ئەردۆغان: ئیسرائیل وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی هێرش دەكات تورکیە

نوچە نێت

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لەلێدوانێکدا ڕایگەیاند، "هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی ئیسرائیل ئاماژەیەکی ڕوونە کە پیشانمان دەدات، ئیسرائیل نەک وەک دەوڵەت، بەڵکو وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی هێرش دەکات."

ئەمڕۆ شەممە (21/ئەیلوول/2024) ماڵپەڕی (T24) بڵاوی کردەوە، سەرۆک کۆماری تورکیا پێش ئەوەی سەردانی ئەمریکا بکات بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لێدوانێکدا لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان گوتی، "ئیسرائیل نەک وەک دەوڵەت، بەڵکو وەک رێکخراوێکی تیرۆرستی هێرشەكانی ئەنجام دەدات."

ئەردۆغان ئاماژەی بەوەش کرد، "بەداخەوە ململانێکانی ئیسرائیل لە هەموو ناوچەکانی لوبنان تەشەنەی کردووە، هەروەها بۆ ئەوەی بگاتە ئامانجە رقاویەکانی هەمووشتێک ئەنجام دەدات، سەرۆکی لوبنان پێی راگەیاندووین لە دۆخێکی زۆر سەختدان و پێویستیان بەهاوکاریی ئێمە."

سەرۆکی تورکیا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی رۆژئاوا لە دژی تاوانەکانی "ئیسرائیل بێنەدەنگ و هەنگاوی جددی بنێن، دەبێت ئەو وڵاتانەی کە ئەرکی پاراستنی ئاشتی جیهانیان هەیە، چارەسەرێک بدۆزنەوە و ئیسرائیل بوەستێنن چونکە مرۆڤایەتی ڕۆژێکی نەماوە لە دەستی بدات."

ئەردۆغان سەبارەت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندەکانیان لەگەڵ سووریا دەڵێت، "بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ سووریا ئیرادەی خۆمان پیشاندا، ئێمە ئێستا چاوەڕوانی وەڵامی بەرامبەرین، ئێمە بۆ ئەوە ئامادەین، هەردوولا وەک دوو وڵاتی موسوڵمان دەمانەوێت ئەو یەکگرتنەوەیە ئەنجام بدەین و پێموایە دەتوانین لەنێوان هەردوو وڵات پرۆسەیەکی و سەردەمێکی نوێ دەستپێبکەینەوە."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین