روونکردنەوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی و بەڕێوەبەرایەتی ژمێرکاری وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە کوردستان- عێراق

نوچە نێت

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە (9-10-2024) بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی و بەڕێوەبەرایەتی ژمێرکاری وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان لە ڕوونكردنەوەیەكدا سەبارەت خانەنشینانی هێزەكانی (70) دەڵێت، "ژمارەیان زیاتر لە نۆ هەزار کەسە و ماوەی شەش مانگە لەوەزارەتی دارایی عێراقەوە بەهۆی نەبوونی دۆسیە لەوەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی دارایی هیچ بڕە پارەیەکیان بۆ خەرج نەکراوە، چەند بەرپرسێکی ئەو هێزانە لە لێدوانەکانیاندا وەزارەتی داراییان بەهۆکاری دواکەوتنی مووچەی ئەو خانەنشینانە تۆمەتبار کردووە، بۆ خستنەڕووی ڕاستیەکان و چەواشەنەکردنی ڕای گشتی بەپێویستمان زانی ئەم چەند خاڵەی خوارەوە بخەینەڕوو:

1- خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی حەفتا هیچ دۆسیەیەکیان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی لەوەزارەتی دارایی و ئابووری نییە. 

2- بەرپرسانی ئێستا و پێشووی هێزەکانی یەکەی حەفتا بەرپرسن لە کێشەی مووچەی ئەو خانەنشینانە و لەماوەی (10) ساڵی ڕابردوودا نەیانتوانیووە دۆسیەکانیان بگوازنەوە سەر بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی لەوەزارەتی دارایی و ئابووری.

3- بەپێی یاسا پێویستە سەرەتا دۆسیەی ئەو خانەنشینانە بچێتە بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی لە وەزارەتی پێشمەرگە، دوای وردبینی و بەدواداچوون ئەگەر دۆسیەکانیان هیچ کێشەی نەبوو ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری دەکرێت لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی، دوای تەرخانی دارایی دۆسیەکانیان دەچێتە بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشین لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی.

4- سەرەڕای فشارەکان و دووبارە بوونەوەی کێشەی مووچەی ئەو خانەنشینانە، لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا تەنها ٢٠٠ دۆسیە ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی پێشمەرگە لەوەزارەتی پێشمەرگە کراوە، دوای وردبینی دەرکەوتووە کەموکوڕیەکی زۆر لە دۆسیەکانیاندا هەیە و دەبێت بگەڕێندرێتەوە بۆ بەڕێوبەرایەتی خانەنشینی هێزەکانی یەکەی (70).

5- لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردوو تا مانگی پێشووش لەسەر بڕیار و بەرپرسیاریەتی بەڕێز وەزیری دارایی و ئابووری مووچەی مانگی تەمووزیان بۆ خەرج کرا، ئەوەش لە کاتێکدایە ئەو خانەنشینانە هیچ تەرخانکراوێکی داراییان لەوەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ نییە. 

6- بەپێی نووسراوی ژمارە (15717) کە لە ڕێکەوتی (15-8-2024) لەوەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە ئاڕاستەی وەزارەتی پێشمەرگە کراوە تیایدا داواکراوە ئەو خانەنشینانەی هێزەکانی یەکەی حەفتا بە چ فەرمانێکی هەرێمی یاخود لەسەر بنەمای چ نووسراوێکی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران خانەنشین کراون بۆمان ڕەوانە بکەن، بەڵام دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە نۆ ساڵ هێشتا وەڵامی ئەو نووسراوەیان نەداوەتەوە. 

شایەنی باسە بە پێی یاسای چاکسازی و ڕاپۆرتەکانی تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی نابێت هیچ خانەنشینێک لە دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەبێت، دووپاتی دەکەینەوە بەرپرسی کێشەی مووچەی ئەو خانەنشینانە بەرپرسانی ئێستا و پێشووی هێزەکانی یەکەی حەفتان نەک وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکانی.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین