بیروڕا

نوچە نێت

ن: ڕاز ئەسعەد

ئەمە وتەی خاتوو ماری ڕیتەر بێرد- ی (١٨٧٦-١٩٥٨) مێژوونووس و چالاکوانە، کە لە دەیەکانی سەرەتای سەدەی ڕابردوودا لە دیارترین چالاکوانانی جوڵانەوەکانی کرێکاران و مافی ژنان بووە، بەشداری هەموو تێکۆشان و داواکارییەکان بووە بۆ دەستەبەرکردنی مافی دەنگدان بۆ ژنانی ئەمریکا، ئەندام بووە لە ئەنجومەنی ڕاوێژکاریی کۆنگرێس بۆ مافەکانی ژنان.

کارە زۆرەکانی بێرد لە بواری مێژووی ژندا، لە ساڵی ١٩٣٥دا گەیاندییە دامەزراندنی سەنتەری جیهانیی بۆ ئەرشیفی ژنان لە نیویۆرک، هەرچەندە تەمەنی ئەم سەنتەرە پێنج ساڵی خایاند، بەڵام توانی زۆربەی کۆلێج و زانکۆکان ناچار بە کۆکردنەوەی تۆمارەکانی مێژووی ژن بکات.

بێرد لە ڕاوێژکارە یەکەمینەکانی پێشکەوتنی ئەرشیفی مێژووی ژن بووە لە کۆلیژەکانی ڕادکلیف و سمێس، تا لە کۆتاییدا بووە هۆی دامەزراندنی کتێبخانەی ئارسەر و ئەلیزابێس شلیزنجەر تایبەت بە مێژووی ژن لە ئەمریکا لە پەیمانگای ڕادکلیف بۆ لێکۆڵینەوە باڵاکان، زانکۆی هارڤارد، سۆفیا و کۆمەڵەی سمێس لە کۆلێجی سمێس.

گیبۆنی مێژوونووسی ناوداری ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی دەپرسێت مێژوو چییە؟ خۆی وەڵامدەداتەوەو دەڵێت: نزیکترە لە تۆماری تاوانەکانی پیاوان و هەڵە و تەنگوچەڵەمەکانیان.

ئایا ژن و پیاو لە جیهاندا بەردەوام باشی و خراپیەکان و خۆشی و ناخۆشیەکانیان لە نێوان خۆیاندا دابەشنەکردووە؟ ئایا هەردووکیان بە یەکەوە نەچەوسێنراونەتەوە؟ ئەی کەواتە مێژووی ژن بۆ؟

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەرەتاکانی مێژوو، هەر لە یەکەم دەرکەوتنی مرۆڤەوە، هەموو کارەکان پیاوان کردوویانە، بە پێی تۆمارە مێژووییەکان پیاوان زۆر بە متمانەوە بەرەو پێش دەچن، بە بێئەوەی ژنیان لەگەڵدا بێت، پیاوی ڕاوچی دەردەکەوێت و دەمانگوازێتەوە بۆ قوناغی گۆشتخۆری، کە مێشک هەنگاوێک دەچێتە پێشەوە، دەستدەکات بە دروستکردنی ئامێرە سەرەتاییەکانی وەک سەرە تیر، و ڕم و چەقۆ... دیواری ئەشکەوتەکان بە وێنەکان پڕدەکاتەوە و بەو جۆرە بەرەو پێشدەچێت، واتە پیاو بەتەنها ڕێی گەشەسەندن دەگرێتەبەر و کەسیش باسی ڕۆڵی ژن ناکات لەو پێشکەوتنانەدا.

لە قۆناغەکانی دواتردا وردەوردە لە کوێدا پیاو تووشی شکست بووبێت، ژنێک دەرکەوتووە، کە لێرەدا جێی خۆیەتی بپرسین بۆ تەنیا ژنێک، ئەی ئەوانی دیکە لە کوێ بوون؟ بۆ ئەلیزابێس بە تەنیا دەردەکەوێت و ئەوانەی چواردەوری هەموو پیاون.

ئەمانە شێواندنی تۆمارە مێژووییەکانن، لە ناوەڕاستی سەدەی پێشووەوە لە ئەوروپا و ئەمریکا هەستی پێکراوە و کاری جدی لەسەر دەکرێت. وەنەبێت ئەم حاڵەتی ژن شاردنەوە و پەراوێزخستنەی کۆتایی هاتبێت، بەڵکو تا ئەمڕۆش لە هەموو جیهاندا هەر وایە.

ئەگەر نووسینەوەی مێژوو لە ڕابردوودا بەو جۆرە پیاوانەییەی کە هەیە، تەنیا تۆمارکردنی دیاردە و ڕووداوەکان بووبێت، ئەوا نووسینەوەی مێژووی ژن جگە لە ڕاستکردنەوەی تۆمارەکان، ئەرکی ڕاڤە و لێکدانەوەی ڕۆڵی ژنانیشی لەسەرە و دەبێت بیسەلمێنێت هیچ پێشکەوتنێک بە بێ ژن نەکراوە و ژن دروستکەری بەشێکی زۆری مێژوو بووە، نەک تەنیا هاوبەشێکی گوێڕایەڵی پیاو.

مێژووی کورد سەرباری هەموو کەموکووڕییە میتۆدی و زانستییەکان، هێشتا پڕە لە پەراوێزخراو، ژن دیارترینی ئەو پەراوێزخراوانەیە، ڕاستە ژن و پیاو پێکەوە ڕووبەڕووی نەهامەتیەکان بوونەتەوە و هەمان ئازاریان چەشتووە، بەڵام بەشی ژن لەو ئازارانە زۆر لەوەی پیاو زیاتر بووە، ئەگەر پیاوان لە بەرەی شەڕدا بەرەو ڕووی دوژمن بووبنەوە، لە خراپترین حاڵەتدا کوژراون، بەڵام ژن جگە لە مەرگ، کەوتۆتە ژێر پێی سوپای دوژمنەوە و لەسەری بووە منداڵ ڕزگار بکات و زۆربەی جار کەوتۆتە بەر شاڵاوی لاقەکردن و چەندین جۆری ئەشکەنجە و سووکایەتی و بەرەو ڕووی برسێتی و نەهامەتی بۆتەوە. لێرەوە نووسینەوەی مێژووی ژن بۆ ئێمەی کورد، سەرباری هۆکارە گشتییەکان، پێویستیەکی ژیانییە و دەمانباتە سەر ڕێگە ڕاستەکەی نووسینەوەی ئەو مێژووەی بۆ پیاویش بە سۆز نووسراوەتەوە و بۆ شاردنەوەی ڕاستیەکانە، نەک ئاشکرا کردنیان.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین