سەرۆکى نوێى ئێران تارانى پایتەخت دەگوازێتەوە ئێران

نوچە نێت

مەسعوود پزیشکیان ڕایگەیاند، بەهۆی کێشە سەرەکییەکانی ڕووبەڕووی تاران بووەتەوە، دەبێت پایتەخت لە تارانەوە بگوازرێتەوە شارێکی نزیک لە کەنار,

ڕۆژی یەکشەممە (هەشتی ئەیلوول/2024) ماڵپەڕی (ئارتی) بڵاوی کردەوە، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند، "زۆرن ئەم ئاستەنگانەی ڕووبەڕووی تاران بوونەتەوە وەک کەمی ئاو و پیسبوونی هەوا بۆیە پێویستە پایتەخت لەم شارە بگوازرێتەوە".

سەرۆک کۆماری ئێران ڕاشیگەیاندووە، "تاران وەک پایتەختی وڵات کێشەی زۆری بۆ دروست بووە، ئێمە هیچ چارەسەرێکمان نییە، تەنها بە دانیشتووان بڵێین دەبێت لە تاران بڕۆن سوودی نابێت، سەرەتا دەبێت ئێمە وەک خۆمان بڕۆین بۆ ئەوەی دواتر ژمارەی دانیشتووانیش کەم ببێتەوە".

پزیشکیان دەشڵێت، "هیچ بژاردەیەکی ترمان نییە جگە لە گواستنەوەی ناوەندی ئابووری و سیاسی وڵات بۆ باشوور و نزیکتر لە دەریا، بەمەش گەشە بە ئابووری وڵات، هەناردەکردن و هاوردەکردن دەدرێت".

ئەمە یەکەم جار نییە دەسەڵاتدارانی ئێران پێشنیار دەکەن پایتەخت لە تارانەوە بگوازرێتەوە، مەحموود ئەحمەدی نەژاد، لە ماوەی سەرۆکایەتیدا لە نێوان ساڵانی (2013-2005) پێشنیاری هاوشێوەی کرد.

لە (1786) وە تاران پایتەختی ئێرانە، دەکەوێتە باکووری وڵاتەکەوە، (100) کیلۆمەتر لە دەریای قەزوینەوە دوورە. (9.4) ملیۆن دانیشتووی تێدایە، (16.8) ملیۆن هاووڵاتی لە پایتەختەکەدان، تاران گەورەترین شاری ئێرانە، دوای قاهیرە دووەم گەورەترین پایتەختە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین