێران نەک تەنها خۆی بە دوور دەگرێت لە ئەنجامدانی ئەو جۆرە هەنگاوانە، داوا لە وڵاتانی دیکەش دەکات ئامادە نەبین پاڵپشتی هیچ کام لە ئۆکراینا و ڕووسیا نەکەن و چەکیان بۆ دابین نەکەن". 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین