ئەولەویاتی ئێران بەهێزکردنی پەیوەندییە ناوچەییەکانە بیروڕا

نوچە نێت

نوسینی: چنوور جەعفەر

زانکۆی سۆران

ئێران، وڵاتی دراوسێی مێژووی و کارلێکی پەیوەندییە سیاسی و کلتوری و ئابورییەکانە لەگەڵ عێراقدا. وە لەنێو عێراقیشدا بوونی پەیوەندییە مێژووی و سیاسی و ئابورییەکانی گەلی کورد لەگەڵ دەسەڵات و حوکمەتە یەک لەدوا یەکەکانی ئێران و گەلی کوردستان دا هەیە هەبووە. مەسعوود پزشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، عێراقی هەڵبژارد وەک یەکەم سەردانی فەرمی خۆی بۆ دەرەوەی ووڵات، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەو پەیوەندییە لە پێشینەیەی کە ئێران لەگەڵ ولاتانی دراوسێیدا هەیەتی بەتایبەتی لەگەل عێراقدا. عێراق بەهۆی وابەستەییە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانیانەوە وەک ئەولەویەتێکی ستراتیژی بۆ ئێران دەمێنێتەوە.

 سەردانەکەی (مەسعوود پزشکیان) بۆ بەغدادی پایتەختی عێراق، و هەرێمی کوردستان، بووە جێگەی سەرنجی میدیا نێوخۆیی و جیهانیەکان. بەحوکمی ئەو پەیوەندییە مێژوویی و سیاسیەی کەلەنێوان گەلانی هەردوو وڵاتدا هەیە. سەردانی فەرمیی سەرۆک کۆماری ئێران بۆعێراق و هەرێمی کوردستان. بەدەرنیە لە بوونی ڕۆڵی (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و تاراندا. هاوکات کۆکردنەوەی لایەنە سیاسیە کوردییەکانی باشوری کوردستان لە دیدارێکی هاوبەشی نێوان سەرۆک کۆماری ئێران و سەرکردایەتی هێزە سیاسیە کوردییەکان لەباشوری کوردستان. ئەم دیدارە مێژووییە دەگەرێتەوە بۆ هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێم لەنزیکبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر وتاران، پاش سەردانە فەرمیەکەی نێچیرڤان بارزانی لەبەرواری ٣٠\٧\٢٠٢٤ بۆتارانی پایتەخت. کە بەبانگهێشتێکی فەرمی سەردانی تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامی ئێرانی کرد، بەمەبەستی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی مەسعود پزشکیان، سەرۆک کۆماری تازە هەڵبژێردراوی ئێران.

 (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تاران چەند دیدارو کۆبوونەوەی لە پەراوێزی سەردانە  فەرمیەکەیدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای تاران دا ئەنجامدا، هەرئەمەش بووە بەرئەنجامی پتەوکردنی پەیوەندییە دبلۆماسیەکانی نێوان هەولێرو تاران. کە پزشکیان لەیەکەم گەشتی دەرەوەی تاران یدا هەرێمی کوردستان بکاتە وێشتگەی سەرەکی سەردانە فەرمیەکەی بۆ بەغداد.

سیاسەتی تاران لەگەڵ گەلی کورددا جیاواز لە سیاسەتی وڵاتانی تری دراوسێی گەلی کورد هەمیشە خوێندنەوەی بۆ کراوە،ئەم سەردانەی پزشکیان لەچاوی چاودێرانی سیاسی ئێرانییەکانەوە بەسەردانێکی ڕێزلێگیراو بۆ بەشداریکردنی سەرکردە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و پێکهاتە ناوخۆییەکان وەسف دەکرێت. کەلەسەر بانگهێشتی (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان بووە بۆ سەرجەم لایەنە سیاسیە کوردییەکان لە هەولێری پایتەخت. بەتایبەت ئاخافتنی پزشکیان بە زمانی پاراوی کوردی بووە جێگەی سەرنجی کەناڵە میدیاییەکان لەهەردوو پارێزگای هەولێرو سلێمانی. لەگەڵ ئەوەی لە ئاستێکی باڵادا هەوڵی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان و گفتوگۆکردن لەسەر پرسە سیاسی و ئەمنییەکان لەگەڵ سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان تەوەرەیەکی سەرەکی دیدارەکان بووە. هەربۆیە سەردانیکردنی دەوڵەتێکی ئاست بەرزی لەو شێوەیە لەلایەن دراوسێیەکی گرنگی وەک ئێرانەوە کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر پەیوەندییەکانی داهاتووی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران. بەتایبەت کە سەردانەکەی پزشکیان، بەسەردانی بۆ هەرێمی کوردستان کۆتایی هات، کە ئامانج لێی بەهێزکردنی پەیوەندییە سیاسی و بازرگانی و ئەمنییەکان بوو لەگەڵ سەرکردایەتی کورد لە هەردوو شاری هەولێر و سلێمانی. 

چونکە بەغدادو هەرێمی کوردستان، وەک ئەولەویەتێکی ستراتیژی سەرەکی بۆ ئێران دەمێنێتەوە، بەسەلماندنی ئەو ڕاستییەی کە یەکەم گەشتی دەرەکیی پزشکیان، وەک سەرۆک کۆماری ئێران بۆ عێراق بوو، ئاماژەیەکی ڕوونە کە وڵاتەکە بەردەوام دەبێت لە پێکهێنانی ئەولەویەتێکی ستراتیژی سەرەکی بۆ تاران. ئەو پرسە سەرەکیانەی کە ئێران گرنگی پێدەدات بەرەو پێشەوەیان ببات، سەرەتا لە پێشهاتە ناوخۆییەکانی عێراقدا خۆی دەبینێتەوە، لەوانە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ و هەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی ٢٠٢٥، کە دەتوانێت وڵاتەکە ناسەقامگیر بکات یان کاریگەری ئێران و پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان لاواز بکات. هەروەها پێدەچێت تاران بە وردی چاودێری ئەو پرۆسەیە بکات کە دواجار دەبێت ببێتە هۆی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە عێراق، دەرئەنجامێک کە ئێران دەیەوێت بە مەرجێک کاریگەری لەسەر سەقامگیری وڵات نەبێت. لە کاتێکدا ئێران بەردەوام دەبێت لە دڵنیابوون لەوەی کە گرژییە ناوچەییەکان، بەهۆی شەڕی حەماس و ئیسرائیلەوە نەگواسترێتەوە بۆناوخاکی عێراق، ئەمە وەک مەترسی و گرنتیەک دەمێنێتەوە کە تاران بەکاری دەهێنێت بۆ ڕێگریکردن لە هێرشەکانی داهاتوو یان ئەگەری پەرەسەندنەکان.

هەربۆیە ئێران کاریگەرییەکی بەرچاوی لە عێراقدا هەیە، چ لەسەر ئاستی دامەزراوەیی و چ لە ئاستی نیمچە سەربازیدا و بە شێوەیەکی بەرچاو کاریگەریی پێشهاتەکانی بەغدادی لەسەرە. لەمیانی سەردانەکەیدا، پزشکیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق کۆبووەوە، لەوانە عەبدولەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق و محەمەد شیاع ئەلسودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق. ئەنجامی ئەم دیداروگفتوگۆیانەش بووە هۆی پەسەندکردنی ١٤ یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بە ئامانجی بەرزکردنەوەی هاوکارییەکانی نێوان هەردوولا لە بوارە سیاسی، ئابووری و کولتوورییەکاندا.

لە نێوان گرژییە بەردەوامەکانی ناوچەکەدا، ئەم سەردانەی پزشکیان بەگرنگ وەسف دەکرێت، چونکە عێراق وەک هاوبەشێکی چارەنووسساز بۆ ستراتیژی ناوچەیی ئێران دەمێنێتەوە. جگەلەوەی بەغداد دەتوانێت دەرفەتێک پێشکەش بە کۆماری ئیسلامی ئێران بکات، بۆئەوەی توانای پەیوەندیکردنی دیپلۆماسی لەگەڵ ئەمریکا بەکاربهێنێت. پەیوەندی نزیکی بەغدا لەگەڵ تاران، لەلایەکی ترەوە جۆری پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ عێراقدا، دوور نیە عێراق بخاتە بەردەم مەترسییەک کە ڕایبکێشێتە ناو ململانێیەکی ناوچەیی فراوانترەوە؛ مەترسییەک کە بەغدا بە ڕوونی دەیەوێت خۆی لێی بەدوور بگرێت. لە هەمان کاتدا هاوبەشی ئێران کلیلی عێراقە. لە ڕاستیدا عێراق بەردەوامە لە پشتبەستنی زۆر بە وزەی ئێران، سەرەڕای هەوڵدان بۆ هەمەچەشنکردنی هاوردەکردن و سزاکانی ئەمریکا کە لە شوێنی خۆیانن.

چونکە ئێران، عێراقێکی سەقامگیر بەڵام لاوازی دەوێت. سەردانەکەی پزشکیان، گرنگی عێراق لە حیساباتی ستراتیژی ئێراندا نیشان دەدات، بەبێ گوێدانە ئەوەی کێ سەرۆکە، چونکە ئێران بەگرتنە بەری سیاسەتی بوونی عێراقێکی سەقامگیر بەڵام لاواز، دەوێت کە لەلایەن هاوپەیمانە شیعەکانەوە حوکمڕانی بکرێت ولە ئەنجامدا مەترسی لەسەر بەرژەوەندییە ئەمنی و ئابوورییەکانی نەکات. بەڵام بەهۆی پارچەپارچەبوونی ناوخۆیی عێراق هێشتا ستراتیژییەکی یەکگرتووی ئێرانی نییە. هەر لایەنێکی عێراقی دیدگای خۆی وپەیوەندییەکی جیاوازی لەگەڵ ئێراندا هەیە.

هەربۆیە پێویستە بەغداد وریا بێت لە شەڕێکی ئیقلیمیدا تێوەنەگلێت، دوای ساڵانێک لە گیرخواردنی نێوان ئێران و دراوسێ عەرەبەکانی، دواجار عێراق بە بوون بە ناوبژیوانی ناوچەیی، پێگەی خۆی قۆستەوە. ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە چاککردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئێران. بەڵام ئەم ڕۆڵە نێوەندگیرییە لەگەڵ دروستبوونی شەڕی غەززە قورستر بووە، بەو پێیەی عێراق دان بە ئیسرائیلدا نانێت و ناوچەکە زیاتر جەمسەرگیری بووە. بەڵام ئەوەی بۆعێراق سوودی هەیە، بوونی ئەو پێشینەیەتی لە پشتیوانیکردنی دۆزی فەلەستین، لەهەمان کاتیشدا توانای دانوستانی هەیە لەگەڵ ئەمریکادا، تەنانەت ئەگەر ڕاستەوخۆش نەبێت لەگەڵ ئیسرائیلیشدا. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین