رۆژنامەی پۆلیتیکۆ: ئەمەریکا گلۆپی سەوزی بۆ ئیسرائیل هەڵکردووە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت

سەرچاوەکان ئەوە ئاشکرا دەکەن واشنتۆن گڵۆپی سەوزی بۆ ئیسرائیل هەڵکردووە بۆ هێرشکردنە سەر لوبنان، ئەمەش پێچەوانەی هەوڵەکانییەتی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن یاخود کۆتایی هێنان بە شەڕ و ناکۆکییەکان.

ڕۆژی سێشەممە (یەکی تشرینی یەکەم/2024) ماڵپەڕی (ئارتی) بڵاوی کردەوە، "ئەگەرچی ئەمەریکا داوای لە ئیسرائیل و حیزبوڵڵا کردووە هەوڵی ئاگربەست بدەن و بگەن بە ڕێککەوتن، بەڵام حکومەتی ئەمەریکا بە بێدەنگی هەڵمەتی سەربازی و هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر لوبنان پەسەند کردووە".

لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولدا ئیسرائیل ستراتیژی و پلانی سەربازی خۆی بۆ واشنتۆن خستووەتە ڕوو، لە لایەن ڕاوێژکارانی باڵای سەرۆکایەتی ئەمەریکاوە ڕەزامەندی وەرگرتووە. ڕاپۆرت و پێشبینییە جیاوازەکان جەخت دەکەنەوە لەوەی، "ئەگەری هەیە جەنگەکە فراوانتر بێت و ڕاستەوخۆ ئەمەریکا ڕابکێشرێت بۆ ناو جەنگەکەوە".

زیاتر لە هەفتەیەکە ئیسرائیل هەڵمەتێکی بۆمبارانکردنی لە لوبنان دەستپێکردووە و زۆرێک لە سەرکردەکانی حیزبوڵڵای کوشتووە، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە زیاتر لە (1000) هاووڵاتی کوژراون، نزیکەی یەک ملیۆن هاووڵاتیش ئاوارە بوون.

رۆژنامەی پۆلیتیکۆ ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، "بە بڕوای واشنتۆن ناکۆکییەکانی ئیسرائیل و حەماس جیاوازە لە ناکۆکییەکانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا، بەرپرسانی ئەمەریکا جەخت دەکەنەوە لەوەی ناکۆکییەکانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا ڕێگە خۆشکەر و یارمەتیدەر دەبێت بۆ نەهێشتن یاخود کەمکردنەوە هەژموونی ئێران لە ناوچەکەدا، واشنتۆن بەردەوام دەبێت لە داواکردن ئاسایی کردنەوەی دۆخەکەدا".

لە سەرەتای جەنگی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماسەوە، چەکدارانی حیزبوڵڵا بەردەوام ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، "تەنیا ڕاگەیاندنی ئاگربەست یان ڕێککەوتنی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس ئەوان دەوەستێنێت لە هێرشەکانیان".

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین