کێ ئەفگانستانی کردە دەوڵەتێکی ئیسلامی؟ وەرگێڕان

نووسینی: سێرگی گیرنیاخۆڤسکی

وەرگێڕانی: سامان عەلی

ئیسلامییەکانی ئەمڕۆ لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا نەهاتن و دەسەڵاتیان لە ئەفگانستان نەگرتە دەست، تەنانەت ساڵی١٩٩٦یش نەهاتنە دەسەڵات کاتێک بۆ یەکەمین جار تاڵیبان دەستی بەسەر کابوڵدا گرت.

لە ساڵی١٩٢٦ـەوە ئەفگانستان بە ئاراستەی وەرچەرخان لە دەوڵەتێکی ئیسلامیی باو و کۆنەوە بەرەو بوون بە دەوڵەتێکی عەلمانی هەنگاوی دەنا، چونکە کاتێک شازادە ئەمانوڵڵا دەستی بە نوێکردنەوەی وڵات کرد، میرنشینی هەڵوەشاندەوە و خۆی کردە پادشا و وڵاتەکەیشی کردە پادشایەتی. لە ساڵی١٩٧٣یشدا کاتێک محەمەد داود خان-ی ئامۆزای دەسەڵاتی پادشایەتی کارکەنار کرد و ڕژێمی کۆماریی ڕاگەیاند، یاسای عەلمانی بەسەر شەریعەتی ئیسلامیدا زاڵ بوو. پارتی گەلی دیموکراتیی ئەفگانی (PDPA) لە ناوەڕاستی ساڵانی شەست دامەزرا و بڕوای خۆی بە بنەما مارکسییەکان ڕاگەیاند و، بووە یەکێک لە دیارترین هێزە سیاسییەکانی وڵات. مانگی نیسانی ساڵی١٩٧٨، ژمارەی ئەندامانی پارتی گەلی دیموکراتیی ئەفگانی، بڕێک لە ژمارەی ئەندامانی پارتی بەلشەفیک لە سەرەتای ساڵی١٩١٧دا نزیک بووەوە. ئەندامانی پارتی گەلی ئەفگانی لە ڕۆشنبیران و سەربازان و ئەفسەرانی سوپا پێکدەهات کە چەندین یەکەی سەربازیی سوپایان بە دەستەوە بوو.

داود خان نەیتوانی ڕێ و شوێن بەرانبەر بە ئاماژەکانی ئەو قەیرانە ئابوورییە بگرێتە بەر کە لە وڵاتدا دەرکەوتبوون، لە سەرەتای ساڵی١٩٧٨دا داڕووخان و تێکچوون لە ئاستەکانی بژێویدا بە شێوەیەک پەرەی سەندبوو، پتر لە ملیۆنێک هاووڵاتی سەری خۆیان هەڵگرت و کۆچیان کرد بۆ ئێران.

ڕۆژی ١٧ی نیسانی ساڵی١٩٧٨ ئەکبەر خەیبەر کە یەکێک بوو لە سەرکردەکانی باڵی "پەرچەم"ی پارتی گەلی دیموکراتیی ئەفگانی گوللەباران کرا. ڕێ و شوێنی بەڕێکردنی تەرمەکەی بەرەو گۆڕستان، گۆڕا بۆ ڕێپێوانێک لە دژی حکومەت و، دەیان هەزار هاووڵاتی کەمەندکێشی ڕیزەکانی خۆی کرد. محەمەد داود خان، سەرکردەکانی پارتی گەلی ئەفگانی کە بریتی بوون لە هەریەک لە نور محەمەد تەرەقی (کە سەرکردەی باڵی خەڵکی پارتەکە بوو کە باڵی هەرە توندئاژۆی پارتەکە بوو) هەروەها باڵی (گەل) و بابراک کارمال (کە سەرکردەی باڵی "پەرچەم" بوو کە باڵی هەرە میانڕەوی پارتەکە بوو) دەستگیر کرد. بەو هۆیەوە پارتەکە کەوتە بەر شاڵاوی داپڵۆسین و قەدەغە کردن. ئەوەش پاڵی بە سەرانی پارتەکەوە نا فەرمان بە ئەفسەرەکانیان لە ڕیزەکانی سوپادا بدەن، داود خان لە دەسەڵات لا بدەن. لە چوارچێوەی ئەو قەیرانەشدا کە برەوی سەندبوو و هەروەها لە چوارچێوەی ئەو خەباتە سیاسییەدا کە جۆشی سەندبوو، شۆڕشی نیسان چارەسەرێکی سروشتی بوو.

ئەفگانستان بۆ لە دەسەڵاتلابردنی حکومەتی پێشوو ئامادە و لە بار بوو، بەڵام بۆ ئەو وەرچەرخان و گۆڕانە شۆڕشگێڕییانە ئامادە و لە بار نەبوو کە نور محەمەد تەرەقی ویستی بەو هەنگاوەدا بینێت کە لە یەکێتی سۆڤیەت شەش دەهەی خایاند. وەرچەرخانەکان چەند ڕیشەییتر بوونایە، بەرەنگاربوونەوەیان توندوتیژانەتر دەبوو. چەند بەرهەڵستکارانی شۆڕشەکەش کە لە دەرەوە پاڵپشتی دەکران توندتر بوونایە، کاردانەوەی شۆڕشەکە بەرانبەریان توندتر دەبوو. وێڕای ئەو ململانێیەی لە سەرکردایەتیی پارتی گەلی دیموکراتیی ئەفگانیدا لە نێوان میانڕۆیان (باڵی پەرچەم) و ڕادیکاڵەکان (باڵی خەڵک)دا هەبوو و بە دوورخستنەوەی باڵی میانڕۆ لە سەرکردایەتیی پارتەکە و وڵاتیش کۆتایی هات.

لەگەڵ کۆتایی ساڵی١٩٧٩دا، لەپاش ڕەوانەکردنی بیست بانگەواز بۆ مۆسکۆ لەلایەن نور محەمە تەرەقی و حەفیز ئەمین و، لەدوای لە دەسەڵاتلابردنی نور و کوشتنی، سوپای سۆڤیەت چووە ئەفگانستانەوە. باڵی پەرچەم لە دەسەڵات لا درا و بابراک کارمال-ی سەرکردەی باڵەکە کرایە سەرۆکی ئەفگانستان.

بابراک کارمال سیاسەتی حکومەتەکەی خۆی لەسەر بنەمای دەستگرتن بە مانەوەی تاهەتایی یەکە سەربازییەکانی یەکێتی سۆڤیەت لە ئەفگانستان و سەرکردایەتیی بەردەوامی ڕاهێنەرە سۆڤیەتییەکان دامەزراند. پسپۆڕ و تایبەتمەند و شارەزا سۆڤیەتییەکان، دامەزراوە بەرهەمهێن و کۆمەڵایەتییەکانیان لە وڵاتەکەدا دامەزراند، لەولاوە هەریەک لە ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێران و پاکستان و شانشینی عەرەبیی سعودی و چین پاڵپشتییان لەو هۆز و خێڵانە کرد کە چوون بە گژ شۆڕشەکەدا و هیچ ڕۆژێک لە ڕۆژان لەگەڵی نەرم نەبوون، نە لەگەڵ شازادە و نە لەگەڵ پادشا و نە لەگەڵ داود و نە لەگەڵ پارتی گەلی دیموکراتیی ئەفگانی.

پاشان "پیرسترۆیکا" لە یەکێتیی سۆڤیەت دەستی پێ کرد و، ئەم بیرۆکەیە بە خەیاڵی ئەو سەرکردانەدا هات کە پیرسترۆیکایان لەگەڵ خۆیاندا هێنا: لەبەر ئەوەی هۆزەکان لەژێر ئاڵای ئیسلامدا لە دژی شۆڕشی ئەفگانی جەنگان، پێویستە ئەفگانستان بکرێتە دەوڵەتێکی ئیسلامی و ئاڵای سەوز لە موجاهیدەکان وەربگیرێتەوە و جاڕی سیاسەتی ئاشتبوونەوەی نیشتمانی بدرێت و، لێبووردن بۆ سەرانی موجاهیدەکان دەربکرێت و، داوایان لێ بکرێت بەشداریی لە پێکهێنانی حکومەتدا بکەن.

لەپێناو پشتیوانیکردن لەو ئاراستەیە لە ڕێگای گۆڕینی ڕووخساری سەرکردایەتیی وڵاتەوە، بابراک کارمال بە نەجیبوڵڵا گۆڕدرا کە ئەمیش دیسان سەر بە باڵی پەرچەمی پارتی گەلی ئەفگانی بوو بەڵام لە کارمال میانڕۆتر و نەرمتر بوو.

نەجیبوڵڵا دەسبەجێ جاڕی ڕاگرتنی شەڕی دا و داوا و بانگی لە موجاهیدەکان کرد بەشداریی لە حکومەتدا بکەن و ئایینی ئیسلامی لەنێو دەستووری ئەفگانستاندا وەک ئایینی دەوڵەت جێگیر کرد و، دروشمە سۆشیالیستییەکانی نێو پڕۆگرامەکانی پارتی گەلی سڕییەوە و، ناوی کۆماری دیموکراتیی ئەفگانستان گۆڕدرا بۆ کۆماری ئەفگانستان و، ناوی پارتی گەلی دیموکراتیی ئەفگانییش گۆڕدرا بۆ پارتی نیشتمان. پاشان لێبووردنی بۆ ئەحمەد شا مەسعوود و حەققانی و ئیسماعیل خان دەرکرد، کە لە بەناوبانگترین سەرکردە مەیدانییەکانی موجاهیدەکان بوون.

دژوارە بگوترێت ئەوە بیرۆکەی نەجیبوڵلا خۆی بوو، بەڵام بیرۆکەیەک بوو لەگەڵ پیرسترۆیکاکەی گورباچۆڤدا کۆک دەهاتەوە.

لەڕاستییدا ئەوە نە تاڵیبان و نە موجاهیدەکان بوون ئەفگانستانیان کردە دەوڵەتێکی ئیسلامی، بەڵکو ئەوە نەجیبوڵڵا بوو لە ساڵانی ١٩٨٦-١٩٨٧دا لەسەر پێشنیازی سەرکردایەتیی سۆڤیەت و ئەوانەی لە مۆسکۆوە بەرەو ئەنجامدانی ئەو کارە پاڵیان نا، بەو چەشنەی لێ کرد.

ئێستا پاش ئەوەی تاڵیبان دەستی بەسەر کابوڵدا گرت و حکومەتی خۆیان پێکهێنا، زۆر کەس سەرلەنوێ چاو بە شتەکاندا دەخشێننەوە. ئەوانە لە ئێستادا باسی ئەوە دەکەن تاڵیبان لە ڕووسیا قەدەغە نییە، بەڵکو ئەوەی گەمارۆی لەسەرە و قەدەغەیە "قاعیدە"یە و، پێویستە ئێمە دەستی دۆستایەتی بۆ تاڵیبان ڕابکێشین و، تاڵیبان لە سنووری باکووری ئەفگانستان ناترازێن. ئەوانە دەڵێن تاڵیبان تیرۆریستن، بەڵام پاش ئەوەی دەسەڵات دەگرنە دەست ئیتر دادەسەکنێن. بەڵام لە سەرەتای دەهەی بیست و سیی سەدەی بیستی پێشوودا، زۆر کەس لە خۆرئاوا هەمان بالۆرەیان سەبارەت بە سۆشیالیستە نەتەوەییە ئەڵمانەکان (واتە نازییەکان) دا.

لە ئەفگانستانیش، لە سەروەختی جاڕدانە پووچەکەی سەردەمی گورباچۆڤ سەبارەت بە "سیاسەتی ئاشتبوونەوەی نیشتمانی"، لەڕاستییدا موجاهیدەکان ئەو ڕێکارەیان وەک یەکەمین هەنگاوەکانی کشانەوەی نەجیبوڵڵا و یەکێتیی سۆڤیەت لێکدایەوە. ئەو چەشنە خۆبەدەستەوەدانانە هیچ ئەنجامێکیان نابێت. بوونی لایەنی سۆڤیەت لە ئەفگانستان تا ڕادەیەک ڕۆڵی هەبوو لە نەمانی ئەو کێشمەکێشەی لە نێوان باڵی (گەل) و باڵی (پەرچەم)ی پارتی گەلی دیموکراتیی ئەفگانیدا هەبوو، بەڵام کاتێک سوپای سۆڤیەت کشایەوە، موجاهیدەکان هێرشەکانی خۆیان چڕ کردەوە. لە سەرەتادا پارتی گەلی ئەفگانی و سوپای ئەفگانی بە توندی وەڵامیاندایەوە و ئیسلامییەکان کشانەوە. باڵی (گەل) ئامادە بوو بجەنگێت، بەڵام بەهاری ساڵی دواتر، واتە ساڵی١٩٩٠، نەجیبوڵڵا بە ڕێککەوتن لەگەڵ کرەملین، ئەو ئەفسەرانەی دەستگیر کرد کە سەر بە باڵی (گەل) بوون و ئامادەبوون بجەنگێن.

سەرەنجام باڵی (گەل) شکستی هێنا، بەڵام نەجیبوڵڵا متمانەی بەشێکی گەورە لە پارتەکە و سوپایشی لەدەست دا و، ئەوانە هەموویان چوونە بەرەی بەرهەڵستانی نەجیبوڵڵاوە. سەرکردایەتیی گورباچۆڤیش، کە لە سەروبەندی لەبیرچوونەوە و لەناوچووندا بوو، ڕازی نەبوو بە چەک و جبەخانە و سووتەمەنی کۆمەکی نەجیبوڵلا بکات.

لە سەرەتای ساڵی١٩٩٢دا موجاهیدەکان تەنها لایەن نەبوون لە دژی حکومەت جەنگان، بەڵکو ئەو یەکە سەربازییانەی سوپای ئەفگانستان و ژەنەڕاڵانەش چوون بە گژ سوپادا کە لە ساڵی ١٩٨٩دا موجاهیدەکانیان تێکشکاند و ڕووبەروویان بوونەوە.

موجاهیدەکان دەستیان بەسەر کابوڵدا گرت و، بە هۆی هێزە ئۆزبەکییەکانی ژەنەڕاڵ دۆستەمەوە نەجیبوڵڵایان لە دەسەڵات لا دا، کە ساڵێک بەرتر خێزانی لایەنگرانی باڵی (گەل)ی کۆمەلکوژ کرد کە هەر بە لایەنگری شۆڕشەکە مابوونەوە. ئەم پیلانەش بە هۆی عەبدولوەکیلی وەزیر دەرەوەی ئەفگانستانەوە جێبەجێ کرا کە پێشتر هاوپەیمانی نەجیبوڵڵا بوو.

تەنانەت مردنەکەی نەجیبوڵڵا خۆیشی مردنێکی تۆقێنەر بوو؛ موجاهیدەکان بە گوریسێک بە ئۆتۆمۆبێلێکی جیپەوە شەتەکیاندا و بە کابوڵدا ڕایانکێشا. کۆماری ئەفگانستان نەما. لە بریی ئەوە دەوڵەتی ئیسلامیی ئەفگانستان پەیدا بوو، کە لەپاش هاڕەکردنی دوو تاوەرەکەی بازرگانیی جیهانی لە نیویۆرک خۆی گرت و، پاشان ئەمەریکییەکان بۆ ماوەی دوو دەهە داگیریان کرد.

لە فەیسبووكی سامان عەلی وەرگیراوە

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین