کۆتای ژنان یان ڤیتامینی سیاسی بیروڕا

نوچە نێت

ن: ڕاز ئەسعەد

زیاتر لە سی ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر تەمەنی ژیانی پەرلەمانیی لە هەرێمی کوردستاندا، سەرباری هەموو کەموکووڕی و پێشهاتە باش و خراپەکان، هەڵبژاردن و بوونی پەرلەمان وێنەیەکی شایستە و سەردەمیانەیە، هەرچەندە ئەو تەمەنە بە بەراورد بە پەرلەمانەکانی جیهان، ماوەیەکی زۆر نییە، بەڵام بایی ئەوەیە کۆی پرۆسە و نەریت و دەرهاویشتەکانی بخرێنە بەر تیشکی لێکۆڵینەوەی ورد و بنیادنەر، تا چەندی بکرێت پرۆسەکە بەرەو پێش ببرێت، لەم ڕووەوە چەندین کەلێن و نەریت و سیستم و شێوازی کارکردن، کاتی ئەوەیەتی لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت و لە بارەی کاریگەریی و دەرهاویشتەکانیانەوە تێبینی و سەرنجی ورد بخرێنەڕوو، تا بزانرێت سوود و زیان و دەرهاویشەکانیان لە ڕابردوودا چۆن بوون و دەکرێت لە داهاتوودا چۆن بن. لێرەدا بە باشی دەزانین شیکردنەوەیەک بۆ سیستمی کۆتای ژنان لە پەرلەمانی کوردستان بخەینەڕوو.

کۆتای نیابی یان کۆتای ژنان لە پەرلەماندا چییە، مانا و چەمکی کۆتا لە کوێوە هاتووە. کۆتا (Quota) وشەیەکی ئینگلیزییە بە مانای پشک یان بەشی تەرخانکراو، لە کوردیدا بۆ بەشی تەرخانکراو لە پەرلەماندا بەکاردەهێنرێت، وەک کۆتای ژنان، یان کۆتای کەمینەکان.

سیستمی کۆتا لە ساڵی ١٩٢١ لە ئەمریکا دەرکەوت، جێی سەرنجە بۆ مەبەستێکی جیاواز لە کۆتای ژنان بوو، لەسەرەتاوە بۆ بەرەنگاربوونەوە ڕەگەزپەرستی و جیاوازی ڕەگەزی بوو، بۆ نموونە بۆ دیاریکردنی ئەو کەسانەی وەک کۆچبەر دەهاتنە ئەمریکاوە، یان بۆ پاراستنی ژمارەی ئەو ڕەشپێستانەی لە دەزگاکانی پۆلیس و ئیدارەدا دادەمەزران، پاشان وردەوردە بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی ژنان و پاراستنی هاوسەنگی جێندەری لە پەرلەمان بەکارهات، سەرەتا وەک پرۆسەیەکی کاتیی تا ڕێژەی ژنان لە ناو پەرلەمانەکاندا بەرز بکەنەوە، دواتر زۆر وڵاتی گرتەوە، نەک هەر لە پەرلەمان بەڵکو لە هەندێک لە کۆڕبەند و دەزگا و ئەنجومەنە جیهانیەکانیش پەیڕەو کرا، چونکە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان هانی بڵاوبوونەوەی سیستمەکەی دەدا.

لە دوای ساڵی ٢٠٠٥ و دانانی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق، یاسادانەر درکی بەو کەلێنە کرد و بۆ پاراستنی هاوسەنگی جێندەری ڕێژەی کۆتای ژنانی لە پەرلەمانی عێراق بە سێ بۆ یەک، واتە ٢٥% دیاریکرد، پاشان دەستوری کاتی عێراق و دواتر دەستوری دەنگ لەسەر دراو لە مادەی ١٤دا سەرباری دابەشبوونی دەسەڵاتداران لە نێوان یار و نەیاردا، جێگیری کرد. پاشانیش یاسای هەڵبژاردنەکان جەختی لەسەر کردەوە، بۆیە ئەو ڕێژەیە شۆڕبوەوە بۆ سەرکردایەتی حیزبە سیاسیەکان و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان وەک بڕگەیەک لە یاسای حیزبە سیاسیەکاندا جێگیریکرد.

پەیڕەویکردنی سیستمی کۆتای ژنان تا ئێستاش بۆچوونەکانی لە نێوان دوو بەرەدا دابەشکردووە، هەرچەندە پەیڕەوکردنی سیستمەکە لێکەوتەی باشیشی دەرکەوتووە، بۆ نموونە لە خولی ئێستای پەرلەمانی عێراقدا کۆتای ژنان دەبوو ٨٣ ئەندام سەربخات، بەڵام ٩٧ ژن توانیان سەربکەون و لەو ژمارەیە ٥٤ ژن بە بێ کۆتا و بەدەنگی خۆیان سەرکەوتنیان بەدەستهێنا. ئەوانەی دژین سەرەکیترین هۆکارییان دەستووریە، چونکە لە چەند بڕگەیەکی دەستووری عێراقدا جەخت لە یەکسانی جێندەری دەکرێتەوە، بەڵام کۆتا جیاوازییە لە نێوان هەردوو ڕەگەزەکەدا، یان دەڵێن بەهۆی کۆتاوە ژنی کەم توانا سەردەکەوێت، هەر بۆیە تا ئێستا ژن لە نێو پۆستە یەکەمینەکاندا نابینرێت، ئەم کێشەیە هەر بۆ عێراق نییە و لە زۆربەی وڵاتاندا هەر وایە.

بۆ هەڵبژاردنی ئەم جارەی هەرێم لە کۆی ١١٩١ کاندید، ٣٦٨ کاندید ژنن، کە دەکاتە ڕێژەی ٣٠%، هەرچەندە ئەم ڕێژەیە لە بڕیاردراوی سیستمی کۆتا زیاترە، بەڵام دڵخۆشکەریش نییە، چونکە ڕەگەزی مێ لە کۆمەڵگای ئێمەدا زۆرینەیە و لانیکەم پێویستە ئامادەیی ژنان لە نیوەدا بێت.

ئەگەر چاوێکی خێرا بگێڕین بە ئامادەیی ژنان لە خولەکانی پێشوودا، بەئاسانی دەردەکەوێت سیستمی کۆتا نەک هەر لە بەرژەوەندی ژنان نەبووە، بەڵکو زیانیشی لێداوە، لە هەموو خولەکاندا هێشتا نەبینراوە ئەندامێکی ژن لە پەرلەمانی کوردستان، ڕۆڵ یان بەرەنگارییەکی هەبووبێت بۆ مافی ژنان، تەنیا ئەو بابەتانە بووە کە حیزبە پیاوسالارییەکان نەخشەیان بۆ کێشاوە، هیچ ژنە پەرلەمانتارێک بۆ یەک جاریش نەیتوانیوە لە بەرامبەر حیزبەکەی خۆیدا وەک ژنێک کارەکانی بکات، نەک ئەندامی حیزب، هۆکاری سەرەکی ئەمەش دەرچوونی ئەو ژنە حیزبیانەیە کە بە عەقڵی پیاوانە کاردەکەن، نەک عەقڵی ژنانە، تەنانەت لەم کاتی بانگەشەیەدا ژنە کاندید هەیە بە ئاشکرا هاوار دەکات و دەڵێت بچمە پەرلەمان وەک پیاو ڕەفتار دەکەم، وەک ئەوەی ژنێتی شەرم بێت بۆ خانمێک!

لەم وڵاتە سیستم حیزبیەدا، حیزبە سیاسیەکان قورخی ئەندام پەرلەمانە ژنەکانیان کردووە، تا ئەو کادرانە سەربکەون کە وەک پیاو بیردەکەنەوە، ئەو خانمانەیان مەبەستە کە هەرگیز بۆچوونی کەسی خۆیان نییە و بە عەقڵی حیزبەکانیان بیردەکەنەوە و بە دەگمەن نەبێت کادرێکی داکۆکیکار لە مافەکانی ژنان ناگاتە پەرلەمان، هەموو کەسیش دەزانێت کۆی ئەحزابی ئەم وڵاتە پیاوسالارییە و تا ئێستا هیچ کادرێکی ژنیان نەبووە شەڕ لەسەر مافی ژن لە ناو حیزبەکەی خۆیدا بکات، چ جای ئەوەی بەرەنگاری کۆمەڵگا ببێتەوە، بەم هۆیەشەوە ڕێ لە ژنانی بە توانا دەگیرێت بگەنە سەر کورسی پەرلەمان. بۆیە بە پێی ئەنجامەکانی خولەکانی پێشوو بێت و بەم شێوازەی ئێستا و بەم میکانیزمی سیستمی کۆتایە، هیچ شتێکی نوێ ڕوونادات و سیستمەکە بەو بارودۆخ و بیرکردنەوەی حیزبییە پیاوسالارییە، هەرگیز ناتوانێت ژن بەرێتە قۆناغێکی نوێوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین