سوودانی کوژرانی والی داعشی لە سنووری هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت

سەرۆک وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان کوژرانی والی داعش و ژمارەیەک لە بەرپرسە باڵاکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشی لە زنجیرە چیاکانی حەمرین لە سنووری هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ سێشەممە (22/تشرینی یەکەم/2024) ماڵپەڕی (شەفەق نیوز) بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، "پیرۆزبایی لە گەلی عێراق دەکەم بەبۆنەی کوشتنی واڵی داعش لە عێراق و هەشت بەرپرسی باڵای داعش لە ئۆپراسیۆنێکی قارەمانانە لەلایەن دەزگای دژە تیرۆر و ئاسایشی نیشتمانی کە بە سەرپەرشتی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان ئەنجامدراوە، حەشارگەی تیرۆریستانیان کردووەتە ئامانج."

سوودانی دەشڵێت، "ستایشی هێزە ئەمنییەکان دەکەم، لە عێراقدا جێگای تیرۆریستان نییە. لەناویان دەبەین، خاکی عێراق پاک دەکەینەوە".

هەروەها فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان ڕایگەیاند "ئۆپراسیۆنەکە بە پاڵپشتی یارمەتی تەکنیکی و زانیاری ورد لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانی جیهانییەوە ئەنجامدراوە، نۆ تیرۆریست کوژراون کە لەنێویاندا فەرمانڕەوای داعش هەبووە، ناو و وردەکارییەکانیان پاش شیکردنەوەی دی ئێن ئەی ڕادەگەیەنرێت."

فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان دەشڵێت، "بڕێکی زۆر چەک، تەقەمەنی و کەلوپەل لە هەشت حەشارگەدا دەستی بەسەردا گیراوە. هێزەکان بە تەواوی حەشارگەکانیان وێرانیان کردووە، لەگەڵ کارگەیەکی گەورەی تەقەمەنی و دروستکردنی بۆمب، ئۆپراسیۆنەکە بەردەوامە."

جێگای ئاماژە پێدانە لە (2024)، هێزە عێراقییەکان ئۆپراسیۆنەکانیان لە دژی تیرۆریستانی داعش چڕتر کردووەتەوە، لە ئەنجامدا دەیان کەس دەستگیرکران و کوژراون کە بەرپرسە باڵاکانیشی گرتووەتەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین